ئارۆ سەنگەر
دواجار و دوای هەوڵێكی زۆر یانەی بارسێلۆنا توانی یەكێك لە باشترین بەرگریكارەكان بگوازێتەوە كە دەكرێت هیوایەكی زۆری لەسەر هەڵبچنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەرگری كە چەندین ساڵە یانەكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
بارسێلۆنا بە بەهێزی چووەتە ناو ركابەری گواستنەوەی یاریزانان لەم میركاتۆیەشدا بە سوود وەرگرتن لە ناو و ناوبانگی یانەكەو بوونی چاڤی هێرناندێز لەسەر كورسی راهێنان توانیویەتی چەندین ئەستێرە بگوازێتەوە ریزەكانی.
دواین یاریزانیش كە پەیوەندی بە یانەكەوە كرد جول كۆندی بەرگریكاری فەرەنسی یانەی سیڤیایە كە لەماوەی رابردوو ركابەری بەهێز هەبوو لە نێوان بارسا و چێڵسی لەسەر گواستنەوەی و لەدواین رۆژەكانیش مان سیتی هاتبووە ناو ركابەریەكەوە.
هاوشێوەی زۆرێك لە بۆندەكانی ئەم وەرزە بارسا سەركەوتنی بەرامبەر چێڵسی تۆماركرد، بەڵام لەم راپۆرتە باس لە شێوازی گواستنەوەی یاریزانەكە ناكەین، بەڵكو باس لە خودی یاریزانەكە دەكەین كە لە چ شوێنێك یاری دەكات و چۆن دەكرێت كێشەی بەرگری بارسێلۆنا كۆتایی پێبهێنێت.
پێش هەموو شتێك پێویستە بپرسین ئایە كۆندی شایستەی ئەوەیە 50 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی خەرج بكرێت؟ لە راستیدا دەكرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵێ بێت، دەشتوانرێ بوترێت كۆندی نموونەیترین یاریزانە بۆ چەند ساڵی داهاتووی یانەكە لەژێر سەرپەرشتی چاڤی، چونكە ئەو بەتەواوی گونجاوە بۆ پلانەكانی ئەو راهێنەرە.
كۆندی یاریزانێكی چەقی بەرگری ئەم سەردەمەیە كە دەكرێت لە چەندین شوێن یاری بكات، زۆر خێراییە و لە تۆپ دابەش كردن زۆر لێهاتوە و دەتوانێت لە هەموو شوێنەكانی بەرگری یاری بكات تەنانەت وەكو بەرگریكاری لای راستیش، بەهۆی ئەمەش چەندین یانە گرنگیان پێدەدا.
لە پاڵ ئەوەدا لە پێكهاتەی سیڤیا كۆندی خاوەنی زۆرترین پاس بوو لە بەشی كۆتایی یاریگاو خاوەنی زۆرترین تۆپ پچڕان و خاوەنی زۆرترین تۆپ وەرگرتنەوە بووە لە تیپی بەرامبەر.
لەپاڵ توانا باشەكەی لەبەرگری كۆندی بەوە ناسراوە لێهاتوویەكی زۆری هەیە لە دروستكردنی یاری لە هێڵی بەرگریەوە كە بەهۆی ئەمە چاڤی زۆر سەرسام بووە پێی و سوورە بووە لەسەر گواستنەوەی.
بە بەرارود بەتەواوی بەرگریكارانی 5 خولە گەورەكەی ئەوروپا كۆندی لە روی پاس دان بۆ پێشەوە لەنێوان 10 باشترین دایە و یەكێكە لە باشترین ئەو بەرگریكارانەی بە پاسەكانی بۆ پێشەوە هێڵەكانی تیپ بەرامبەر دەبڕێت و لە تۆپ لێدەكرنیش لێهاتووە كە رێژەی تۆپ لێدەركردنی بۆ هەر یارییەك 1.24 تۆپ لێدەركردنە كە تەنها %2ی بەرگریكارانی خولەكانی ئەوروپا ژمارەی باشتریان هەیە.
كۆندی لە سیڤیا لە چەند شوێنێك یاری كردوە دیارترین چەقی بەرگریە، بەڵام لۆپیتیگی راهێنەر چەند جارێك وەكو بەرگریكاری لای راستیش یاری پێدەكرد، ئەمەش بۆ بارسا گرنگە چونكە بارسا لە ئێستادا یاریزانێكی ئاست بەرزی نییە لەو شوێنە و دێست و رۆبێرتۆ ناتوانن ئاستی باش پێشكەش بكەن، بۆیە دوور نییە چاڤی بۆ رۆڵێكی نوێ ئەو یاریزانەی گواستبێتەوە.
لە یاری بارسا بەرامبەر یۆڤانتۆس چاڤی لەسەر كاغەز سێرجیۆ رۆبێرتۆی كردبوو بە بەرگریكاری راست، بەڵام لەناو یاریگا وەكو سێیەم بەرگریكار یاری دەكرد، ئەمەش جاری یەكەم نییە چاڤی بە پلانی سێ بەرگری یاری بكات و كۆندیش بۆ ئەو شوێنە زۆر باشە.
لە راستیدا هەموو ئاماژەكانی بۆندی كۆندی ئەرێنین و بە ئەگەری زۆر ئەو یاریزانە سەركەوتوو دەبێت چونكە تایبەتمەندیەكانی ئەو بەرگریكارە ئەوانەن كە یانەكە لە چەند ساڵی رابردوو پێویستی پێبووەو وەك رۆژنامەكان باسی لێوەدەكەن كۆندی پارچە ونبووەكەی هێڵی بەرگری بارسێلۆنایە.