سامان یاروەیس
لە راپەڕینی دووەمدا لە مانگی 10ی 1991 ئەفسەرە دیلەکانی رژێممان بە تەرمی شەهیدەکانمان گۆڕییەوە کە لە رزگارکردنی خانەقیدا شەهیدبوون
میمكە تەلە، ژنێكە بارتەقای خۆڕاگریی شاخێك، تا گیانیشی سپارد، جەرگی لە چەند شوێنەوە سوتابوو، بەڵام بوێرانە دەرەقەتی ژیان دەهات و رووبەڕووی ئەستەمەکان دەوەستایەوە، جوامێری كوڕی كە یەكێكە لە جوامێرەكانی شۆڕشی نوێ، بە تامەزرۆییەوە بەچاوی پڕ فرمێسكەوە باسی راپەڕینی خانەقی و شەهیدبوونی براكانی دەكات.
سێ هێز بەرەو خانەقی بەرێخران
جوامێری میمكە تەلە یەكێك لە بەشداربووانی راپەڕینی خانەقی دەڵێت: لە راپەڕینەكەی ئازاری 1991 دا، خانەقی-ش وەك هەر شارێكی تری كوردستان، كڵپەی جۆشدان و خرۆشانی ئازادی باڵی بەسەردا كێشابوو، هێزەكانی پێشمەرگە لەدوای ئازادكردنی ناوچەكانی تر، لە كەلار کۆبوونەوە و خۆیان بۆ ئازادكردنی خانەقی ئامادە دەكرد، سێ هێز بەرەو خانەقی كەوتنەڕێ، هێزەكان رێكخراو نەبوون، ئێمە لە ئێرانەوە هاتینەوە 450 كەس بووین، چوینە دەربەندیخان، خەبەری ئەوەمان بۆ هات كە خانەقی گیراوە، هێزەكەی كاك عەلی شامار چوونەتە ناو شارەوە، دواتر وتیان حكومەتی عیراق پەلاماری خانەقیی داوەو هاتووەتەوە ناو شارەکە، كاك سەلامی كوێخا عەزیز و شەهید شاهۆ و شەهید مەحمودی مامە عەزە بە سێ هێزەوە بە فەرمانی شێخ جەعفەر و فەریدون عەبدولقادر بەرەو خانەقی كەوتنەرێ، تا شەوی 10/3/1991 هێزەكان لە كەلار مانەوە، بەیانی زوو نزیك شارەكە بوونەوە، شەهید شاهۆ سیفەتی سەیری هەبوو، ورد و دووربین بوو، لە حەفتاكانەوە پێشمەرگەبوو، چەندین جار بریندارببوو، دڵی خراپ لێیدابوو، داوایكردبوو تۆزێك بووەستن، بەهێزی پێی و بەخاوی و وریاییەوە بڕۆن، بەڵام شەپۆلی راپەڕین گڕوتینی زیاتر بوو، خەڵك بەجۆش بوو، ئیتر بەگوێیان نەكردبوو، هێزەکە لە نزیك حەی عەسكەر لە نزیك سایلۆكەی خانەقی، لە دووری 30 بۆ 40 مەترەوە چووبوونە ناو بۆسەی موجاهدینی خەلقەوە کە هاوکاریی رژێمی بەعسیان دەکرد، نزیكەی 30 بۆ 45 خولەك شەڕبوو، هەر لەوێ 7 كەس لە بنەماڵەی ئێمە و حەوتیش لە بنەماڵەی كوێخا عەزیز كە دووانیان برای كاك سەلام بوون شەهیدبوون.
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هادی و عەتای برام شەهیدبوون، شەهید هادی ژنەكەشی پێشتر ئەنفال کرابوو، شەهید شاهۆ و كاك سەلام بۆ هێنانەوەی تەرمەكان چووبوونە ناو خانەقی و ئێوارەی هەمان رۆژ رەتڵێكی پۆلیس و ئەمن و ئیستخبارات و قایمقامی خانەقی، كەوتنە ناو بۆسەی پێشمەرگەوە و دوو بۆ سێ سەیارەیان سووتێنرا، قایمقام و مودیری ئەمن كوژران لەگەڵ 13 كەسی تردا و سێ ئۆتۆمبێلەکەشیان كەوتە دەستی پێشمەرگە.
تەرمەكانیان بەجێمان
جوامێری میمكە تەلە لەبارەی تەرمی شەهیدەکانەوە دەڵێت: تەرمەكان لەوێ گیرسابوونەوە، نەتوانرا دەربازیان بکەین، هەردوو براكەم بە بەتانییەك پێچرابوونەوە و لەناو سەنگەرەکەدا خۆڵیان دابوو بەسەریاندا، لەوێ مانەوە هەتا راپەڕینی دووەم، لەراپەڕینی دووەمدا لیوایەك لە بانیخێڵان بوو، ئێمە لیواكەیانمان گرت، ئەمە لە مانگی 10ی 1991، ژمارەیەك ئەفسەرمان بەدیل گرت، ئامر لیواو جێگرەكەی و سێ ئەفسەری تر بوون، گرتنیان دەرفەتێكی باش بوو بۆئەوەی خەمی هێنانەوەی تەرمەكان بخۆین، ئیتر ئەوەبوو بەڵێنیان دا تەرمەكانمان بۆ بێننەوە، 17 رۆژ ئەفسەرەكانمان دەستبەسەر كرد، تاوەكو تەرمەكانیان بۆ گێڕاینەوە، لەو 7 كەسەی بنەماڵەكەمان جگە لە تەرمی ئامۆزایەكمان كە هاوكات مێردی خوشكەكەشم بوو، تەرمەكان نەشێواو بوون، لە كۆمیتەی كەلار تەرمەكانمان داناو دواتر ناشتمان، ئەوەی سەیربوو، تەرمەكان زۆر تێكنەچووبوون.
دایكم چی وت؟
كە تەرمەكانمان هێنایەوە، خەڵكێكی زۆر لێمان كۆبونەوە، دایكم لەوكاتەدا نەگریا و نە یەك دڵۆپ فرمێسكی رشت و رووی لە خەڵكەكە كرد و وتی: كوڕەكانم خۆیان ئەم رێگەیەیان هەڵبژاردووە، لەپێناو خاك و نیشتمانەكەیانە، ئەگەر زیندووش ببنەوە، جارێكی تر دەیاننێرمەوە بۆ بەرگریكردن لە نیشتمانەكەیان.
مام جەلال هاتە ماڵمان
هەر لەوبارەیەشەوە دەڵێت: مام جەلال سەردانی كردین بۆئەوەی چاوی بە دایكم بكەوێت و دڵنەوایی بداتەوە، لەبەرامبەر شەهیدبوونی سێ كوڕی شەهیدان(شاهۆ، هادی، عەتا)، دایكم بە مام جەلال-ی وت: ئەگەر كوڕەكانی من شەهید نەبن و خوێنیان نەڕێژێت، چۆن كوردستان ئازاد دەبێت؟!، من سەربەرزم پێیان.
دایكم و باوكم زیندانی كران
لە ساڵی 1976 حزبی بەعس دایك و باوكم و برایەكمی لە ناسرییە بەندکردبوو كە براکەم شیرخۆرە بوو، لەبەرامبەر ئەوەی كوڕەكانیان پێشمەرگەن، چونكە شەهید شاهۆ یەكێك بوو لە پێشمەرگە سەرەتاییەكان و لە حەفتاكاندا ببوو بە پێشمەرگە، لەناو زینداندا بەعسییەكان براكەمیان لەشیر بڕییەوە، جگە لە ئەشكەنجە و ستەمکردن لە دایکم و باوکم.
حەیدەرەكەی جوامێری میمكە تەلە
لە ساڵی 1990 خێزانەکەم دووگیان بوو كە بە جێمهێشتن و چوومە ئێران، لە عەربەت لە ماڵێكدا حەشارمدابوون، لەلایەن كەسێكەوە بەبیانووی هێنانە دەرەوەیان بەقاچاخ و بە بڕە پارەیەك خیانەتمان لێكرا و ئەمنی هەڵەبجە گرتنی و دواتر لە ئەمنە سوورەكە زیندانی كران، حەیدەر لەوێ لەدایكببوو، سەرەڕای ئەشكەنجە و ئازاری زۆر، حەیدەر 6 مانگ بە كۆرپەیی لە زیندان بوو، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی مادەی 157 بڕیاری گوللەبارانكردنیان بۆ دەركرا، كە دواتر لە 1991 رزگاریان بوو.
ژنهێنانەكەی شەهید شاهۆ
شەهید شاهۆ برای گەورەمان بوو، بەزۆر ژنمان بۆ هێنا، هەمیشە دەیوت: ناتوانم ژنبهێنم و بەدبەختی بكەم، دەزانم رۆژێك شەهید دەبم، بەدرێژای تەمەنی هێندەی بە شاخ و دەشت و شەڕ و بەرگرییەوە بوو لە خاكەكەی، هێندە نەحەسایەوە.
جوامێری میمكە تەلە وتی: ئێستا دوو كچ و كوڕێكی هەیە و بە یادەوەری و سەربەرزیی باوكیان دەژین، وەك چۆن ئێمەش شانازییان پێوە دەكەین.
خێزانێكی بەختەوەر و دڵخۆش بووین
لەبارەی خانەوادەكەشیانەوە دەڵێت: خێزانەكەمان سەرەڕای هەموو ئازارەكان، برایەتی و خوشكایەتیمان زۆر خۆش بوو و زۆر بەیەكەوە گونجاوبووین و پشتوپەنای یەكتری بووین و رێزی گەورە و بچووك و ئامۆژگاری و یەكتر قبووڵكردنمان لە نێواندابوو، هەروەها دەڵێت: دووان لە خوشكەكانم، شەهید هادی و عەتایان هەر نەبینی، هێندەی سەرقاڵی خەبات و بەرگری بوون، دەرفەتی دیداریان نەبوو.