تەكنۆلۆژیا و سۆشیال میدیا هۆكاری زیادبوونی نەخۆشی دەروونین

دکتۆر ئەفرام بۆ کوردستانی نوێ : هەموو كەسێك تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێت

11:26 - 2025-03-11
ڕاپۆرت
107 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشیی دەروونی یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان لە كوردستان و جیهاندا، نیشانەكانی كەسی تووشبوو زۆربەی كاتەكانی رۆژانەی هەست بە ماندوبوون و دڵتەنگی دەكات و بە ئاشكراش ئەمە دەبینرێت.
لەوبارەیەوە دکتۆر ئەفرام محەمەد پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونیی لە سلێمانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشیی دەروونی و خەمۆكی دەبن، وەك پێویست ناتوانن كاربكەن و تووڕەدەبن و لەژیان بێزار دەبن و تووشی كەم خەوی و نەمانی چێژوەرگرتن لە خوارن دەبن.
وتیشی: هۆكاری سەرەكیی نەخۆشییە دەروونییەكان، جەنجاڵیی ژیان و زۆر بەکارهێنانی سۆسیال میدیا و تەكنۆلۆژیایە، چونكە پێشتر كۆمەڵگەی كوردی پەیوەندییەكی بەهێزی كۆمەڵایەتیی هەبووە و ئێستا ئەو پەیوەندییانە لاوازبوون، جگە لەوەش رەنگە هەموو كەسێك تووشی نەخۆشیی دەروونی ببێت و نەخۆشییەكە شتێکی نوێ نییە، بەڵام رێژەکەی زیادیكردووە و سەرجەم تەمەنەكانی گرتووەتەوە. 
دكتۆر ئەفرام جەختیشیكردەوە لەوەی كە چارەسەرکردنیان بەپێی تەمەن و جۆری نەخۆشییەكە جیاوازە و رێگەی یەكەم ئەوەیە كە راهێنانی دەروونی بە كەسی نەخۆش دەكرێت، تاچارەسەر وەربگرێت، بەڵام ئەگەر كەسێك تووشی ناهۆشمەندی ببوو، ئەوكات دەرمانی بۆ بەكاردەهێنرێت، ئەو كەسانەشی تووشی بیرچوونەوە بوون تەزووی كارەبایان بۆ بەكاردێت، ئەمەش تاكە چارەسەرە کە لە كوردستان و جیهانیشدا باوە.
روونیشیكردەوە كە بەشێكیان بۆ ماوەییە، واتا لەخێزانێكدا لە 100 كەسدا یەكێكیان تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە دەبێت، ئەمەش ئێستا بۆ لە 10 % زیادیکردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان