رەمەزان لە سوریا

ئامادەكردنی خوانی بەربانگ بۆ خەڵكی سوریا ئەستەمە

11:02 - 2025-03-11
ئابووری
196 جار خوێندراوەتەوە
خوانی بەربانگی خێزانێكی سوریا

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

جاران بانگهێشتكردنی خزم و كەس و دۆستان بۆ بەربانگی ئێوارە نەریتێكی كۆمەڵایەتی بوو، ئێستا هەر كەسێك بتوانێت كەسێكی دیكە بانگهێشت بكات بۆ بەربانگ، نیشانەی ئەوپەڕی دەستڕۆیشتوویی و دەوڵەمەندییە

رەمەزان بە مانگی خێر و بەرەكەت بەناوبانگە، لەم مانگەدا موسوڵمانان بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن، خوانیان رازاوە بێت بۆ بەربانگ، كە دەڵێین بە هەموو توانایانەوە، لە كەم كەم و لە زۆر زۆر، واتە هەر خێزانەو بە پێی توانای دارایی خۆی، بەڵام بۆ خەڵكی سوریا ئەم قسانە هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، چونكە خێزانێكی سوری، بەهۆی خراپیی باری دارایی و گرانیی و كەمیی خۆراكەوە، ناچارن بە وردی حسابی هەموو شتێك بكەن و بابەتەكانی سەر خوانی ئێوارەی بەربانگییان هەڵبژێرن، خۆراكە سەرەكییەكانی وەك برنج و گۆشت و نۆك و فاسۆلیا، بۆ خەڵكی سوریا بوونەتە بابەتی كەمالیات و هەموو كەس ناتوانێ دابینی بكات، ئەم دۆخە رەمەزانی پێشوش، واتە بەر لە رووخانی رژێمی ئەسەدیش هەر وا بوو، رەنگە ئێستا تروسكەی هیوایەك هەبێت بۆ باشتربوونی ئابووریی ئەو وڵاتە ئەگەر شەڕ و نائارامیی سیاسی لێگەڕێ.

كە پارە نەبوو، با هەرزانیش بێت
راپۆرتێكی بی بی سی ئاماژە بەوە دەكات، كە لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە بازاڕ كراوەتر بووە و هەندێك شمەك و خۆراك كە پێشتر نەدەهاتنە ناو سوریاوە، ئێستا لە بازاڕدا هەیە و بەردەستە، بەڵام هێزی كڕین لای هاووڵاتییان ئەوەندە لاوازە، بەشێكی زۆریان ناتوانن بیكڕن، هێزی كڕین پەیوەندیی بە داهاتی تاكەوە هەیە و داهاتی تاكیش لە سوریا بە گوێرەی دوا ئامار و بەدواداچوون بە جۆرێك وێرانە، كە هەندێك كەس داهاتی یەك مانگی تەنیا 20 یان 30 دۆلارە.
خەڵكی سوریا، دوای پەنجا ساڵ لە حوكمی دیكتاتۆر رزگارییان بوو، رەمەزانی ئەم ساڵ بە بێ دەسەڵاتی ئەسەد بەڕێ دەكەن، بەڵام دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بە جۆرێكە، بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەر 10 كەسی خەڵكی ئەو وڵاتە نۆیان هەژارن، لە هەر چوار كەسیان یەكێكییان بێكارن، بازاڕیان كراوەتەوە بە رووی كاڵای بیانیدا، بەڵام هێزی كڕین یارمەتیدەر نییە، هەرچەندە توركیا كاڵاكانی خۆی بە نرخێكی هەرزان دەخاتە بازاڕی سوریاوە، بەڵام كە پارە نەبوو، با هەرزانیش بێت، هەر گرانە.

جیاوازیی ئەوسا و ئێستا
خالید ئەلتركاوی توێژەری بواری ئابووریی لەو بارەیەوە بە بی بی سی راگەیاند: ئێستا جیاوازیی چینایەتی لە سوریا نەماوە، چونكە كاڵا و شمەكی بازاڕ، ئەگەرچی هەرزانیشە، بەڵام زۆربەی خەڵكی سوریا توانای كڕینیان نییە، هەر بۆیە ئەو توێژەرە پێی وایە بۆ خەڵكی سوریا لە رووی داراییەوە جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد و سەردەمی دوای رووخانی ئەسەددا نییە.
خەڵكی سوریا بەوە ناسراون، كەسانی كۆمەڵایەتین و بە تایبەتیش لە مانگی رەمەزاندا حەز دەكەن، لە دەوری یەكتر كۆببنەوە و یەكتر بانگهێشت بكەن و پێكەوە نان بخۆن، بەڵام لەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێستای سوریادا، خەرجییەكانی رەمەزان بۆتە بارگرانی بەسەر شانی زۆربەی خەڵكی ئەو وڵاتەوە، جاران كە بانگهێشتكردنی خزم و كەس و دۆستان بۆ بەربانگی ئێوارە نەریتێكی كۆمەڵایەتی بوو، ئێستا هەر كەسێك بتوانێت كەسێكی دیكە بانگهێشت بكات بۆ بەربانگ، نیشانەی ئەوپەڕی دەستڕۆیشتوویی و دەوڵەمەندییە.

بازاڕ كراوەتر بووە
لە رووی ئایینییەوە بارودۆخەكە بۆ خەڵكی سوریا ئاسانتر بووە و مەترسیی لەسەر خەڵك بۆ بەشداریی لە پابەندییە ئاییینییەكانی وەك نوێژی بەیانی و پارشێو و ئەو وردەكارییانە نەماوە، لە رووی ئابووریشەوە، بازاڕ كراوەتر بووە و هەندێك كاڵا و شمەك، كە پێشتر رێگریی كراوە كە بێتە ناو سوریاوە، ئێستا بە ئازادی دێت و زۆر و زەوەندەیە، بەڵام هەژاریی خەڵكی سوریا وایكردووە، تەنانەت كڕینی هەندێك خۆراك، كە رۆژانێك بابەتی سەرەكی خوانی ئێواران بووە، ببێتە كەمالیات و بە دەگمەن كەسانێك بتواننن بیكڕن، وەك: گۆشت و مریشك، كە بە دەگمەن رێكدەكەوێت بگاتە سەر خوانی هاووڵاتییەكی سوریا.
خالید ئەلتركاوی ئەو تویژەرەی بواری ئابووریی باس لە ئاستی بژێویی خەڵكی سوریا دەكات، لەسەر  بنەمای مووچە و داهاتی تاك لەو وڵاتەدا و لەو بارەیەوە دەڵێ: لە سوریا سێ جۆر مووچە هەیە، كە سەرچاوەی داهاتی خەڵكی ئەو وڵاتەیە، یەكەمیان مووچەی حكومییە، كە كەمترین مووچەیە، چونكە مانگیی، لە 20 بۆ 25 دۆلار تێناپەڕێت و زۆر زۆرەكەی دەگاتە 30 دۆلار.

مووچە و هێزی كڕین
دووەمیان مووچەی كەرتی تایبەتە، هەرچەندە زۆر نییە، بەڵام لە مووچەی كەرتی گشتیی باشترە و هەندێك لە كارمەندانی كەرتی تایبەت مووچەی مانگێكیان دەگاتە 100 بۆ 120 دۆلار و تەنانەت 150 دۆلاریش، هەڵبەتە بە پێی جۆری كارەكە دەگۆڕێت، هەندێك لە گەنجانی دیمەشق كاریان دەستكەوتووە مانگی بە 300 بۆ 400 دۆلار، ئەمەش زۆر باشترە نیشانەی بوژانەوەی كەرتی تایبەتە.
جۆری سێیەمی مووچە، مووچەی كارمەندانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروستكردووە، لەبەر ئەوەی مووچەی هەندێك لەو كارمەندانەی لەو رێكخراوانەدا كار دەكەن دەگاتە هەزار دۆلار، جگە لەو رێكخراوانەش هەندێك كۆمپانیای نێودەوڵەتیی لەوێ كار دەكەن، كە مووچەی كارمەندانیان لە سەرو هەزار دۆلارەوەیە و هەندێك جار دەگاتە هەزار و 500 دۆلاریش.

تروسكەی هیوا
ئەو جۆرە مووچانە لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا كاریگەریی بۆ سەر بوژانەوەی ئابووریی دەبێت، چونكە رێژەی ئەو كارمەندانەی لەو بوارانەدا كاردەكەن كەمە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، لانیكەم بۆ خاوەن مووچەكە خۆی زۆر باشە و بێگومان كەسوكاریشی سوودی لێدەبینن.
ئێستا خەڵكی سوریا تروسكەیەكی هیوا شك دەبەن بۆ باشتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتەكەیان، چونكە لەلاپەك دیكتاتۆر رووخاوە، هەندێكی كەم لە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە بازاڕی ئەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ بەرەو كرانەوە دەچێت، ئەوان ئێستا چاوەڕوانی دواڕۆژێكی روونتر و باشترن، بەڵام شەڕ و ماڵوێرانی هێشتا بە تەواوی بەرۆكی خەڵكی سوریای بەرنەداوە، تا ئێستاش كەم شەو هەیە تەقە نەبێت و لایەنێك هەڵنەكوتێتە سەر لایەنێكی دیكە، هەموو شەڕەكانیش بە بیانووی جیاجیا دەكرێن و لە كۆتاییشدا هەر خەڵكی مەدەنی باجەكەی دەدات و دەبێتە قوربانیی.
سەرچاوە: BBC


بابەتە پەیوەندیدارەکان