پرۆفیسۆر، د. مهاباد کامیل بۆ کوردستانی نوێ :

زانكۆكان دەسەڵاتی سەربەخۆیی دارایی و بودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە

10:51 - 2025-02-16
دیدار
148 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ جەواد حەیدەری


وەزارەتی خوێندنی باڵا توانیویەتی ئەركی زانستیی و كارگێڕیی خۆی زۆرباش جێبەجێ بكات، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە بە تازەترین تەكنیك لە خزمەت خوێندكاراندا بێت

پ.د. مهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی پێشووی زانكۆی هەڵەبجە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، بیروبۆچوونی خۆی سەبارەت بە خوێندنی باڵا لە کوردستان دەربڕی و وتی: بە رای من ئەزموونی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ئەزمونێكی سەركەوتووە، چونكە ئێستا هەمووان عەوداڵی بڕوانامەی بەرزن بەپێی پرنسیپە نێودەوڵەتییەكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا-ش توانیویەتی ئەركی زانستیی و كارگێڕیی خۆی زۆرباش جێبەجێ بكات، بگرە لە گەلێك لە وەزارەتەكانی تری هاوتای خۆی لە ناوچەكەدا سەركەوتووترە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە بە تازەترین تەكنیك لە خزمەت خوێندكاراندا بێت، دەست و پەنجە لەگەڵ پرۆگرامە نێودەوڵەتییەكان بەگونجاوترین شێوە نەرم بكات و چەندین رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ دەرەوەی خۆی ئیمزا بکات.
سەبارەت بە لایەنە گەشەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. مهاباد كامیل دەڵێت: لایەنە گەشەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بریتین لە گرنگیدان بە لایەنی زانستیی و كارگێڕیی زانكۆكان و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی باشترین خزمەت بە خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران، هەوڵدان بۆ كێبڕكێكردنی زانستیی زانكۆكان بە مەبەستی بەدەستهێنانی بەرزترین لە رانكینە جیهانییەكاندا، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە زانكۆكان بەتایبەتی زانكۆ گەورەكان لە چەندین رانكیندا لەسەر ئاستی عیراق و ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە ریزی پێشەوە بن، بێگومان لە نێویشیاندا زانكۆی هەڵەبجەیە، سەرەڕای قەیرانی دارایی توانیویەتی دەستكەوتی گەورە بەدەستبهێنێت، ئێستا خاوەن شكۆی زانستی خۆیەتی و دانیپێدانراوە لە عیراق و نێودەوڵەتیشدا لەسەر نەخشەی زانستیی پێگەی خۆی هەیە، ئەم هەوڵە زانستییانەش لە دوای 2019 ەوە هەنگاوی بۆ نراوە و توانیمان ئەم زانكۆیە لە چەپەكیی دەربهێنین و چەندین كونسوڵ و رێكخراوی نێودەوڵەتی هاتنە زانكۆ و چەندین رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیمان ئیمزا كرد و زانكۆ بەجیهانیی كرا و بەسترایەوە بە كۆمەڵگەوە و چەندین خول بۆ كاسبكاران و ئەفسەران و چینە جۆربەجۆرەكان كرایەوە، بەهیواین ئەو پرۆسەیە بەردەوام بەرەوپێشەوە بڕوات.
د.مهاباد دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گرفتی چارەسەرنەكراو هەیە ئەوەش ئەوەیە تا ئێستا زانكۆكان دەسەڵاتی سەربەخۆیی داراییان نییە و بودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، كە بتوانن پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاریی گشتیی رابگەیەنن، ئەمەش تاڕادەیەك پەیوەندیی بە بارودۆخی گشتی هەرێم و قەیرانی داراییەوە هەیە، كە سەرجەم سێكتەرەكان پێوەی دەناڵێنن، زانكۆی هەڵەبجەش بۆ ئێستا و داهاتوو ئەركی ئاسان نییە، چونكە هەڵەبجە خۆی ناوچەیەكی بێناز و كەم خزمەتكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانكۆی هەڵەبجە هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە و پێویستە بەردەوام بێت، چونكە هێشتا لە قۆناغی خۆدروستكردندایە، ئەمەش تەنها بە زانكۆ ناكرێت، بەڵكو پێویستە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هاوكاربن بۆ هەنگاونانی زیاتر و بەتایبەتی تەواوكردنی بینا تەواونەكراوەكان، پێویستیشە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پڕۆژەی زیاتر بهێننە زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆ خۆی رۆڵی سەرەكیی هەبێت لە كۆمەڵگەدا بۆ رەواندنەوەی مەینەتییەكانی رابردوویان.
 دواجار د. مهاباد وتی: بەداخەوە تا ئێستا شارەكە وەك پێویست سیمای شاری پێوە دیار نییە. هەمووان لە هەوڵی كۆچكردندان بۆ دەرەوەی شارەكە، خوێندكارانیش هەرچەندە ژینگەی زانكۆیان خۆش بێت، بەڵام دەیانەوێت شارەكە سیمای شاری پێوە دیار بێت، گەنجانی شارەكە بێكارن و بۆ ئەوەی بژین هەمیشە هەوڵدەدەن بچنە شارە گەورەكان، یاخود هەندەران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان