دوای 28 ساڵ دابڕان، سەیفوڵڵا گەڕایەوە باوەشی نیشتمان

11:50 - 2025-02-25
دووتوێ
68 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هەردی حەسەن



«سەیفوڵڵا حسێن»، هاووڵاتییەکی تەمەن «51»ساڵی دۆڵی خۆشناوەتییە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، دوای «28»ساڵ دووری و دابڕان لە کەسوکارەکەی، دواجار لە ئۆگەنداوە گەڕایەوە باوەشی نیشتمان.
بە وتەی»سەیفوڵڵا»، ئەو لە ساڵی «1996» بەمەبەستی کۆچکردنی بۆ ئەوروپا، رووی لە ئێران کردووە، دوای چوار ساڵ مانەوە لەو وڵاتە، دواتر روو ئیمارات دەکا، بەو ئومێدەی لەوێوە بگاتە ئەوروپا، بەڵام  لەوێ دەستگیردەکرێت و لەوێشەوە لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی کوردی دیکەدا رەوانەی «ئۆگەندا» دەکرێت.
ئەو دەڵێت؛ چوونمان بۆ ئەو وڵاتە بەنایاسایی بوو، دۆخی کوردیش لەوکاتەدا باش نەبوو، چونکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستگیرکردنی  عەبدوڵڵا ئۆجەلان-دا. 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستانى نوێ-ی راپەڕین، سەیفوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دوای پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەسوپاسەوە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی هاوکاری راستەوخۆ بوو کە لە رێگەی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و  بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییەوە کارە یاساییەکانم بۆ تەواوکرا و خۆشبەختانە دوای 28 ساڵ دوورکەوتنەوە لە کەسوکارم گەڕامەوە بۆ کوردستان و ناو خانەوادەکەم.
لەبارەی ژیان و بڕیاری هاوسەرگیرییشەوە لەگەڵ کچێکی ئۆگەندیدا دەڵێت: دوای ئازادبوونم لە زیندان، توانیم چەند کەسێک لە مزگەوتێکی ئەو شارە بناسم، ئەوەش هۆکاربوو کە توانیم هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ئۆگەندیدا بکەم، دوای پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی ئێستا کوڕێکمان هەیە.
ئاماژەشی بەوەدا» هاوسەر و منداڵەکەشم لەگەڵ خۆمدا هێناوەتەوە بۆ کوردستان و لەئێستاوە بڕیارم داوە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەم.

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان