ئا: هێدی گەڵاڵی
دوای ئەوەی ژمارەیەك گەڕەكی شاری هەولێر بوون بە خاوەنی پڕۆژەی رووناكی واتا (كارەبای 24 سەعاتی) سەرەتا خەڵكی ئەو گەڕەكانە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی، لەوەی ئیتر كۆتایی بە پچڕانی كارەبا دێت و لە مولیدەی ئەهلیی و بۆنە ناخۆش و زیانبەخشەكەی رزگاریان دەبێت، كەچی دوای سێ مانگ لەكاركردنی ئەو پڕۆژەیە، دڵخۆشی ئەو خەڵكە كۆتایی هات و تاڕادەیەك خۆزگەیان بە پێشوو خواست، بەوپێیەی لەكۆتایی مانگدا، پارەیەكی زۆریان لەبەرامبەر كارەبای24 سەعاتی بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیە زۆر زۆرە لەتوانای خێزانەكاندا نییە مانگانە دابینی بكەن، بۆیە نیگەرانی و گردبوونەوەی ناڕەزایی لێكەوتەوە.
سەدرەدین مەغدید، دانیشتووی گەڕەكی شادی لە هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: پڕۆژەی رووناكی (كارەبای 24 سەعاتی) ئەگەرچی لە مانگی یەكەمدا سەدا پەنجا داشكاندنیان بۆ كردووە، بەڵام لەمانگەكانی دواتردا، پارەیەكی زۆر بۆ بەكاربەرانی كارەباكە گەڕایەوە، ئەمەش وایكردووە خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت نەتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن.
وتیشی: من وەك یەكێك لە دانیشتووانی ئەم گەڕەكە لە مانگی یەك 109هەزار دینارم بۆ هاتۆتەوە، كە پێشتر لەگەڵ مولیدەی ئەهلی ئەو بڕەپارەیەمان نەدەدا، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بژێویی ژیانی رۆژانەمان دروست دەكات.
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی وت: نرخی كیلۆواتەكان بەبەراورد لەگەڵ شارەكانی عیراقدا زۆر زیاترە، بەجۆرێك یەك كیلۆوات كارەبا لە شارەكانی هەرێم بە113دینارە، بەڵام لە شارەكانی دیكەی عیراق نرخی یەك كیلۆ وات بە10دینارە، بۆیە داوادەكەین نرخی كارەبا هاوشێوەی باشوور و ناوەڕاست كەمبێتەوە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە، حسێن قادر، هاووڵاتییەكی تری گەڕەكی شادی لە هەولێر دەڵێت: ئێمە خێزانێكی ئاسایین لە خانوویەكی بچووكی 100 مەتریدا دەژین، بەڵام مانگانە(150بۆ 200) هەزار دینار پارەی كارەبامان بۆ دێتەوە. باسی لەوەشكرد: جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی لەو جۆرە لەكاتێكدا سەركەوتوو دەبێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان كێشەی مووچەی نەمێنێت و وەرگرتنی باج و رسومات هاوشێوەی بەغدا كەمبكرێتەوە، هەروەها دەرچووانی زانكۆ دابمەزرێن، بەگشتی هەركاتێك داهاتی خێزانەكان باش بێت، هیچ گرفتێكیان نییە پارەی كارەبای 24 سەعاتی بدەن.
هەر پەیوەست بەو بابەتە محەمەد ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەكی بەهاری نوێی هەولێر پێیڕاگەیاندین: پڕۆژەی كارەبای 24 سەعاتی كاریگەریی لەسەر بژێویی خەڵكی هەژار دروست كردووە، بەجۆرێك وایكردووە ئەوانەی خاوەن خانووی خۆیانن بونەتە كرێنشینی حكومەت، چ جای ئەوانەی خۆیان كرێنشینن، دەبێت دووجار كرێی مانگانە بدەن، هەربۆیە بەشێك لە كرێنشینان بەناچاری ئەو گەڕەكەیان جێهێشتووە.
بۆ وەرگرتنی وتەی لایەنی پەیوەندییدار، پەیوەندییمان بە بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای هەولێر كرد، كەچی ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە قسە بكەن و پێیانراگەیاندین كە وەزارەتی كارەبا وتەبێژی هەیە و دەبێت ئەو لێدوان بدات، كەچی دوای پەیوەندییكردن بە ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەداینەوە.