ژینگە و ژیان

تێکچوونی خاک و کاریگەریی لەسەر ژینگە

12:31 - 2025-03-03
ژینگە
90 جار خوێندراوەتەوە

نەشمیل عەلی*


تێکچوونی خاک و لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو، ئاڵنگاریی ژینگەیی بەیەکەوە گرێدراون کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کارایی ئیکۆسیستم و خۆشگوزەرانی مرۆڤ هەیە، تێکچوونی خاک ئاماژەیە بۆ دابەزینی تایبەتمەندییە فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆژییەکانی خاک، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەپیتیی و بەرهەمهێنان، ئەم تێکچوونە بە پلەی یەکەم بەهۆی تەکنیکە کشتوکاڵییە نەخوازراوەکانەوە هەیە وەک بڕینی دارستانەکان، لەوەڕاندنی زۆری ئاژەڵ و مەڕوماڵات و چالاکییە پیشەسازییەکان. بەپێی ئاماری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) بێت، خاک زیاتر لە 25 %ی جۆراوجۆریی زیندەوەرەکانی هەسارەکەمانی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها نزیکەی 1 % ی جۆرەکانی وردە زیندەوەرانی خاک ناسراون. 
لەم ساڵانەی دوایدا لە کوردستان تەکنیکێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت بۆ کشتوکاڵکردن  کە بریتییە لە (سیستمی دڵۆپاندن)، سیستمێکە لە وەرزی زستان بۆ بەرووبوومی هاوینە بەکاردێت کە لە رووی کشتوکاڵییەوە بەرهەمێکی ناوازەیە و بێ ئەوەی بژاری پێویست بیت بەرهەمدێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە ئەو نایلۆنانەی زۆر بۆ رووپۆشکردن بەکاردێن، جۆرێکن لە ماددەی پلاستیک بەجێهشتنیان لە ناو خاکەکەدا و مانەوەیان تا ماوەیەکی زۆر پیسبوونی خاکەکەی لێدەکەویتەوە، بە ماددەی (بیسفینۆڵ ئەی) کە ماددەیەکە زیانی تەندروستی زۆری هەیە و ئەگەری زۆری هەیە ئەو پیسبوونی خاکە بگوێزریتەوە بۆ رووەکەکان و دواتر بۆ خۆمان، بۆیە باشترە لە کاتی کشتوکاڵدا جگە لە بەرهەم رەچاوی پارێزگاریی لە خاک بکەین، چونکە ژەهراوی بوونی خاک جۆراوجۆریی زیندەوەران لە خاکدا کەمدەکاتەوە یان دەیشێوێنێت. 
ئیکۆسیستم کەمدەکاتەوە
لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندەوەران لە خاکدا خزمەتگوزارییە گرنگەکانی ئیکۆسیستم کەمدەکاتەوە، لەوانەش بەردەوامیی ماددە خۆراکییەکان، پاڵاوتنی ئاو و رێکخستنی نەخۆشی.
زیندەوەرانی خاک رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە شیبوونەوەی ماددە ئۆرگانییەکاندا، بەمەش ماددە خۆراکییەکان ئازاد دەکەن کە گرنگن بۆ گەشەی رووەکەکان، کەمبوونەوەی ئەم زیندەوەرانە ئەم پرۆسانە تێکدەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەپیتیی خاک و بەرهەمی کشتوکاڵیی، جگە لەوەش خاکە تێکچووەکان توانای جیاکردنەوەی کاربۆنیان کەمترە، ئەمەش گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەکات، تویژینەوەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە تێکچوونی خاک دەتوانێت ببێتە هۆی بەبیابانبوون، وادەکات زەوی بێ بەرهەم بێت و نەتوانێت پشتگیریی ژیانی رووەکەکان بکات، ئەمەش زیاتر جۆراوجۆریی زیندوو کەمدەکاتەوە.
چارەسەرەکان
چارەسەرکردنی تێکچوونی خاک و لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندەوەران پێویستی بە پەسەندکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی بەردەوامی زەوی هەیە، کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی کە زانیاری نەریتیی لەگەڵ زانستی مۆدێرن تێکەڵ دەکات، جۆراوجۆریی زیندەوەران بەرەوپێش دەبات و خۆڕاگریی خاک بەرز دەکاتەوە، رێکخراوی FAO جەخت لەوە دەکاتەوە کە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی بەردەوامیی خاک زۆر گرنگن بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو لە خاکدا.
لە کۆتاییدا، تێکچوونی خاک و لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندوو، پرسێکی گرنگە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک و سەقامگیریی ئیکۆسیستمی جیهان دەکەن، جێبەجێکردنی پراکتیکەکانی بەڕێوەبردنی زەویش بە شێوەیەکی بەردەوام زۆر گرنگە بۆ راگرتن و پێچەوانەکردنەوەی ئەم رەوتانە و ژینگەیەکی خۆڕاگر و بەرهەمدار بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.
* ماستەر لە تەکنۆلۆژیای خۆراک، مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

سەرچاوەکان
• منظمة شهرزور للزراعة والبيئة –فریدون جاف
• Natural History Museum. (n.d.). Soil Degradation and Its Impact on Biodiversity. Retrieved from https://www.nhm.ac.uk/discover/soil-degradation 
• Food and Agriculture Organization of the United Nations (FAO). (2021). Soil Biodiversity and Sustainable Agriculture. Retrieved from https://www.fao.org/global-soil-partnership/areas-of-work/soil-biodiversity/en/

بابەتە پەیوەندیدارەکان