دیداری/ ئهیاز ههركی
گهلاوێژ حسێن بۆ کوردستانی نوێ : بۆ یەکەمجار چوومە شاخ داده هێرۆ زانیبووی کچێکی خەڵکی بادینان هاتووە، ههر زوو سەردانی كردم، بۆ مێژوو دەیڵێم کە سەرۆک مام جەلال و هێرۆخان بۆ خەڵکی دەڤەری بادینان زۆر دڵسۆز و وهفادار بوون
گهلاوێژ حسێن عوبێد، ژنێکی خەباتگێڕی دەڤەری بادینانە، لە خەباتی شاخ و شاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا بەشدار بووە، لە ساڵی 1958 لە بەغدا لە بنەماڵەیەکی کوردی دەڤەری ئامێدی لە دایک بووە. دایکی بەڕەچەڵەک ئاشوورییە و باوکی لە حزبی شیوعیدا کاری کردووە و دارتاش بووه، بۆیە گەلاوێژ ههر زوو دهکەوێتە ژێر کاریگەری باوکی و رێگەی خەباتی کوردایهتی دهگرێتەبەر، هەر لهبهرئهوەشە له ساڵی 1984 دا فارس حسێن عوبێدی برای بە بیانووی ئهوهی پەیوەندیی لەگەڵ گەلاوێژی خوشكیدا ههیە، لە شاری حلە لەلایەن رژێمهوه بێسەروشوێن دەکرێت. گەلاوێژ حسێن ئێستا لە دانیمارک نیشتەجێیە و له دیدارێكی تایبهتدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: له ساڵی 1979 دا پهیوهندییم به رێکخستنهكانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانهوه كردووه، لە شاری بەغدا و بووم بە ئەندامێکی چالاكی خوێندکارانی ئهو كاتهی کۆمەڵە، ناوە نهێنییەکەشم دیلمان بوو.
سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ئەو کاتەی وتی: چەندین راسپاردهی نهێنییم بۆ رێکخستنهكان لە ناو شاری بەغدا دەگەیاندن و جێبهجێم دەكردن، کاتێکیش شانە نهێنییەکەمان لە بەغدا ئاشکرا بوو، ئهو كاتە خوێندنم تەواو نەکردبوو، بۆیه ناچار بووم لە (2 ی ئازاری ساڵی1981) لەگەڵ چەند کچ و کوڕێکی ئەندامانی کۆمەڵە هەڵبێین، سێ رۆژ به ڕێگاوه بووین تا گەیشتینە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی لە خڕی ناوزەنگ و پەیوەندیمان بە شۆڕشی نوێی گەلی کوردەوە کرد.
هاوکاریی پێشمەرگەمان دەکرد
گەلاوێژ حسێن وتیشی: دواتر وەک هاوكاری پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی بچووکی شاخ بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان خزمەتم دهکرد، چونكه ئەزموونێكی باشم لە چارەسەرکردنی بریندارەکاندا هەبوو، هەروەها لە نەخۆشخانە جلوبەرگی پێشمهرگه بریندارەکانمان دهشۆرد، لە کاتی بۆردومانكردنی نەخۆشخانەی مەرگە، لەلایەن سوپای عێراقەوە، هاوکاریی زۆری پزیشک و پەرستارەکانمان دهکرد، ئەو رۆژە دیمەنێکی کارەساتبار بوو هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، چونکە زۆر بریندار و شەهیدمان هەبوو، ئەو کاتە شوان بادینی پزیشکێكی چالاک بوو لهو رۆژهدا، زیرهك و بوێر بوو له چارەسەركردنی پێشمهرگه بریندارهكاندا.
هاوکات ئەو ژنە خەباتگێڕە وتی: ماوەیەک لە بارەگای هەڵەدن كاری چاپهمهنیم بۆ گۆڤاری کۆمەڵە دەکرد، دواتر ساڵی 1983، لەسەر داوای سەرۆک مام جەلال، چوومە سوریا و بەشدارییم لە دهركردنی چهند ژمارهیهكی رۆژنامەی ئیتیحاد و گۆڤاری شەرارەدا کرد، من تەنها كاری مۆنتاژ و وەرگێڕانم لە عەرەبیەوە بۆ سەر زمانی کوردی دهكرد، لە کۆتایی ساڵی 1983 دا، دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانی كوردستان و رژێم، رژێمی حافز ئەسەد فشارێكی زۆریان خستە سەرمان و ناچار بووین سوریا بەجێبهێڵین، بۆیە چوومە ڤییەنا و پاشان بە هاوکاریی ههندێك له هەڤاڵانی یەکێتی لە ئەوروپا گەڕامەوە بۆ ناو كهسوكارهکەم لە شاری بەغدا و بەشدارییم لە ئاهەنگی گەورەی سورداش-دا کرد.
دامەزراندنی رێکخراوی کاروباری ژنانی کوردستان
له درێژهی قسهكانیدا ئەو خانمە وتی: دوای تێکچوونی دانوستانەکانی ساڵی 1984 له نێوان یهكێتی و رژێمدا، ناچار بووم لە مانگی رەمەزاندا جارێكی تر روو لە شاخهكانی كوردستان بکەمهوه له خڕی ناوزهنگ، دوای ماوەیەک چوومە رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر وەک پەنابەرێک لە دانیمارک نیشتەجێبووم، ههروهها له سەرەتای ساڵی 1988 دا، بەشداریم لە دامەزراندنی رێکخراوێکی تایبەت به کاروباری ژنانی کوردستان لە کۆپنهاگن كرد و چالاكیمان زۆر بوو. لە ساڵی 2000 گەڕامەوە کوردستان و بهخۆبەخشانە لە خانەی بێسهرپهرشتان لە شاری سلێمانی کارم دەکرد.
کێ فێری شێوەزاری سۆرانی کردووە؟
گەلاوێژ عابد باسی لهوەش كرد، كه بەڕاستی هێرۆ خان زۆر پشتیوانیی کردووە چ لە شاخ و چ لە شاری سلێمانی، بۆ نموونە كاتێك له شاخ بووە هەموو رۆژێک بانگی کردووە بۆ ماڵەکەی و فێری شێوەزاری سۆرانیی کردووە، ئەو دەڵێت: دادە هێرۆ بادینییەکەی زۆرباش بوو، ههروهها کاتێک بۆ یەکەمجار چوومە شاخ، داده هێرۆ زانیبووی کچێکی خەڵکی بادینان هاتووە، ههر زوو سەردانی كردم، بۆ مێژوو دەیڵێم کە سەرۆک مام جەلال و هێرۆخان بۆ خەڵکی دەڤەری بادینان زۆر دڵسۆز و وهفادار بوون و خزمایهتی و پەیوەندیی کۆنیان لەگەڵ بادینییەکاندا هەیە.