ئەرسەلان مەحمود
بزووتنەوەی رۆشنبیری لە دەڤەری راپەڕین «ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین» مێژوویەکی دێرین و درەوشاوەی هەیە و ئەگەر نەوترێ داینەمۆی شۆڕش و گۆڕانکارییەکان بووە لە تێکڕای قۆناغەکاندا، ئەوا بەشێکی کارا و کاریگەری دانەبڕاو بووە، بەجۆرێک کە هەوێنی بیر و کردارەکان بووە لەنێوان خەون و واقیعدا، لە داهێنان و بەرگری و بەرەنگاربوونەوەدا.
بە واتایەکی تر، هیچ بزووتنەوەیەکی رۆشنبیریی لە بۆشاییدا سەرهەڵنادات، بەڵکو هەمیشە وەڵامێکە بۆ پێداویستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە قووڵەکان.
بزووتنەوەی رۆشنبیریی لە رانیە و قەڵادزێ و سەرجەم دەڤەرەکەدا، بەهۆی دۆخە تایبەتمەندە کوردییەکەی، ئەگەر ئەو وەڵامدەرەوە قووڵەش نەبووبێت، لە هیچ دۆخێکدا بێ نەخش و بێ شوێن نەبووە.
پاڵپشت بە روانگەیەکی شیکاری، دەتوانین سێ رەهەندی سەرەکی لە دینامیکییەتی بزووتنەوەی رۆشنبیریی دەڤەری راپەڕین دەستنیشان بکەین.
رەهەندی یەکەم، رەهەندی هزری و فەلسەفی کە پەیوەندیی بە پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوون و شوناس و مانا و ئامانجەوە هەیە. گرفتی بزووتنەوەکە لێرەدا لەپرسیار نەکردنەکەدا نەبووە، بەڵکو لە جۆر و ئاستی پرسیارکردنەکەدایە. کورد لەبەر خەمی هێشتنەوەی بوونە مرۆییەکەی وەک نەتەوە، دەرفەتی ئەوەی نەبووە بیپەرژێتە سەر بوارە فیکری و فەلسەفییە قووڵەکەی.
رەهەندی دووەم، رەهەندی کۆمەڵایەتی-مێژووییە کە هیچ بزووتنەوەیەکی رۆشنبیریی ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەکەی تێبگات. بزووتنەوەی رۆشنبیری لە راپەڕین، لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی کۆنەپارێزی و داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم، دیسانەوە تەنها هەوڵیداوە وەڵامێک بۆ پرسیاری بوونەکەی بدۆزێتەوە.
رەهەندی سێیەمیش، پراکتیکییە کە لە رێگەی دامەزراوە کەلتوریی و پەروەردەییەکان و بڵاوکراوەکان و چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانەوە خۆی دەردەخات، لەم بوارەدا کەم بەش هەبووە و نییە، بەڵام هێشتا کەم خوێنە.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا، بزووتنەوەکە لەگەڵ دەرفەت و ئاستەنگی نوێ رووبەڕووە. تەکنەلۆژیای نوێ دەرفەتی بڵاوکردنەوەی بیر و گەیشتن بە خەڵکی زیاتری رەخساندووە، بەڵام هەڕەشەی لەناوچوونی هەندێک شێوازی کەلتوری کلاسیکی و کێشەی نوێی وەک بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە و پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وەک ئەوەی پێویستە هێشتا نەیهەژاندووە.
سەرکەوتنی بزووتنەوە رۆشنبیرییەکان تەنها بە گۆڕانکارییە دەرەکییەکان ناپێورێن، بەڵکو بە قووڵی و بەردەوامی کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە دەپێورێت. بۆیە گرنگە بزووتنەوە رۆشنبیریی راپەڕین لە روانگەیەکی درێژخایەنەوە هەڵبسەنگێنین وەک بەشێکی جیانەکراوە لە پرۆسەی بەردەوامیی گەشەسەندنی دەڤەرەکە و کوردەواری بەگشتی.