راپۆرتی: ژیار حسێن
لە رانیە ماوەی ساڵانێکە بینایەکی کۆنی دوور لە هەموو رێنماییەکی تەندروستی بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنرێت، کە لە داهاتوودا ئەگەری روودانی حاڵەتی نەخوازراو لەخۆی دەگرێت.
لەبارەی دۆخی کوشتارگەکە و گرفتەکانی و رێکارت چارەسەریشیانەوە دوو پزیشکی بواری ڤێتێرنەری زانیاریی و رێنماییەکان بۆ کوردستانی نوێی راپەڕین دەخەنەڕوو:
دکتۆر هەژیر عوسمان، پزیشکی ڤێتێرنەری کە رۆژانە وەکو بەڕێوەبەری ئەو کوشتارگەیە کار دەکات، بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی وت: بەداخەوە هیچ شتێکی ئەو کوشتارگەیە لە سەربڕینەوە کە شێوازێکی زۆر تەقلیدییە تا دەگاتە شوێنی کوشتارگەکەش لە جێگەی خۆیاندا نین و زیان بە هاووڵاتیانی سنوورەکە دەگەیەنن.
لەبارەی پاکوخاوێنیشەوە ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە قولاپ و ئامێرەکانی تری ناو کوشتارگەکە ستیل بن، تا دووربن لە ژەنگهەڵهێنانەوە و بە ئاسانی پاکبکرێنەوە، بەڵام بەداخەوە هەموویان ئاسنن و هێندە کۆنن کە کەڵکی خاوێنکردنەوەیان نییە، وتیشی: بێگومان ئەمە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دروست دەکات، هەروەها خەختی کردەوە کە شوێنی کوشتارگەکە گونجاونییە، چونکە کەوتووەتە ناو ناوچەی نیشتەجێبوونەوە و تێکەڵبوونی ئاوەڕۆکەشی لەگەڵ ئاوەڕۆی ماڵاندا، هۆکارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی و وتی: ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئەوا لەداهاتوودا گرفتی تەندروستیی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئاماژەشی بەوە دا کە گرفتێکی تری کوشتارگەکە نەبوونی ساردکەرەوەیە، چونکە پێویستە گۆشت پێش ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە، بۆ ماوەی (12-24) سەعات لەناو ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت بەمەبەستی لەناوبردنی بەکتریا زیانبەخشەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی گۆشتەکە.
هەر لەوبارەیەشەوە پەیوەندیمان کرد بە دکتۆر سەعدی تەیب بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی راپەڕین، ئەویش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گۆشتەی ئێستا لە دوکانی گۆشتفرۆشەکاندا بەردەستە، گۆشتێکی تەواو ناتەندروستە و وتی: بەهۆی شوێن و کۆنیی بینای کوشتارگەکەوە، ناتوانین هیچ رێنماییەکی تەندروستی جێبەجێ بکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیشدا کۆبوونەوەمان کردووە بۆ بڕیاردان لە هەڵبژاردنی شوێنێکی گونجاو بۆ دروستکردنی کوشتارگەیەکی شیاو لە سنوورەکە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە، خۆشبەختانە هەنگاوێکی باشمان بڕیووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەوە جێبەجێ دەکەین. لەبارەی گواستنەوەی گۆشتیشەوە روونیکردەوە کە ئێستا گۆشت بە پشتی پیکاب دەگوازرێتەوە کە ئەمە کارێکی هەڵەیە، بۆیە پێویستە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای رانیە هاوکارمان بن بۆ دابینکردنی ساردکەرەوە، تا بتوانین بەو رێگەیە گۆشت بگوازینەوە بۆ گۆشتفرۆشەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوودا نەخۆشیی شێرپەنجە لە سنوورەکە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە، بۆیە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە زووترین کات چارەسەری کێشەکانی ئەم کوشتارگەیە بکەن. لەبارەی چارەسەریشەوە دەڵێت: لە یەکەم هەنگاودا دەبێت شوێنێکی دوور لە ناوەندی شار هەڵبژێردرێت بۆ دیزاینکردنی بینایەکی گونجاو، هاوکات ئەو ستانداردانەی کە پێویستن تێیدا جێبەجێ بکرێن، لەوانەش:
1-هۆڵێکی گونجاوی سەربڕین.
2-تاقیگەی ڤێتێرنەری بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین.
3-بوونی ساردکەرەوە لەناو بیناکەدا و گواستنەوەی گۆشت بە ساردکەرەوە.
4-پەرژینکردنی بیناکە بۆ رێگریی لە چوونەژوورەوەی ئاژەڵی بێلانە.
5-دانانی رێڕەوێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی خوێنی ئەو ئاژەڵانی سەردەبڕدرێن تا تێکەڵ بە ئاوەڕۆی ماڵان نەبێت.
6-دابینکردنی سیستمێکی رووناکی و هەواگۆڕکێی گونجاو.
7-دابینکردنی قولاپی ستیل، بۆ ئاسان پاککردنەوە و ژەنگهەڵنەهێنان.
8-دروستکردنی ژوورێک بە پلەی گەرمیی گونجاو، بۆ هەڵگرتنی گۆشتی نەشیاو تاکاتی سووتاندنی.