دانا ره‌ئووف
پیته‌ر بروك له ته‌مه‌نی 97 ساڵیدا له پاریس كۆچی دوایی كرد.
بروك به ده‌رهێنه‌ره بلیمه‌ت و ئه‌فسوونبازه‌كه‌ی شانۆ ناوزه‌د ده‌كرا، ئه‌م ده‌رهێنه‌ره هه‌ر له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵییه‌وه دێته نێو دنیای شانۆوه و یه‌كه‌م كاری خۆی بۆ شانۆ ده‌رده‌هێنێت. گه‌ر ئاوڕێكی خێرا له ره‌وتی كاره شانۆییه‌كان و دیده هونه‌ری و ئێستاتیكییه‌كه‌ی بده‌ینه‌وه، هه‌ر زوو ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه بروك هه‌ر له سه‌ره‌تای چالاكییه هونه‌ری و شانۆییه‌كه‌یدا، له نێو داب و نه‌ریته به‌هێز و نه‌گۆڕه‌كه‌ی شانۆی ئینگلیزی‌دا، نوێكردنه‌وه و تازه‌گه‌ری له به‌رهه‌مه‌كانیدا چه‌كه‌ره‌یان كردبوو. شانۆی شاهانه‌ی له‌نده‌نی به‌ره‌و رێچكه‌یه‌كی تر برد و جۆره داب و نه‌ریتێكی جیاوازتری به شانۆی ئینگلیزی به‌خشی، كه هه‌ر زوو كاریگه‌رییه‌كانی له ره‌وتی شانۆی جیهانیدا ره‌نگی دایه‌وه.
بروك گه‌ڕیده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بووه
پیته‌ر بروك تا دوا ساته‌كانی ژیانی و هه‌وڵه شانۆییه‌كانی، پابه‌ند ده‌بێت به شه‌كسپیره‌وه؛ شه‌كسپیر هه‌میشه روانگه‌ی بینینی كاره‌كانی ده‌بێت و هه‌موو رێگاكان بۆ ئه‌و هه‌ر ده‌چوونه‌وه سه‌ر شه‌كسپیر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌توانین بڵێن، بروك گه‌ڕیده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بووه و له گه‌ڕان و گۆڕانكارییه‌كی به‌رده‌وامدا بووه. بۆ نموونه له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا له‌نده‌ن و شانۆی شاهانه‌ی شه‌كسپیر بۆ پاریس به‌جێده‌هێڵێت و له‌وێ مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه و نه‌مایشه شانۆییه‌كانیان داده‌مه‌زرێنێت و شانۆی (بوف دی نورد) ده‌كات به ماڵی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده گرنگه‌ی شانۆ. بروك له‌م شوێنه و له‌م شانۆیه‌دا ناسره‌وێت و وه‌ك عه‌لادین به‌سه‌ر فه‌رشه ئه‌فسووناوییه‌كیدا له رۆژئاواوه ده‌فڕێ بۆ رۆژهه‌ڵات، له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ئه‌فریقا و له ئه‌فریقاوه بۆ ئه‌مریكا و ئاسیای ناوه‌ڕاست و دوور. له هه‌موو ئه‌م گه‌شتانه‌شیدا سوود له داب و نه‌ریته میللی و دیده جیاوازه هونه‌رییه‌كانی ئه‌م كیشوره جیاوازانه‌ی دنیا وه‌رده‌گرێت و له دید و بۆچوون و ئێستاتیكا تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدا ده‌یانچێنێت. بروك له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م گه‌شتانه و پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كانیدا، شه‌كسپیر هه‌میشه ئه‌و ده‌روازه‌یه ده‌بێت، كه لێوه‌ی ده‌چووه نێو خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانییه‌وه بۆ گه‌ردوونه شانۆییه‌كه‌ی.
دانا ره‌ئووف و پیته‌ر بروك
زۆرجار ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی دنیا، خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه، یاخود به مانایه‌كی تر له دیدی تیۆرێكی شانۆییه‌وه كار ده‌كه‌ن و شان ده‌ده‌نه به‌ر جۆره ئێستاتیكایه‌كی هونه‌ری و هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه هه‌وڵی خوێندنه‌وه و به‌رجه‌سته‌كردنی دیده شانۆییه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، نموونه‌مان زۆره، ستانیسلاڤسكی، برێشت، ئارتۆ، گرۆتۆڤسكی... هتد بوونه‌ته بنه‌ما بۆ هه‌ندێك له‌و ده‌رهێنه‌رانه. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردنه، زه‌حمه‌ته بروك بخرێته هیچ خانه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه، بروك زیره‌كانه توانیویه‌تی سوود له هه‌موو تیۆره شانۆییه‌كان وه‌ربگرێت و شتێكی جیاواز و تایبه‌ت به خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌یر نییه، كه به درێژایی چه‌ندان ساڵ، توانیبووی بینه‌رێكی زۆر له هه‌موو جیهانه‌وه بۆ شانۆكه‌ی خۆی له پاریس ڕابكێشێت. نه‌مایشی (كێ له‌وێیه؟) كه له دیالۆگێكی سه‌ره‌تای شانۆنامه‌ی (هاملێت)ه‌وه ئاماده‌ی كردوه، به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگی بروكه، كه له‌وێدا تیۆره شانۆییه‌كانی، یان ئێستاتیكای ستانیسلاڤسكی، برێشت، مایرهۆڵد و ئارتۆی به‌كارهێناوه، وه‌ك ئه‌زموونێكی تاقیگه‌ئاسا بۆ به‌رجه‌سته‌كردن و پراكتیزه كردنی ئه‌و دیده جیاوازه تیۆرییانه‌ی شانۆ.
كاتێك بروك په‌نا ده‌باته به‌ر روانینی شه‌كسپیر یا دیوه ئێستاتیكییه‌كانی ستانیسلاڤسكی و ئارتۆ و برێشت و گرۆتسكی و ئه‌وانی تر له به‌رهه‌مه‌كانیدا به‌رجه‌سته ده‌كات، بۆ ئه‌وه نییه روانین و ئێستاتێكان كۆپی بكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه كار له‌سه‌ر جیاوازبوونی خۆی بكات. كرۆكی داهێنانه‌كه‌ی بروك له‌مه دایه. ئه‌و رێگایه‌كی جیاوازتر له پێشوو بۆ ئێستاتێكا به‌كار دێنێت. ئه‌مه‌شی به پانابردنه به‌ر شوێنی جیاواز بۆ نه‌مایشكرد و كه‌لتووری جیاواز له كه‌لتوری ئه‌و شانۆنامانه‌ی كاری له‌سه‌ر كردوون جێبه‌جێ ده‌كات. دروستكردنی زمانێكی شانۆیی سه‌رتاسه‌ریش زاده‌ی ئه‌م ته‌قه‌لا و هه‌وڵدانه‌یه‌تی.
لێره‌دا، به‌رهه‌مه‌كانی بروك ده‌بێته وانه‌یه‌ك بۆ هه‌ر ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی، كاتێك ئه‌و ده‌رهێنه‌ره كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانی پێشووتر یا نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری تر ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان دووباره نه‌كاته‌وه و كار له‌سه‌ر تازه‌گه‌ری بكات.
بروك بۆ نه‌مایشه شانۆییه‌كانی و بۆ هه‌وڵه ئه‌زموونگه‌ری و لێكۆڵینه‌وه پراكتیكی و كرده‌ییه‌كانی ئه‌كته‌ری ئه‌وروپی، ئه‌فریقی، ئاسییایی و نه‌ژادی جیاوازی به‌كارهێناوه و بنه‌مایه‌كی بۆ ئه‌كته‌ری فره كه‌لتوری دامه‌زراندووه، به‌مه‌یش هه‌وڵی داوه به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی، شووناس و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ئه‌كته‌رانه ببه‌زێتنێت و زمانێكی هاوبه‌ش له نێوانیاندا بخوڵقێنێت. بروك بڕوای به هیچ سنوورێك نه‌بووه و خه‌ونی به شانۆیه‌كی گه‌ردوونییه‌وه ده‌بینی؛ شانۆیه‌ك ئه‌كته‌ر و بینه‌ره‌كانی به هه‌مان زمان قسه بكه‌ن.
بروك به گه‌نجی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری (گێورگ ئیڤانۆڤیچ گیوردیڤ)ه‌وه، كه زانایه‌كی پڕ له راز و نیازی روسی بووه، بروك ئه‌م زانایه به باوكی رۆحی خۆی داده‌نێت، ئه‌م كاریگه‌رییه تا دوا رۆژه‌كانی بروك به‌رده‌وام ده‌بێت، بێگومان له دیده شانۆییه‌كشیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. شانۆ ده‌توانێت رۆحه برینداره‌كانمان سارێژ بكات؛ دواتر ئه‌م دیده رێچكه‌یه‌كی مرۆڤناسی فراوان له خۆ ده‌گرێت، له‌م رێگایه‌شه‌وه توانی بینه‌رێكی گه‌نج و رادیكاڵ له خۆی كۆبكاته‌وه.
بروك هه‌ر له سه‌ره‌تای كاره‌كانییه‌وه، وه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگ به‌ره‌و گۆڕانكاری و شكاندنی سنووره‌كان پشت ده‌كاته خانووبه‌ره ته‌قلیدییه‌كانی شانۆ و هۆڵه گه‌وره‌كان و شانۆ فه‌رمییه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێت، له‌بری ئه‌وه هه‌موو شوێنێك بۆ ئه‌و: هۆڵی قوتابخانه‌یه‌ك، شوێنێكی روخاوی به‌جێهێڵراو، كارگه‌یه‌ك، پانتایی باخچه‌یه‌كی گه‌وره و ئه‌شكه‌وتێك ده‌بێته ئه‌و پانتاییه بۆشه‌ی، كه ئه‌و هه‌ر له شه‌سته‌كانه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد.
مه‌هاباهاراتا بینه‌رانی له هه‌موو دنیاوه سه‌رسام كردوه
بروك له ژیانی هونه‌ری خۆیدا، گه‌لێك فره به‌رهه‌م بووه، چه‌ندین فۆرم و ستایلی ئێستاتیكی تاقیكردۆته‌وه، له بواره‌كانی شانۆ و ئۆپێرا و سینه‌مادا كاری كردووه، زۆرجار گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر شه‌كسپیر و به خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانی دنیای شه‌كسپیری به جۆرێكی تر به بینه‌ران ناساندووه. له حه‌فتاكاندا به شانۆنامه‌ی (خه‌ونی نیوه‌شه‌وێكی هاوین) ته‌واو دنیای شه‌كسپیر هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه و ئه‌و نه‌مایشه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی ئه‌و شۆڕش و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی له دنیای شه‌كسپیردا ده‌یكات. هاملێتیش ده‌بێته یه‌كێك له‌و وێستگانه‌ی، كه زۆرجار به قووڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ری و كاری تیاكردووه.
(مه‌هاباهاراتا) یه‌كێكی تره له‌و نه‌مایشانه‌ی بینه‌رانی له هه‌موو دنیاوه سه‌رسام كردوه، (كۆنفرانسی باڵنده‌كان) و (مارا/ساد) ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌و كاروانه دوورودرێژه. بروك به نه‌مایشی (مارا/ساد) كه له ساڵی 1964دا له له‌نده‌ن، پاریس و ئه‌مریكا نه‌مایشی ده‌كات، هه‌نگاوێكی گه‌وره به‌ره‌و ئه‌ڤانگارددا ده‌نێت؛ له‌م نه‌مایشه‌دا برێشت و ئارتۆ، دیاله‌كتیك و شانۆی توندوتیژ تێكه‌ڵاو ده‌كات و هه‌موو سنوور و بنه‌ماكانی شانۆ تێده‌په‌ڕێنێت.
ساڵی 2000 بۆ یه‌كه‌مجار له نه‌مسا و دواتریش له پاریس، له دوو نه‌مایشی جیاوازدا (هاملێت)م بینی، له ساڵی 2014یشدا له پاریش بۆ ماوه‌ی یه‌ك رۆژ میوانی خۆی بووم. له ساڵی 2000 یشه‌وه به‌رده‌وام هه‌موو نه‌مایش و پڕۆژه‌كانیم له سه‌ر شانۆكه‌ی خۆی، شانۆی (بوڤ دی نورد) بینیوه.