ئا: ئارۆ سەنگەر
پێشبڕكێكانی ئۆتۆمبێل لەسەرو هەمووشیانەوە فۆرمۆلا وەن ناوبانگێكی گەورەیان هەیە، هەرچەندە زۆر كات پشت بە خێرایی ئۆتۆمبێل و لێهاتوویی شۆفێرەكەیان دەبەستێت، بەڵام ئەو پێشبڕكێیانەش هاوشێوەی تەواوی وەرزشەكانی تر خاوەنی یاسا و رێسای تایبەت بەخۆیەتی.
فۆرمۆلا وەن لەماوەی ساڵانی رابردوو گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە و هاندەرانی زۆر زیادی كردوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە چەندین وڵات داوای رێكخستنی قۆناغێكی پاڵەوانێتی جیهان بكەن بەتایبەت كە سەدان هەزار كەس ئامادەی ركابەریەكانی دەبن، بۆیە ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی قۆناغەكانی پاڵەوانێتی جیهان زیاد دەكەن.
فۆرمۆلا وەن جیاواز لە وەرزشەكانی تر بەهۆی خێرایی و دەنگی بەرزی ئۆتۆمبێلەكان و سەرنجی تەواوی شۆفێران لەسەر گۆڕەپانەكە قورسە بتوانرێت لەكاتی هەبوونی هەر گۆڕانكارییەك ئاگار بكرێنەوە.
بەهۆی ئەمەش لەم وەرزشە پشت بە ئاڵای رەنگاو رەنگ دەبەسترێت بۆ ئەوەی شۆفێران ئاگادار بكرێنەوەو ئاڵای تایبەت دروست كراوە كە هەر رەنگەو مانایەكی تایبەت بەخۆی هەیە و سەرجەم شۆفێرانیش بەباشی لە كاتی بەرزكردنەوەی هەر رەنگێك دەزانن مانای چی دەگەیەنێت و پابەندی بڕیاری ئەو ئاڵایە دەبن.
ئاڵای سەوز لە هەموویان ئاسانترە و بە مانای رۆیشتن دادەنرێت كە لەدوای كۆتایی هاتنی رووداو یاخود هەر كێشەیەك ئەم ئاڵایە بەرز دەكرێتەوەو مانای ئەوەیە پێشبركێكە دەست پێدەكاتەوە.
ئەگەر رەنگی سەوز مانای رۆیشتن بێت ئەوا بە دڵنیایەوە رەنگی سوور بە مانای وەستان دێت، كاتێك ئاڵای سوور بەرز دەكرێتەوە ئەوە مانای ئەوەیە رووداوێكی مەترسیدار رووی داوەو پێویستە پێشبڕكێكە بوەستێنرێت و تەواوی ئۆتۆمبێلەكان گۆڕەپانەكە بەرەو شوێنی تیپەكەیان جیبهێڵن.
ئاڵای زەرد یەكێكە لە بەناوبانگترین و دیارترین ئاڵاكان كە بەرزكردنەوەی مانای ئەوەیە مەترسی لە پێشەوەیە و كاتێك ئەو ئالایە بەرز كرایەوە دەبێت شۆفێران خێراییەكەیان كەم بكەنەوە، چونكە لە پێشیانەوە پاشماوەی رووداو هەیە و زۆر كاتیش دوو ئاڵای زەرد بەیەكەوە بەرز كرایەوە كە ئەمە مانای ئەوەیە پێویستە شۆفێران وریا بن بۆ وەستانی لەپڕ و لەو كاتەش تەواوی گڵۆپەكانی تەنیشت گۆڕەپانەكە رەنگیان بۆ زەرد دەگۆڕێت بۆ وریاكردنەوەی شۆفێران.
ئەو ئاڵایەی لای هەموو شۆفێران خۆشەویستە ئەو ئاڵایەی لە چوارگۆشەی بچووكی سپی و رەش پێكهاتووەو مانای كۆتایی هاتنی پێشبڕكێكەیە، كە ئەمە كۆتایی هاتنە بە ماوەیەكی ماندوكەر و تاقەت پڕوكێن بۆ شۆفێران.
ئاڵای سپی زۆر كات لە كاتی پێشبڕكێكان بەرز دەكرێتەوە كە مانای ئەوەیە ئۆتۆمبێلێكی هێواش لە پێشەوەیە كە زۆر كات رەنگە ئەو ئۆتۆمبێلانە بن كە پاشماوەی رووداوەكان كۆدەكەنەوە و زۆر كات ئەم ئاڵایە لە پاڵ ئاڵای زەرد یاخود ئاڵای ئۆتۆمبێلی سەلامەتی بەرز دەكرێتەوە، جگە لە فۆرمۆلا وەن ئاڵای سپی لەتەواوی پێشبڕكێكانی تری ئۆتۆمبێل بۆ ئەوە بەكاردێت كە بە شۆفێران بوترێت لە دواین سووڕانەوە دان.
ئاڵای شین بەكاردێت بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە خێرایی كەمتر دەڕۆن و ئەو ئاڵایەیان بۆ بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەوەی رێگە چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی خێرای پشتیان تێپەڕێت، ئەگەر 3 جاریش ئاڵای شین بۆ شۆفێرێك بەرز كرایەوەو رێگەی بۆ ئۆتۆمبێلی خێراتری دوای خۆی چۆڵ نەكرد ئەوا رووبەڕووی سزای دروستكردنی ئاستەنگ بۆ شۆفێری تر دەبێتەوە.
ئاڵایەكی تر هەیە كە رەنگی سپی و رەشە بەڵام ئەمە جیاوازە لە ئاڵای كۆتایی پێشبڕكێ بەڵكو كراوە بە دوو بەش كە بەشێوەی دوو سێگۆشەی گەورەی سپی و رەشە و ئەو ئاڵایە هاوشێوەی كارتی زەردە لە تۆپی پێ و كاتێك بە رووی شۆفێرێك بەرز دەكرێتەوە مانای ئەوەیە پێشێلی یاسایەكی كردوەو پێویستە وریا بێت.
ئەگەر شۆفێران پابەندی ئاڵای سپی و رەش نەبوون بەردەوام بوون لە پێشێلی یاسا یاخود رەفتاری ناوەرزشی ئەوا ئاڵای رەشیان بە رودا بەرز دەكرێتەوە كە هاوشێوەی كارتی سوورەو واباشترە شۆفێرەكە كۆتایی بە پێشبڕكێكە بهێنێت و بگەڕێتەوە شوێنی تیپەكەی چونكە هیچ هیوایەكی لە پێشبڕكێكە نەماوە، دواین جاریش ئەو ئاڵایە بەكارهات ساڵی 2007 بوو دژی فیلیپی ماسا و جیانكارلۆ فیزیكیلا.
ئاڵایەكی تر هەیە كە رەنگی رەشە و بازنەیەكی پرتەقاڵی لە ناوەڕاستی دایە و كاتێك بەكاردێت كە شۆفێرێک كێشەیەكی میكانیكی لە ئۆتۆمبێلەكەی هەبێت و هەر شۆفێرێك ئەم ئاڵایەی بەروودا بەرز بكرێتەوە پێویستە راستەوخۆ بچێتە شوێنی تیپەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە.
ئاڵای سپی و زەرد كە هاوشێوەی ئاڵای كەتەلۆنیایە كاتێك بەكاردێت كە رێڕەوی پێشبڕكێكە خلیسك بێت زۆر كات بەهۆی رژانی زەیت روست دەبێت یاخود بەهۆی كۆبوونەوەی ئاو، هەندێك كات لە بری شەكاندنەوە، ئاڵاكە بەلای راست و چەپدا دەبرێت كە ئەمە بە مانای ئەوە دێت ئاژەڵێك لەسەر رێڕەوی پێشبڕكێكە وەستاوە.
لە پاڵ ئەو ئاڵایانە چەند هێمایەكی ئاگادار كەرەوەی تر هەیە هاوشێوەی پیتی ئێس سی كە بەمانای ئەوە دێت ئۆتۆمبێلی سەلامەتی لەسەر رێڕەوی پێشبڕكێكەیەو پێویستە تەواوی ئۆتۆمبێلەكان لە پشتیەوە بڕۆن و بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە پێشی بدەنەوە.
پیتەكانی ڤی ئێس سی بەمانای ئەوە دێت ئۆتۆمبێلی سەلامەتی خەیاڵی لەسەر رێڕەوی پێشبڕكێكەیە و پێویستە تەواوی شۆفێران خێراییەكەیان بە رێژەی لەسەدا 30 كەم بكەنەوە كە لە كاتی هەبوونی كێشەیەك هاوشێوەی بەریەك كەوتنی دوو ئۆتۆمبێل بەرز دەكرێتەوە، لەو كاتەش ئۆتۆمبێلی سەلامەتی نایەتە ناو گۆڕەپان و لەبری ئەوە ئەو سێ پیتەر بەرز دەكرێتەوە و جیاوازی لە دوو پیتەكەی پێشوو لەم دۆخەدا ئۆتۆمبێلەكان لەدوای یەكتر كۆنابنەوە.