چاوپێكەوتن: ئالان محەمەد جەزا
دارا عومەر کاکی بۆ کوردستانی نوێ : داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم باخچە و شوێنە گشتیی و گەشتیارییەكان بە ماڵی خۆیان بزانن، چۆن باخچەی خۆیان پاك ڕادەگرن و خۆشیان دەوێت، ئاواش دڵیان بۆ پارك و شوێنە گشتییەكان بسوتێت
كەمن ئەو كەسانەی دڵسۆزییان بۆ ژینگە و سروشتی كوردستان بە دەست كەوتی مادییەوە نەبەستۆتەوە، خۆشەویستییان بۆ مرۆڤ و ژینگە و سروشت و ئاژەڵانی بێلانە وای كردووە ماندوونەناسانە خزمەتی کەس و وڵاتی خۆیان بکەن، ئەویش دارا عومەر کاکی-یە کە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزە، كوردستانی نوێ لە نزیكەوە ئاگاداری كارە جوانەکانی ئەم هاووڵاتییە جوانەی شاری سلێمانییە و لە دیدارێکی تایبەتدا وتی: لەباب و باپیرانمانەوە بۆم ماوەتەوە و خولیای کاری خۆبەخشیم و ژینگەپارێزیی دەکەم، هەمیشە بەوە ئاسوودە دەبم کە هاوكاری مرۆڤەكان و هەژاران بکەم، بۆیە لە دوای راپەرینەوە خەریکی کاری خێرخوازیی و ژینگەپارێزییم بۆ نموونە بیرۆكەی دابەشكردنی كەمامە (ماسك)م لەکاتی خۆڵباریندا بۆ هات، بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان و كەسانی بەتەمەن كە نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و (رەبۆ)یان هەیە، سەرەتا لەسەر داهاتی مووچەكەم (500) ماسکم كڕی و بەسەر هاووڵاتیان و كرێكارانی ژینگەی شارەوانیی و كۆمپانیاكانی (خۆڵ و خاشاك) دابەشم كرد.
پاککردنەوەی پارک و باخچەکان
دارا عومەر کاکی لەبارەی کارە خێرخوازییەکانی بەردەوام بوو وتی: لە مانگەكانی هاتنی گەرمادا دەبەی ئاوی ساردی سلێمانی و شەربەت یان خواردنەوە گازییەکانم پێشكەش بە ژینگە پارێزان دەكرد، لەسەر شەقام و شوێنە دوورە دەستەكان، لەگەڵ ئەوەشدا كڕینی دەستەسڕی كاغەز و ماسك بۆ سەنتەری ددان لە قڕگە و پیرەمێرد لەگەڵ ماسك و دەستكێش بۆبنكەكانی تەندروستی وەك خۆبەخشێک.
ئەو ژینگەپارێزە دەربارەی کارە ژینگەییە خۆبەخشەکانی وتی: لە باخی گشتییەوە دەستمكرد بە پاككردنەوەی بن درەخت و ناو چیمەنەکان لە خۆڵ و دەبەی ئاو و بتڵی شوشە و پاكەتی جگەرە و..هتد.
هەروەها لەكاتی رۆیشتنەوەشم بۆ ماڵەوە لەسەر شەقامەكان هەمیشە عەلاگەیەكم بەدەستەوە بووە و پڕمكردووە لەو جۆرە خۆڵ و خاشاکانەی لەسەر رێگەکەم کۆمکردوونەتەوە .
پێدانی خۆراک بە ئاژەڵانی بێلانە
دارا عومەر باسی لە چالاکییە ژینگەییەکانی لە شاری سلێمانی کرد و وتی: لە پاركی ئازادی و هەواری شار لەگەڵ خێزانم هەفتانە رۆژی هەینی و شەممان بەیانیان زوو دەچینە پاركی هەواری شار گەنم و نان و خواردنی كۆتر و باڵندە و ئاژەڵە بێلانەكان دەدەین، پاشان پاركەكە خاوێن دەكەینەوە لە پاشماوەی گەشتیارەكان کە لەپاش خۆیان بەجێیانهێشتووە، 15 ساڵە لەگەڵ خێزانم بەردەوام ئەم جۆرە كارە ژینگەپارێزییانە دەکەین لە پاكڕاگرتنی باخچە و پاركەكان، هەمیشە لە خەمی دابینكردنی گەنم و نان و سەمون و خواردنی باڵندە و ئاژەڵە بێلانەکانداین، دەگەڕێین لە گۆشتفرۆشەكان و دوكانی مریشكفرۆشەكان كە پاشماوەکانیان بدەن بە ئێمە بۆ ئاژەڵانی بێلانە.
چاندنی نەمام
دارا عومەر کاکی سەبارەت کارەکانی لە دوای ئاگرەکانی چیای گۆیژە و دەوروبەری وتی: بۆ نموونە یەکێک لە کارەکانماندا وەك ئەندامێكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لەگەڵ خاتوو (ئامینە ئەحمەد) سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەكە بە ئۆتۆمبێلی خۆم لەگەڵ چەند ئەندامێكی تر سەركەوتین بۆ سەر چیای گۆیژە، لەبەرئەوەی هەمیشە لە ئۆتۆمبێلەکەمدا ئەو شتانەی پەیوەستن بە ژینگە و كاری خێرخوازیی وەك (زەرفی خۆڵ و خاشاك بۆكسی گەورە بۆ دەبەی ئاو و شەربەت، دەستكێش و كەمامە) م پێیە، لەوێ ئەو وەرزشەوان و شاخەوانانەی لەسەر رێگەكەمان دەمانبینین بەسەرمان دەکردنەوە بە پێدانی دەبەی ئاو خواردنەوە ساردەکان.
پاشان دەستمانکرد بەچاندنی بەڕوو لەگەڵ سنەوبەر لە شوێنی دارودرەخت و نەمامە سووتاوەكان، لەماوەی یەك هەفتەدا جگە لەكاری خۆبەخشیی بە خەڵك و كارمەندانی ژینگەی سلێمانی و راگەیاندنكارەكان و پێدانی ئاو و كەمامە و دەستكێش، سێ سەد داربەڕوو و سنەوبەرم بەدەستی خۆم چاندووە و لەگەڵ هاوڕێكانم بە هەزاران نەماممان لەجێگەی نەمامە سووتاوەكان چاندووە .
لەکۆتاییدا ئەم هاووڵاتییە مرۆڤدۆست و ژینگەپارێزە، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان وتی: داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی سلێمانی و كوردستان دەكەم، باخچە و پارك و شوێنە گشتیی و گەشتیارییەكان بە ماڵی خۆیان بزانن، چۆن باخچە و حەوشەی خۆیان پاكڕادەگرن و خۆشیان دەوێت و هەمیشە دەیپارێزن و دڵیان پێی خۆشە، ئاواش دڵیان بۆ پارك و شوێنە گشتییەكان بسوتێت، با وتە و قسەكانتان كرداری ژینگەیی لەگەڵدا بێت، بۆ تەندروستی خۆتان و خانەوادەكانتان، لەکۆتاییشدا سوپاسی كۆمپانیای ئاوی سلێمانی و كۆمپانیای خالید شینكێ بۆ پاكڕاگرتنی ئەم شارە دەکەم و دواجار هیوای خۆشگوزەرانیی و تەندروستی باش لەگەڵ ژینگەی پاك بۆ خەڵكی سلێمانی و شارەكانی تری كوردستان دەخوازم .