کورد لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوە چی دەڵێت؟

12:17 - 2025-02-23
دووتوێ
103 جار خوێندراوەتەوە

 

کورد وەک بەشێک لە نەتەوە جیاجیاکانی ناو ئەڵمانیا چ ئەوانەی رەگەزنامەیان وەرگرتووە و چ ئەوانەش کە وەک پەنابەر لەو وڵاتەدا دەژین، ئەو هەڵبژاردنە وەک چارەنووسساز دەبینن وەک «کەیوان چۆمانی»  میدیاکار و شارەزا لە بواری پەنابەراندا  بۆ ئەم دۆسێ تایبەتەی کوردستانی نوێ دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە بۆ داهاتووی سیاسیی ئەم وڵاتە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان ئامادەکاری تەواوی بۆ بکەن و بەگوڕ و تینێکی زۆرەوە بەشداریی کارا بکەن و بەیەکەوە بچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆئەوەی پارتە لیبراڵ و سۆشیالیست و چەپەکان سەربخەین، بەتایبەتیش ئێستا برەوی پارتی راستڕە و AFD  پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا زیادیکردووە و بەپێی دوایین راپرسییەکان دەنگەکانیان زۆر بەرزدەبێتەوە، لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 60 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، هەر دەنگدەرێک دوو دەنگی هەیە، یەکەم بۆ کاندیدی ناوچەکە و دووەم بۆ لیستی پارتەکان، دەنگی دووەم گرنگترە، چونکە ژمارەی کورسییەکانی هەر پارتێک دیاری دەکات، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 733ەوە دەبێتە 630، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە پەرلەمان کاراتر بێت، هەروەها کورسیی زیادە و هاوسەنگ کەرەوە نەمێنن.

گرنگە کوردەکان دەنگ بدەن
سەبارەت بە بایەخی ئەو پرۆسەیەش بۆ رەوەندی کورد و بیانییەکان، کەیوان وتی: پارت و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەڵمانیا داوا لە هەموو هاووڵاتیانی کورد دەکەن کە بەشداریی چالاکانە لەم هەڵبژاردنەدا بکەن، دەنگدان مافێکی گرنگە بۆ بەشداریکردن لە داڕشتنی داهاتووی سیاسیی کۆماری فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی نیشتەجێ لە ئەڵمانیا ئەو مافەیان هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە رەگەزپەرستی و دژایەتیی نەتەوەکان و بەرەگەز بیانی زیادیکردووە، زۆر گرنگە کە کوردەکان دەنگ بۆ ئەو پارتانە بدەن کە پشتگیریی مافەکانیان دەکەن و داکۆکی لە کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن دەکەن.

مەترسیی کۆمەڵگا لە راستڕەوەکان
هەروەها «تاهیر رەحیم «چالاکوانی بواری رێکخراوەکان پێیوایە کە ترس لەم هەڵبژاردنە  ئەوەیە راستڕەوەکان کە حزبی ئەڵتەرناتیڤ AFD نوێنەرایەتی دەکات، دەنگی زیاتر بهێنێت، چونکە سەرکەوتنی ترامپ وەکو راستڕەوێک و ئیلون ماسک وەکو گەورەترین سەرمایەدار کە ئەمیش  پاڵپشتی راستڕەوەکانە لە جیهاندا، دەبنە هەوێنی راسیستەکان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن، سەرکەوتنی راستڕەوەکان واتا پشێوی کۆمەڵایەتی و ئابووری، چونکە ئەم حزبە دژی هاتنی پەنابەرانە کە دەبێتە هۆی توندوتیژی و رق و کینەی زیاتر بەرامبەر نەتەوەکان و ئایینەکانی تر.

بەبێ بێگانە ئەڵمانیا پەکی دەکەوێت
تاهیر هەروەها دەڵێت دەرکردنی بێگانەکان دەبێتە هۆی پەکخستنی زۆربەی کایەکانی ژیان، چونکە بەبێ ئەوانە نەخۆشخانەکان، خانەی پیران و دایەنگەکان و شۆفێری لۆری و پاس و ریستۆڕانتەکان ناڕوات بەڕێوە، چونکە زۆربەی ئەمانە پەنابەران کاری تێدا دەکەن، جگەلەمەش  زیاتر لە 13 ملیۆن  بێگانە لە ئەڵمانیادا دەژین، کە دەکاتە  15 ٪ ی کۆی دانیشتوانەکەی، بەشێکی زۆری ئەمانە مافی دانگدانیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێت،  تاهیر رەخنەش لەوانە دەگرێت کە رەگەزنامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە و ئیدی گوایە خەمیان نەماوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن، بەڕای ئەو ئەوە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی کە زیان بە خودی پەنابەران خۆیان دەگەیەنێت، ئەم پەنابەرانە ئەگەر لە وڵاتی خۆیاندا بەشداری نەکەن، تا رادەیەک ئاساییە، چونکە دەڵێن، ساختەکاریی تێدا دەکرێت، بەڵام بەشدارینەکردن لەوەی ئەڵمانیادا نیشانەی ناهۆشیاری و هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خۆیان و نەوەکانیان، تەنانەت حزبەکەی مێرکل  CDU و حزبی سۆشیال دیموکرات SPD  کە بە حزب گەلی پەنابەران ناسراون، لە ترسی راستڕەوەکان بۆئەوەی دەنگ نەهێنن، ئەوانیش داوای یاسای توندتر دەکەن بەرامبەر پەنابەران.

کورد خەمساردە لە چوونە ناو ئەو دەزگایانە
«رەشید زەرواری» چالاکوان و پەنابەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵانێکی زۆرە لەو وڵاتە دەژی، دەڵێت: خەباتی رزگاریخوازیی کورد خەباتێکی فرە رەهەندە، یەک لەو رەهەندانەش خەباتی سیاسییە، خودی خەباتی سیاسیش بۆ خۆی کۆمەڵێک رەهەندی بەرین و بەربڵاوی هەیە کە لۆبیگەری بەهێز و شوێندانەر لە دەرەوەی وڵات یەک لەوانە، زەرواری لەسەر بایەخی تێکەڵاوبوونی کورد لە دەزگا یاسایی و رەسمییەکاندا دەڵێت: رەوانەکردنی تاکی بەرپرسیار و نیشتمانیی بۆ نێو ناوەندەکانی بڕیاردان و سیاسەت لە وڵاتانی زلهێز و کارتێکەرییان لە رای گشتی دەوڵەتان  بۆ کورد بایەخی خۆی هەیە و یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی لۆبیگەریی، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی لەو شێوەیەش کە بتوانی خزمەتی دۆزی رەوای کورد بکات دەتوانێت رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت، هەر بۆنموونە لە ئەڵمانیا نزیکەی دوو ملیۆن کورد دەژی و هیچ رێگرییەک نییە بۆ چوونە ناو پەرلەمان، ئەگەر کوردانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە رێکخراو بوونایە، دەیانتوانی لانیکەم 15 تا 18 پەرلەمانتاریان هەبێت، لانیکەم لە چەند ساڵی رابردوودا لە ئاستی کوردستانی گەورەدا زۆر کارەسات و هێرش و داگیرکاری روویانداوە کە خۆ بەخاوەنکردن لەو رووداوانە جگە لەوەی ئەرکی سەر شانی ئەو بەڕێزانە بوو لە هەمانکاتیشدا دەرفەتی زێڕین بوون بۆ زیاتر ناسین و بەخشینی متمانە پێیان و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، لەو رووەوە فارس و تورک و عەرەب  سەرکەوتووبوون چونکە لۆبی بەهێزیان هەیە بۆیە زەرواری پێیوایە کە ئەگەر ئێمە نەتوانین پەرلەمانتاریشمان هەبێت، ئەوا گرنگە دەنگ بەو کاندیدە دۆستانەمان بدەین کە لەناو پارتە ئەڵمانییەکاندا درێژە بە خەبات دەدەن و دەتوانن هاریکاریمان بکەن.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان