باڵا هاوار
به‌پێی دابه‌شكاریی ئیداری له عیراقدا، سیستمی دابه‌شكاریی یه‌كه ئیدارییه‌كان بریتییه له (پارێزگا، قه‌زا، ناحیه، گوند)، كه ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا (ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ)ش دروستكراوه، كه وه‌كو پارێزگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا، بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی «1789» یه‌كه‌م قایمقام بۆ شاری رانیه دانراوه و شاره‌كه كراوه به قه‌زا. ئه‌گه‌رچی به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان و ئه‌و شوێنه‌واره دێرینانه‌ی له ناوچه‌كه و له‌ناو رانیه‌شدا هەن، مێژووی شارستانییه‌ت له‌و شاره‌دا زۆر له‌وه دێرینتره.
رۆڵی ئه‌و شاره له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی كورددا، به‌دره‌وشاوه‌یی دیاره، ئه‌گه‌رچی وه‌كو ناوه‌ندی شار هێنده گه‌وره نییه، به‌ڵام كاریگه‌ریی شاره‌كه به‌سه‌ر مێژووی كورده‌وه زۆر به‌ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت. له سه‌رده‌می رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا، هه‌میشه شارێكی بزێو و رام نه‌كراو بووه و هۆكاری سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆر بووه بۆ رژێمه‌كان، له‌لایه‌كی تریشەوە ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، له‌ساڵانی شه‌سته‌كاندا، زۆرێك له‌و دانوستانانه‌ی له‌نێوان سه‌رانی رژێم و سەرکردەکانی شۆڕشی ئه‌یلولدا ئه‌نجامدراون، هه‌ر له‌و شاره‌دا بووه، له «1991» هه‌ر له‌و شاره‌دا یه‌كه‌م كڵپه‌ی ئاگری راپه‌ڕینی بەبەرنامە بڵێسه‌ی سه‌ند و لەوێوە بوو به هەڵگری نازناوی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینێكی مێژوویی.
ده‌رباره‌ی تێنه‌گه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی هەندێک میدیای كوردی له چه‌مكه‌كان نادوێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه سه‌رنجی راكێشاوم، له به‌شی زۆری میدیای كوردیدا، تائێستاش ناوی رانیه وه‌كو شارۆچكه ده‌هێنن، وه‌ك باسم كرد، راسته به‌پێی پله‌ی ئیداریی ده‌وڵه‌ت، هەندێک جار قه‌زا به شارۆچكه ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام له په‌یامی میدیاییدا ده‌بێت میدیاكار و كه‌ناڵەکە به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌مك و ده‌سته‌واژه و ناوه‌كاندا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر دووباره رانیه به نموونه وه‌ربگرینه‌وه، ئێستا له رووه ئیدارییه‌كه‌وه وه‌كو پله‌ی ئیداری شارۆچكه نه‌ماوه، چونكه بووه به ناوه‌ندی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی راپه‌ڕین، ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆش وه‌كو پارێزگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، له‌ڕووی فراوانیی شاریشه‌وه، شاره‌كه به‌رفراوانییه‌كی زۆر و ئاوه‌دانییه‌كی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیووه، به‌جۆرێك تائێستاش خه‌ڵك له‌ناوچه‌كانی تری كوردستانه‌وه دێن و له‌شاره‌كه‌دا نیشته‌جێ ده‌بن، كه ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ زیندوێتی شاره‌كه و كاریگه‌رییه‌كانی.
مه‌رج نییه میدیا هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه به‌كاربهێنێته‌وه كه پشتبه‌ستووبن به ده‌سته‌واژه و چه‌مكه ئیدارییه‌كانه‌وه، چونكه ده‌كرێت پانتاییه‌كی جوگرافی له‌ڕووی رووبه‌ره‌وه بچووك بێت، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كه‌ی دوو هێنده‌ی پانتاییه‌كه‌ی بێت، كه‌واتا له خوێندنه‌وه پڕاگماتیكییه‌كه‌دا ده‌كرێت ده‌ستمان كراوه‌بێت له پێدانی ئه‌و سه‌نگ و قورساییه‌ی هه‌یه‌تی.