(65 %)ی خاکی مینڕێژكراوی هەرێم پاكراوەتەوە

10:45 - 2022-08-01
کوردستان
658 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: ئەرشیف

لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: 65 % ی خاکی مینڕێژكراوی هەرێمی كوردستان، پاكراوەتەوە.
تالیب خالید لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان  بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: 65 %ی خاکی مینڕێژكراوی هەرێمی كوردستان پاكراوەتەوە، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ پاكردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی تر، وتیشی:  هۆكار زۆرە كە نەتوانراوە تەواوی ناوچەكان لە مین پاكبكرێنەوە، لەوانە: قەیرانی دارایی، هەروەها ئەو شوێنانەی كە ماون زۆربەیان ناوچەی سەختن و كاری پاكسازیی تێیاندا ئەستەمە و شاخ و بەردەڵانن،  هۆكارێكی دیكە كەشوهەوایە کە بەهۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە مینەكان لە شوێنی خۆیان نەماون، یان تا زیاتر لە 30 بۆ 50 سم ژێر خاك كەوتوون.
ئاماژەی بەوەش دا «دەزگای گشتیی كاروباری مین پلانێكی پێنج ساڵی داڕشتووە، بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەرێكی زۆر فراوانتر لە مین پاكبكاتەوە،  بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 36 تیمی مینلابەری هەیە، رۆژانە بەردەوام لە ئەركدان، چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتیی بواری كاروباری مینیش رۆژانە خەریكی پاكردنەوەی ناوچە مەترسیدارەكانن لە مین.

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

#هەرێمی كوردستان #مین

بابەتە پەیوەندیدارەکان