مۆنۆمینتی رانیە و چەند سەرنجیك

11:46 - 2025-02-25
دووتوێ
32 جار خوێندراوەتەوە



هیوا مستەفا*



لە دەستپێکی سەردانەکەی بەڕێزانی تیمی کوردستانی نوێ بۆ دەڤەرەکەمان کە لە رانیە چەند شوێنێکیان بەسەرکردەوە، یەکەم وێستگەیان مۆنۆمێنتی راپەرین بوو.
بە مەبەستی پێشخستن و برەودانی  زیاتری مۆنۆمێنتەکە لە وتارێکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ گەشتنامەی راپەڕین لە رۆژی  4/2/2025 بە ناونیشانی مۆنۆمێنتی دەروازەی راپەڕین یەکەم وێستگەی گەشتێکی رۆژنامەوانی بوو، بەڕێز (هیوا محەمەد) بە مەبەستی پێشخستن و برەودانی مۆنۆمێنتەكە چەندین پێشنیاز و  سەرنجیان خستۆتەڕوو، هەموو پێشنیازەکان لەجێی خۆیەتی و جێگای دەستخۆشییە سوپاس بۆ سەرنجەکان، بەهیوای ئەوەی لە ئایندەدا پێشنیازەكان بەهەند وەربگیرێن و کاری جددیان لەسەر بکرێت.
سەرەتای بیرۆکەی دروستکردنی مۆنۆمێنتی راپەڕین بۆ ساڵی 2010 دەگەڕێتەوە، دوای راوێژ و کۆبوونەوە لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی  شەهیدان و بەشێک لە ئەنجوومەنی شارەوانی و قایمقامی رانیە، دوای بریاردان لەسەر جۆری پرۆژەكە لە پێشبڕکێیەکدا لە دەزگای پرۆژەکانی سلێمانی پەسندکراو  لەساڵی 2011 دا چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساڵی 2014 تەواوی کارەکانی پرۆژەكە كۆتاییهات و کارە هونەرییەکانی لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرتـــاش ئــــەیوب ئەحمەد و گروپێكی شارەزا سەرپەرشتی دەكرا كە بە برۆنز دروستکراوە.
مۆنۆمێنتی راپەڕین دەکەوێتە دەروازەی شاری رانیە، ئەم پرۆژەیە لەسەر ئەرکی حكومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە. 
بەوپێیەی راپەڕین تەواوكەری هەموو ئەو شۆڕش و قوربانییانەی گەلی كوردە لەسەرووشیانەوە شۆڕشی نوێ، بەڵام دیزاین و نەخشەی مۆنۆمێنتەكە هەر لەسەرەتاوە كەموكورتیی زۆربوو، دەبوو هۆڵ بۆ نمایشی پیشانگەی شەهیدان و گەلەری بۆ یادگاری و كەلوپەل و بیرەوەرییەكانی راپەڕینی لەخۆگرتبا، تا هەرچی وێنە و بیرەوەریی و یادگاریی كەرەستەی پێشمەرگەیە بە بەردەوامی لەو گەلەرییەدا بخرایەتەڕوو.
ئەگەر سەرنج بدەین، شوێنی پرۆژەکە شیاو نییە و نزیکە لە شەقامی سەرەکییەوە کە بەهاو جوانییەکەی لەدەستداوە، زەویی تەرخانکراوی پرۆژەکەش پانتاییەکی زۆری هەیە، دەکرا پرۆژەکە لە شەقامی سەرەكی دووربوایە و لە قووڵایی زەوییەکەدا دروستکرابا، ئەوکات کارە هونەرەکانیشی جوانتر دەردەکەوتن، کاتێک لە چوارقوڕنەوە بەرەو رانیە دێیت، ژمارە «5» کە گوزارشتە لە رۆژی راپەرین لەسەر ستوونێکی بڵند نووسراوە،  ژمارەکەش پێچەوانەیە کە هیچ مانایەك نابەخشێت.
مۆنۆمێنتەکە هیچ شورایەکی نییە، رۆژانە ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەناویدا دەڕوات، زۆرجاریش خەڵکانێکی نابەرپرس بۆ کاتبەسەربردن روو لەوێ دەکەن.
جگە لە نمایشی کارە هونەرییەکان لەناو پرۆژەکەدا، دەبوو چەند شوێنێک لە دەرەوەی پرۆژەکە دروستکرابا بۆ ئیدارە و ژووری پاسەوان و هۆڵی پێشوازی و «W.C»و موشتەمەلات بۆ ئیدارەدانی پرۆژەکە.
پرۆژەکە هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی نییە، دەکرا بیرێکی ئاوی تێدابا و دەوروبەرەکەی بە باخچە و سەوزایی بڕازێنرابایەوە، بەجۆرێک سەرنجی گەشتیارانی بۆلای خۆی راکێشابایە، مۆنۆمێنتەکە حەوزی ئاوی شێوەبازنەیی دەورەی داوە لەشێوەی قوربانیانی راپەڕین، دەکرا ئەم حەوزانە بەردەوام ئاویان تێدابایە کە گوزارشت دەبوو لە خوێنی پاکی شەهیدان و قوربانیانی ئەویادە مەزنە.
ئەگەر سەرنج بدەین، هیچ کەرەستەیەکی سەربازی و پاشماوەی رژێمی بەعس و بەڵگەی راپەڕینی تێدا بەدی ناکرێت، بەمەرجێک پێشتر بە دەیان کەلوپەلی بەجێماوی رژێم وەک تانک و زرێپۆش و چەکی قورسی کەرەستەی سەربازی بەدەست خەڵکەوە بوو، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە، بۆیە دەكرێت لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەم كەلوپەلە سەربازیانەشی بۆ دابینبكریت.
هەوڵبدرێت مۆنۆمێنتی راپەڕین کە سیمبولی قارەمانێتی دەڤەرەکەیە، گرنگیی زیاتری پێبدرێت، ئیدارەیەکی تایبەت بەخۆی هەبێت و شورا بکرێت تا پارێزراوبێت لە ئاژەڵ و خەڵکانی نابەرپرس.
دوابەدوای هەوڵی دڵسۆزانەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قایمقامییەتی رانیە بۆ نوێکردنەوەی مۆنۆمێنتەكە، ئێمە لەبەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەمەبەستی چاودێری و بەگەڕخستنی مۆنۆمینتەكە لە رۆژی «5/3/2024» گەلەری و پیشانگەی شەهیدانمان بۆ کۆکردنەوە و نمایشکردنی وێنە و كەلوپەل و بیرەوەرییەكانی راپەڕین بونیات نا، بەڕێز «د.ئاراس عەبدولڕەحمان» لە پای دڵسۆزییەوە بەپیر داوەكەمانەوە هات و هاوكارمان بوو و بەشێکی زۆر لە بەڵگەنامەکانی پێشكەش بەو گەلەرییە كرد کە ئێستا لەناو مۆنۆمێنتەکەدا نمایشکراوە.
 ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین بەبێ هیچ پاڵپشتییەک کە خەرجییەكی زۆری پێویستبوو، ئەو ئەرکەمان لەئەستۆ گرت کە بەڕاستی كارێكی قورس بوو، بگرە لە پای دەستخۆشی، رەخنەشمان لێ دەگیرا، لەبەرئەوەی خاوەندارێتی مۆنۆمێنتەکە لەسەر ئێمە نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان لەو كارەدا سەركەوتووبین، هیوادارین بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی راپەڕین كە خاوەندارێتی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، بێنە سەرخەت و ئەركی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەوڵی زیاتر بدەن و ئێمەش هاوكاریان دەبین.
ئەم پڕۆژەیە گرنگە بۆ دەڤەرەکە، چەند هەوڵێک هەیە بۆ فراوانکردنی نەخشە و دیزاینێکی جوانی بۆ کراوە لە رێگەی قایمقامییەتی رانیە و وەزارەتی ئاودانکردنەوە، هیوادارین کاری جدی لەسەربکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

*بەڕێوبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان