نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان رایگەیاند، ئەو سەربازە عیراقییەی هەفتەی رابردوو هێرشی کردە سەرم کە لە کاتی دروستبوونی گرژی لەنێوان جوتیارانی سەرگەڕان و رێگری لە کارکردنیان لە زەوییەکانیان، سکاڵای لەدژ تۆمارکردووم، وتیشی لە کاتێکدا سەربازەکە هێرشیکردووەتەسەر، بەڵام لەلایەن سەربازە عیراقییەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان ئەوەشی خستووەتەروو، لەکاتێکدا ویستوویەتى شایەتحاڵ و بەڵگەکانى رووداوەکە بباتە دادگا سەبارەت بە سکاڵاکەی، بەڵام شۆکبووە کاتێک زانیویەتی سەربازەکەی سوپای عیراق، سێ رۆژ لەمەوبەر سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە و سکاڵاکە بەجۆرێک تۆمارکراوە، کە ئەو لەکاتی ئەرکدا هێرشیکردووەتەسەر ئەو سەربازە.
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی جوتیارانى کوردى سەرگەڕان دابوویان بە بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانیان، نوێنەری جوتیارەکان رایگەیاند، چاوەڕوانی واژۆی سەرۆکوەزیرانی عیراقن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو زەوییانە.