بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دامەزراوەی ڤیم بەشداریکرد لە رێورەسمی ماڵئاوایی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کە بەهۆی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکەی لە عیراق رێکخرابوو.
لە رێورەسمەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئامادەبوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ رۆڵی گرنگی باڵیۆزی بەریتانیا کە لە ماوەی کارکردنی لە عیراق و هەرێمی کوردستان، هاریکار و پشتیوان بوو لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لە وڵاتدا.
سەرۆک بافڵ هیوای سەرکەوتنی بۆ ستیڤن هیچن لە ئەرکی داهاتوویدا خواست و داوایکرد وەک هەمیشە پشتگیری لە مافەکانی گەلی کورد و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و بەریتانیا بکات لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.