لەپێناو بوژاندنەوەی بەری مەرگەدا

12:18 - 2025-03-12
دووتوێ
10 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی ناوچەی مەرگەی لانکەی شۆڕشەکان


ئومید ئیبراهیم* 



ناحیەی بنگرد، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ئێستا خراوەتە سەر ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەم ناحیەیە بە زمانە سادەکەی خۆمان  بە(بەری مەرگە) ناسراوە و زۆرجار بە گوندەکانی بەری مەرگە و ئەوبەری دەربەندی رانیەش ناودەبرێت.
تێکڕای گوندەکانی  سنووەکە پێکدێت لە نزیکەی 56 گوند و لەڕووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی بنگردە لە قەزای دوکان. سنوورێکی فراوان دەگرێتەوە کە لە گوندی سەرسیانی دەربەندی رانیەوە دەستپێدەکات تا دەگاتەوە دوکان. لە خۆرهەڵاتەوە بە دۆڵی جافایەتیدا دەڕوات تا دەگاتە گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو هاوسنوور دەبێتەوە لەگەڵ سنووری ناحیەی گاپیڵۆن لە ناوچەی شارباژێر.
ئەم ناوچەیە مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومڕانیی ساسانییەکان و زووتریش، بەجۆرێک گوندی مەرگە پایتەخت و مەرکەزێکی گرنگی(فەروح شا) شای فارسەکان بووە، لە مێژووی نوێی کورددا پایتەخت  و سنووری قەڵەمڕەوی میرنشینی بابان بووە لە(1669 -1851ز) و لە سەردەمی حوکمی راستەوخۆی عوسمانییەکانیشدا لە(1229 -1924ز) وەک قەزا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لە چوارچێوەی ویلایەتی شارەزووردا کە دواتر بوو بە ویلایەتی موسڵ، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان و لەماوەی راپەڕین حوکمڕانیی مەلیک مەحمودی حەفید دژی دەسەڵاتی ئینگلیز، بەری مەرگە هەم رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پشتیوانیکردن لە شێخ و هەمیش بەشێک بووە لە سنووری جوگرافی و ئیداریی حکومدارییەکەی.
لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا(1961 - 1975) ناوچەی مەرگە مەڵبەندێکی ستراتیژیی شۆڕشەکە بووە، لەدوای نسکۆی شۆڕش و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێش بە سەرکردایەتی مام جەلال و رابەرایەتیی ی.ن.ک لە ساڵی (1975)دا بەتایبەتی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، سەردەمانێک گوندەکانی سێروان و مەرگە و ئاوەژێ و کوێرەکانی) پێگەی هەندێک لە بارەگاکانی سەرکردایەتیی شۆڕش بوون و قورسایی شۆڕشەکەش لەسەر شانی گوندنشینانی ئەو ناوچەیە بوو.
لەچوارچێوەی شاڵاوەکانی راگواستن، کۆچپێکردن و بە بەعسیکردندا لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا زۆربەی گوندەکانی بەتایبەتی ئەو گوندانەی نزیک سنووری ئێران بوون و شوێنی حەوانەوە و خۆحەشاردانی پێشمەرگە بوون، تووشی راگواستن بوون، لە دوای شاڵاوەکانی ئەنفالیش(1988) تەواوی گوندەکانی تێکدران و خەڵکەکەشی بەر شاڵاوی گرتن و راگواستن کەوتن و بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێکانی وەک حاجیاوا، تەکیە، پیرەمەگروون و...هتد.
ئەگەرچی لە دوای راپەڕینەکەی گەلی کوردستان لە ئازاری 1991دا و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام ئێستا پێویستییان بە تەواوکردن و ئەنجامدانی ئەم پرۆژە ستراتیژییانەش هەیە:
یەکەم: پاش تەواوکردنی هەردوو پردی دەربەند بەهۆی فراوانیی ناوچەکە و بەستنەوەی بە سنووری قەزاکانی پشدەر، دوکان و رانیە، ناوچەی شارباژێڕ و قەرەباڵغیی رێگەوبانەکانی پێویستییان بە بەدووسایدکردنە بەتایبەتی لە سەرەتاکانی ئەو پردە نوێیەی کە ساڵی پار بەڕووی دانیشتوواندا کرایەوە بەدرێژایی نزیکەی  سێ کیلۆمەتر.
دووەم: ناوچەکە پێویستی بە دروستکردنی تونێلێکە لە بناری جێای قەرەسردەوە بەهۆی سەختی و هەورازیی ئەو چیایەوە، ئەگەرچی چەندین جار بەڵێنی دروستکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دراوە بە دانیشتوانەکەی و بڕیاربوو تونێڵەکە هاوکات لەگەڵ تونێڵەکانی ئەزمڕ و هەیبەت سوڵتاندا بکرێت، بەڵام بەداخەوە جگە لەوەی ئەزمڕ ئەوانی تر جێبەجێ نەکران، بۆیە ئەوە ئێستا بووەتە داواکاریی لەپێشینەی دانیشتوانی ناحیەی بنگرد و بەری مەرگە.
سێیەم: بەهۆی سروشت و هەڵکەوتەی جوان و دڵڕفێنی دەریاچەی دوکان و گونجاوییەوە، ناوچەکە پێویستی بە چەندین پرۆژەی گەشتیارییە بەتایبەتی لە نزیک گوندەکانی(خۆشاو، پەڵکۆ و سێناجیان) کە دەخوازرێت بکرێن بە چەندین شوێنی گەشتیاری.
چوارەم: بەهۆی بوونی زنجیرە چیا و لێڕەوار و بوونی بەفر و بارانی زۆری ساڵانەوە، ناوچەکە پێویستی بە دروستکردنی بەنداوێکە بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاوی زیادەی شاخەکان، بەتایبەتی لە نزیک گوندی (بیوەکە). بەو ئومێدەین لە کارنامەی کابینەی داهاتوودا، زیاتر گرنگی بەو ناوچە گرنگ و بەهادارە بدرێت.

*ماستەر لە مێژووى نوێ و هاوچەرخ

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان