قۆناغی دووەمی هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانى عێراق دەستپێدەکات و زیاتر لە 500 هەزار مووچەخۆر دەگرێتەوە، لەم هەفتەیەدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان بۆ هاوتاکردنەکە رادەسپێردرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی تەکنیکی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە لە بەغدا، گفتوگۆى لەبارەی هاوتاکردنی ناونیشانی وەزیفی و پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق کراوە.
هاوتاکردنەکە گۆڕانکاری لە مووچەى نزیکەی 550 هەزار فەرمانبەران دروستدەکات. بەجۆرێک شەش پلەى وەزیفى گۆڕانکاریی لە مووچەکەیاندا دەکرێت، ئەوانەی پلەیان بەرزە، پلە یەک و دوو و سێ، مووچەیان کەمدەبێتەوە کە زیاتر بەرێوەبەرە گشتییەکان، بریکاری وەزارەتەکان، پلە تایبەت و شارەزا و پسپۆران دەگرێتەوە، ئەوانەشی پلەیان نزمە وەکو پلە هەشت و نۆ و دە، مووچەیان زیاد دەکات و پلەکانی دیکەش گۆڕانکاری لە مووچەیان دەکرێت.
بە گوێرەى یاسای ژمارە 19ـی ساڵی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق داوای یەکخستنی پلەی وەزیفی کردوو، سەرەتا پلەکان رێکدەخرێن و دواتر دەست بە پلەبەرزکردنەوە دەکرێت کە لە ساڵی 2016ـەوە واتە ماوەی 9 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانى لە هەرێمى کوردستان راگیراوە، بەهۆیەوە هەر فەرمانبەرێك دوو تاوەکو سێ پلەی فەوتاوە و مانگانە زیاتر لە 100 بۆ 150 هەزار دینار كەمتر لە شایستەی خۆی وەردەگرێت.