نەورۆز شەهاب بۆ كوردستانی نوێ‌:

وێنەكێشان، دواندنی رۆحە لەگەڵ رەنگەكان

11:21 - 2025-02-27
دیدار
105 جار خوێندراوەتەوە

 نەورۆز  شەهاب، شێوەكار و مامۆستایە لە چالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی دەوروبەری عەنكاوەی-هەولێر. 
 نەورۆز شەهاب بە كوردستانی نوێی راگەیاند: زیاتر لە 17 ساڵە خەریكی كاری شێوەكاریيم، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە تێكەڵ بە رەنگ و تابلۆم، وێنەكێشان لای من پێش هەر شتێك عیشقە تێكەڵ بوونە لەگەڵ جەستەی تابلۆ و پاشان دواندنی رۆحە لەگەڵ رەنگەكان، لایەنی ماددیش گرنگە بۆ ئەوەی كار و بەرهەمی نوێ بنیات بنرێت.
 وتیشی: 7 پێشانگەی تایبەتيی خۆم هەبووە و بەشداريی 9 پێشانگەی هاوبەشم لە شارەكان كوردستان كردووە،  بە نیازم چەندین پێشانگەی تر بە بەرهەمی نوێ لە شارەكانی سلێمانی و  كەركوك و ئاكرێ سازبكەم، هەروەها بڕیارە پرۆژەی دیواربەندێك بۆ سلێمانی دروست بكەین، كار لەسەر ستایلی ریالیزمی ئەكادیمی  دەكەم، رەنگی رۆنی بەكاردێنم لەسەر كانڤاس، هەر بابەتێك تێكەڵ بە رەنگ بێت لە تابلۆكانم رەنگ دەدەنەوە، هاوكات وەرزشی یۆگاش دەكەم و كتێبیش دەخوێنمەوە، خۆزگە شەقام و كۆڵان و كوچەكانی شار پر دەبوون لە رەنگ، چونكە ماندوو نابم ئەگەر ئەم كارە بە من بسپێردرێت، تا كۆتایی تەمەن خزمەتی هونەری وڵاتەكەم دەكەم، هیواداریشم كارە هونەرییەكان لە چوارچێوەی پێشانگە و ماڵ ببرێنە دەرەوە بۆ بەرچاوی خەڵك بۆ ئەوەی دەروون و رۆحی ماندووی خەڵك پڕببن لە رەنگ و ئارامی.
محەمەد عەبدولرەحمان شارەزوور

بابەتە پەیوەندیدارەکان