زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

نووسەری دووانەیی

09:58 - 2025-02-27
کەلتور
208 جار خوێندراوەتەوە

 

لە کەلتوری جیهانیدا دەقی وا هەیە نووسەری دیار و ئاشکرای نییە، تەنیا نووسەری دووەمی هەیە

 نووسەری دووانەیی یان نووسەری جووتەنی، واتە دەبڵ نووسەر، Double Author، (المؤلف المزدوج)، مەبەست لەوەیە جگە لە نووسەرە ناسراوەکە، کە بە ناوی خۆیەوە بابەتەکەی بڵاو دەکاتەوە، نووسەرێکی دیکەی نادیار هەیە لە پشتی نووسەرە دیارەکەوە، ئەویش بریتییە لە کەلتوری شاراوە یان کۆی ئەو رۆشنبیرییەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی نووسەرەکەدا شێوەی گرتووە.
رەخنەگری سعودی د. عەبدوڵڵا غەزامی ئەم زاراوەیەی داهێناوە و پێیشی دەڵێ نووسەری کەلتوری (المۆلف الپقافی)، Cultural Author، ئەم زاراوەیەی پەیوەست کردووە بە «سیستمی شاراوەی دەق» کە لە عەرەبیدا کردوویەتی بە (النسق المچمر)، زاراوەی نووسەری دووانەییم لە کتێبەکەی رەخنەگری ئەمریکی ڤینسینت لیتچدا نەبینی، بەڵام لیتچ بە شێوەیەکی دیکە باسی ئەو کەلتورە دەکات کە رۆڵی هەیە لە داڕشتنی تێکستی نووسەرێک و لە رەنگڕێژکردنی ناوەڕۆکی تێکستەکە.
نووسەرە دیارەکە لە داڕشتنی تێکستەکەیدا، لە بواری زمانەوانی و ئیستاتیکی و رەوانبێژیدا، داهێنان دەکات، بەڵام رەخنەی رۆشنبیری لە پشتی ئەم داهێنانەوە بەدوای سیستمە شاراوەکانی گوتاری دەقدا دەگەڕێت، بەدوای ئەو مانا شاراوە راستەقینەیەدا دەگەڕێت کە لە نائاگایی نووسەرەکەدا و لەنێو رستەکانی دەقدا پەنهانە و رۆڵی گرنگی هەیە لە بڵاوبوونەوەی ئەو دەقە و لەو کاریگەرییانەی بەسەر وەرگردا هەیەتی. کەواتە لێرەدا کەلتور یان کۆی رۆشنبیریی ژینگەی نووسەرەکە، نووسەرێکی دیکەیە کە قەڵەمی نووسەرە دیارەکە دەگرێت و داهێنان دەکات، واتە ئەویش نووسەرێکی بکەر و کاریگەرە.
نووسەر دەقێکی جوان دادەهێنێت، بەڵام کۆی رۆشنبیریی شاراوەی نووسەرەکە سیستمێکی شاراوە و مانای شاراوە دادەهێنێت، رەخنەی رۆشنبیری لە میانی کەرەستەکانی خۆیەوە ئەو نووسەرە نادیارە ئاشکرا دەکات، لێرەدا کەرەستەکانی رەخنەی رۆشنبیری بریتین لە (رستەی رۆشنبیری) و (توانجپۆشیی رۆشنبیری) و (رۆشنبیریی شاراوە) و (کۆنتێکستی رۆشنبیری) و (فێڵی رۆشنبیری) ...هتد.
عەبدوڵڵا غەزامی  ئەو دوو نووسەرە بەوە لێکدی جودا دەکاتەوە کە یەکێکیان نووسەری تاکەکەسە و ئەویدیکەیان خاوەنی قەوارەیەکی هێماییە و بریتییە لەو رۆشنبیرییەی ناڕاستەوخۆ ئاگایی و نائاگایی نووسەر دادەرێژ ێت، لێرەدا نووسەر هەرچەندە هەوڵ بدات هزر و هەڵوێست و بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بەڵام نووسەری رۆشنبیری تۆڕە نەبینراوەکەی خۆی دەسەپێنێت و نووسەر ناچار دەکات بکەوێتە نێو ئەو تۆڕەوە و چەمکەکانی رۆشنبیرییە نادیارەکە بەکار بهێنێت. ئەمە لە هەموو نووسەرێکدا هەیە هەرچەندە داهێنەر و جیاوازیش بێت.
لە کەلتوری جیهانیدا دەقی وا هەیە نووسەری دیار و ئاشکرای نییە، تەنیا نووسەری دووەمی هەیە کە (نووسەری رۆشنبیری)ی ئەو سەردەمەیە، بۆ نموونە چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەوە) تاکە نووسەری نییە کە لە پشتییەوە کەلتورێکی شاراوە هەبێت، واتە ناچێتە نێو زاراوەی نووسەری دووانەییەوە، بۆیە ئەو چیرۆکانە لەنێوان کەلتوری فارسی و عەرەبی و هیندی و کەلتورەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هاوبەشن، رووداوەکانیش لەو ناوچانەدا روویان داوە.
 چیرۆکەکانی (کەلیلە و دیمنە) کە لە زمانی ئاژەڵانەوە دەگێڕدرێنەوە، یەک نووسەری دیاریکراوی نییە، ئەگەرچی دەدرێنە پاڵ فەیلەسوفی هیندی (بەیدەبا)، بەڵام ئەمیش هاوبەشە لەنێوان کەلتوری هیندی و فارسی و عەرەبی و تەنانەت یۆنانیش. واتە رۆشنبیریی نادیار چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە و کەلیلە و دیمنەی نووسیوەتەوە کە لە پشتییەوە نەریتی کۆمەڵایەتی و جۆری بیرکردنەوەی خەڵکی و رەفتارەکانیان ئامادەیە. بە هەمان شێوە داستانی میللی، شیعر و گۆرانیی فۆلکلۆری، پەند و قسەی نەستەق، دەچنە نێو هەمان کۆنتێکستەوە کە نووسەری دووەم (واتە ژینگەی کەلتوری و رۆشنبیری) دەیاننووسێتەوە و رەخنەی رۆشنبیریش گرنگییان پێ دەدات و سیستمە شاراوەکانیان ئاشکرا دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان