بەدواداچوونى: سەروەر کەمال
چیای ماکۆک، چیایەکی دڵگیر و سەرکەشە، کەوتووەتە قەزای حاجیاوای سەربە ئیدارەی راپەڕین. یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکان کە ساڵانە لە هەموو وەرزەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ناوچەکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان رووی تێدەکەن.
چیاکە «1820» مەتر لەڕووی دەریاوە بەرزە و دەڕوانێت بەسەر دۆڵی شاورێ و بەشێک لە ناوچەی خۆشناوەتی و بیتوێندا کە لە بەرزاییەکانییەوە دەریاچەی دوکانیشی لێوە دیارە و دیمەنێکی جوانی هەیە، ئەوەش وایکردووە لە وەرزی هاوینیشدا فێنک بێت و گەشتیار رووی تێ بکات.
ئەم چیایە پێگەیەکی گرنگی لەڕووی گەشتیارییەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە فەرامۆشکراوە و هیچ خزمەتگوزارییەکی گەشتیاریی بۆ دابین نەکراوە، کە ئەوەش مایەی ناڕەزایی زۆریی دانیشتوانی حاجیاوا و ئەو گەشتیارانەشە کە لە ناوچەکانی سنووری راپەڕین و دەرەوەی سنوورەکەشەوە سەردانی دەکەن. بۆیە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەکە و بەتایبەتیش لە قەزای حاجیاوا سوودی گەورەی لێ وەربگرن و هانی وەبەرهێنەران بدەن پرۆژە لەو چیایە جێبەجێ بکەن، بەوپێیەی لەڕووی ئەمنیشەوە تا راددەیەک جیاوازە و تەواو پارێزراوە.
چیاکە هاوشێوەی چیای کۆڕەکە و ئەویش سیمایەکی گەشتیاریی هەیە و پێگەکەی زۆر لەبارە بۆ پرۆژە، وەک دەشبینین ساڵانە بەهۆی ئەو پرۆژانەوە گەشتیارێکی زۆر لە هەموو پارێزگاکانی عیراقەوە روو لە جیای کۆڕەک دەکەن و سەدان هەلی کاریشی بۆ هاووڵاتیانی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری کۆڕەک دەستەبەر کردووە، بۆیە ئاوڕدانەوە لە چیای ماکۆکیش جگە لەوەی خزمەت بە سنووری راپەڕین دەکات، دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتی باشیش بۆ خەڵی سنوورکە بەتایبەتی لەبواری گەشتیاریدا.