سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی مامۆستا "عەلی حەوێز"ەوە

09:29 - 2025-02-23
کوردستان
967 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێزان، هەڤاڵان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوڕێ و هاوخەباتان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دێریینەکان و وەزیره بەڕێزەکان، ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی حکومەت و قائیمقامیەتی کۆیە و ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و ئاسایشی کۆیە و پۆلیسی کۆیە و پۆلیسی هاتوچۆی کۆیە، خوێندکارانی ناوەندی زانکۆ و پەیمانگاکان، دۆستان و میوانانی قەدرگرانی ئامادەبووی چلەی ماتەمینی مامۆستا عەلی حەوێز...

لێرەوه بەناوی بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ئێوەی سەربەرز هەیە، کە ئەرکتان کێشا و بەشداریتان کرد لە مەراسیمی چلەی باوکی ئازیزمان.
بەشداریکردنی ئێوە بەو رێژەیە و پەرۆشیتان بۆ لەدەستدانی مامۆستا عەلی حەوێز، خەمی سەرشانی ئێمەی کەمکردەوە لەو
کۆستە گەورەیەدا.

سوپاس و رێزی زۆرمان بۆ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پەیامەکەی بۆ چلەی مامۆستا "عەلی حەوێز" کە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە چلەکەی مامۆستا وتارەکەی پێشکەشکرد. لێرەشەوە سوپاسی وتە بەنرخ و بە پێزەکانی هەریەکە لە بەڕێزان محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیموکراتی کوردستان و تێکۆشەری دێرین د.ئەرسەلان بایز دەکەین کە باسی خەبات و تێکۆشان و هەڵوێستەکانی شاخ و شاری مامۆستا "عەلی حەوێز"یان کرد
رێزی زۆرمان بۆ نووسەر و تێکۆشەر رەهبەری سەید برایم بۆ پەخشانە شیعرە جوانەکەی لەسەر مامۆستا عەلی حەوێز و سوپاس بۆ شاعیری گەورە هەڵۆی شێرکۆ بێکەس بۆ پەخشانە شیعرە بەپێزەکەی و سوپاسی زۆرمان بۆ دەنگی شۆڕش و پێشمەرگە هونەرمەندی گەورە ناسری رەزازیی کە  بەدەنگە زوڵاڵەکەی چەند مەقامێکی پێشکەشکرد.

مەڵبەندی کۆیە، مەڵبەندەکەی مام جەلال و شەهید د.خالید و شەهید جەعفەر و کاکی کاکان و مامۆستا عەلی حەوێز...

سوپاس و پێزانینی زۆر و بێ پایانمان بۆ هەڤاڵ تەحسین نامیق، لێپرسراوی مەڵبەندی ١٤ی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ وتارە پڕ بایەخەکەی و جێگران و کارگێران و ئەندامانی مەڵبەند و کۆمیتەکانی کۆیە، کە هەر لە رۆژی کۆچی دوایی و دانانی پرسە له کۆیە و لە مەراسیمی چلەی مامۆستا عەلی حەوێز، بەوپەڕی لەخۆبووردەیی و دڵسۆزییەوه لەگەڵ ئێمەدا هاوخەم بوون و خاوەنی مامۆستا عەلی بوون، ئەمەکدارییان بۆ خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی  مامۆستا "عەلی حەوێز" دووپاتکردەوە.

زانکۆی کۆیە ، گۆڵەباخەکەی شاری حاجی قادر...

سوپاس و پێزانیمان بۆ د.محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و کارمەندانی زانکۆی کۆیه.
پێشوازیکردنتان لە ئێمە بەو سینگ فراوانییەوە وەک بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز بۆ دابینکردنی هۆڵ و پێداویستیەکانی مەراسیمی چلەکەی، گەورەیتان نواند بۆ بەرێووەچوونی مەراسیمێکی لەو شێوەیە کە شایستەی ناوی مامۆستا عەلی حەوێز بوو...

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان...

جارێکی دیکە دووپاتی دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ تەواوی ئامادەبووانی مەراسیمی چلەی مامۆستا عەلی حەوێز دەکەینەوە و ئەو بەڕێز و لایەنانەشی کە بە بروسکەی ماتەمینی بەشداربوون، پەرۆشی و بەشداریتان لە چلەکەی، ئەوەی لە بیری ئێمه چەسپاندەوە کە بەردەوام بین لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزەی مامۆستا عەلی حەوێز کە ئێمەی لەسەر پەروەردە کردبوو، ئەویش کوردایەتی و کۆڵنەدان بووە له ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لەگەڵ ئەو پەڕی رێزدا

بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان