بەڕێوەچوونی پێنجەمین دیداری زانستیی ساڵانە لە راپەڕین

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆکوردستانی نوێ -ی راپەڕین: سێ ساڵی داهاتوو دەڤەری راپەڕین گۆڕانکاریی گەورە لە بواری گەشتیاریدا بەخۆیەوە دەبینێت

12:26 - 2025-03-12
دووتوێ
45 جار خوێندراوەتەوە
#لایەنێک لە پێنجەمین دیداری زانستیی ساڵانەی راپەڕین

رێپۆرتاژى : مستەفا محەمەد


لە ساڵڕۆژی «34»ـەمین ساڵیادی راپەڕیندا و بە دروشمی «گەشەپێدانی سێکتەری گەشتوگوزار لە ئیدارەی راپەڕین»، ناوەندی رێکخراوە دیموکراتییەکانی راپەڕین بە هاوکاریی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین و پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی راپەڕین، پێنجەمین دیداری زانستیی ساڵانە بەڕێوەچوو.
لە پێنجەمین دیداری زانستیی راپەڕیندا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومیی و ئەکادیمیی و رووناکبیران و نوێنەرانی رێکخراوەکان و سەندیکاکان ئامادەی بوون، دیدارەکە دابەشکرا بەسەر چەند بەش و تەوەرێکدا.
لە تەوەری یەکەمدا وتاری هەریەکە لەلیژنەی باڵای دیدار و سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پێشکەش کران.

دوو پانێڵ و حەوت سیمینار
پاشان لە چوارچێوەی دوو پانێڵدا، حەوت سیمینار لە رەهەندی جیاجیاوە پێشکەشکران لەبارەی ئاستی گەشەپێدانی گەشتوگوزار و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی تاک و رۆڵی میدیا و شوێنەوار لە پێشختنی گەشتوگوزاردا، جگەلەوەش باس لە دۆخی پرۆژەکان و چۆنێتی بەگەڕخستنیان کرا، کە سەرجەمیان لەلایەن مامۆستایانی بەشداربوو لە پانێڵەکاندا پێشکەش کران. 
لەکۆتاییشدا، لەلایەن لیژنەی راسپاردەوە، دەرەنجام و راسپاردە و پێشنیازەکانی دیدار بۆ چارەسەر و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین خرانەڕوو.

 ئەمەل جەلال: دەستنیشانکردنی خەڵکانی پسپۆڕ لە گەشتیارییدا،  وایلێکردین  بەجۆشەوە  گوێ بۆ بابەتەکانی دیدار    بگرین 

دەیانکەینە بنەما و نەخشەڕێی کاری ئایندە
لە لێدوانێکیشدا خاتوو ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی راگەیاند: سازکردنی ئەو دیدارە لەلایەن ناوەندی رێکخراوەکانی راپەڕین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دوو دامەزراوەی گرنگی سنوورەکە و هەڵبژاردنی سێکتەری گەشتوگوزار، مایەی دەستخۆشییە و وتی: دەستنیشانکردنی خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاوازەکانی گەشتیاریدا، وایلێکردین بە جۆش و خرۆشەوە گوێ بۆ بابەتەکانی دیدارە بگرین و خۆشمان پانێڵمان تیایدا هەبێ و سەرنج و پێشنیازی پانێڵیست و بەشداربووانی سیمینارەکان و راسپاردەکانی دیدارەکە بۆ چۆنێتی پێشخستنی گەشتوگوزار زۆرگرنگ بوون و  دەیکەینە بنەما و نەخشەڕێگە و تەواوکەری پلانی دەستەکەمان.
روونیشیکردەوە کە سنووری راپەڕین ناوچەیەکی گەشتیاریی ناوازەیە و هەموو رەگەزەکانی گەشتیاریی تێدایە، هەم لەڕووی مێژووییەوە، هەمیش لەڕووی شوێنەواریی و کانزاییەوە، هەروەها لەڕووی نەریتی میوانداری و میواندۆستیشەوە ناوچەکە گونجاوە و دەکرێت سوودی زۆر لەو رەهەندە جیاوازانەی وەربگیرێت.
 هەر لەو لێدوانەیدا خاتوو ئەمەل جەلال مژدەی ئەوەشی بە خەڵکی سنوورەکە دا کە بەپێی ئەو پڕۆژانەی لە بواری وەبەرهێناندا مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەست بەکارەکانیان کراوە و هەندێکیشیان لە مۆڵەت وەرگرتندان، دەکرێت بڵێین سێ ساڵی داهاتوو، سنووری ئیدارەی راپەڕین گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە ناوچەیەکی گەشەسەندوو لەڕووی گەشتیارییەوە.

هاوڕێ شێخە: پێمان باش بوو لە دیداری ئەمساڵدا گەشتوگوزار بەئامانج بگرین، کە بەراورد بەوانەی ساڵانی رابردوو ئەرکەکانیش سەرکەوتووانەتر راپەڕێنران

دیداری ئەمساڵ تێروتەسەلتر بوو
لەلایەکی دیکەشەوە و هەر لەبارەی گرنگیی دیدارەکەوە هاوڕێ شێخە سەرپەرشتیاری دیداری زانستیی ساڵانەی راپەڕین بە«کوردستانی نوێی راپەڕین»ـی راگەیاند: ناوەندی رێکخراوە دیموکراتییەکانی راپەڕین کە رێکخەر و خاوەنی دیداری زانستیی ساڵانەیە، بۆ ئەمساڵ کە پێنجەمین دیداربوو، پێیان باش بوو سێکتەری گەشتوگوزار، بەئامانج بگرن و وتی: «بە ئەزموون و تێگەیشتنی خۆم بەراورد بە دیدارەکانی رابردوو، دیداری ئەمساڵمان تێروتەسەل و گەرموگوڕتر بوو و  ئەرکەکانیشی زۆر سەرکەوتووانە راپەڕاند.

ئارام پیرۆت: ئێستا پرۆژەی گەشتیاریی بۆ ئەم سنوورە لە دوو شێوەدا خۆی دەبینێتەوە، گەشتیاریی سەربەخۆ و پرۆژەکانی بازرگانی و گەشتیاری

 

پرۆژەی گەشتیاریی، بە دوو شێوازی جیاواز
لای خۆشییەوە ئارام پیرۆت بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین، باسی لە گرنگیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەو بوارەدا کرد لە سنوورەکە و بە کوردستانی نوێ -ی راپەڕینی راگەیاند: بەهۆی پێشکەوتنی گەشتوگوزارەوە، سنووری راپەڕین بۆتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ کردنەوەی چەندین پرۆژەی گەشتیاریی کە لە دوو شێوەی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە، «پڕۆژەی گەشتیاریی سەربەخۆ» هەروەها «پڕۆژەکانی بازرگانی و گەشتیاری».
باسیشی لە زۆریی دەرفەتی کار کرد کە بەهۆی پڕۆژە گەشتیارییەکانەوە دەکرێت دانیشتوانی ناوچەکە لێی سوودمەند ببن. 

د. سەڵاح بابەکر: دیداری ئەمساڵ سەرنجی تەواوی کاربەدەستانی حکومەت و بەشداربووانی بۆخۆی راکێشا و راسپاردەی گرنگ و پراکتیکیشی تێدا خرایەڕوو


راسپاردە و پێشنیازی گرنگ خرانەڕوو
هەر لەوبارەیەشەوە د. سەڵاح بابەکر راگری پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی راپەڕین پێی وابوو جگە لە لایەنی زانستی، پێویستە ئەوان رۆڵی زیاتر بگێڕن لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆیە بەردەوام هاوکار و هاوئاهەنگی دامەزراوە حکومی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە دەبن و لە پرسە گەرمەکانی رۆژدا بەشدار دەبن.
د.سەڵاح وتیشی: بۆ یادی راپەڕینی ئەمساڵیش، جگە لە رێکخستنی لایەنی پرۆتۆکۆڵی یادەکە و بەشداریی کارای مامۆستایان و ستاف و خوێندکارانمان، هاوکاریی ناوەندی رێکخراوە دیموکراتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گەشتوگوزاری راپەڕینیش بووین لە رێکخستنی ئەو دیدارە گرنگەدا کە پێشتر بەو شێوازە زانستییە باس لە کەرتی گەشتوگوزار نەکرابوو لە سنوورەکەمان و کە سەرنجی تەواوی کاربەدەستانی حکومەت و بەشداربووانی بۆخۆی راکێشا و راسپاردەی گرنگ و پراکتیکیش پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا. 

نەژاد محەمەد: وەک لیژنەی راسپاردەکانی پێنجەمین دیدار،  (15) راسپاردە و پێشنیازمان خستە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کارکردن لەسەریان

راسپاردەکان
 هەر لەو رووەشەوە مامۆستا نەژاد محەمەد سەرۆکی لیژنەی راسپاردە و پێشنیازەکانی دیدار رایگەیاند: لیژنەکەیان دوابەدوای پێشکەشکردنی بابەت و پانێڵەکانی پێنجەمین دیدار، لە هەردوو ئاستی ژێرخان و سەرخانی گەشتیارییدا، وەک راسپاردە (15) خاڵیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کردووە کە بریتین لە دیزاین و پەرەپێدان و فراوانکردنی نەخشەی گەشتیاریی لە سنووری راپەڕین، هاندان و کارئاسانی بۆ سەرمایەدار و سەرمایەگوزار و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی، هاوئاهەنگی و کارئاسانی و بڕیاردان لەسەر پرۆژەکانی خزمەتگوزاری لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی وردەکارییەکانی خزمەتگوزاریی بە گەشتیار، بنیادنان و پەرەپێدانی گەشتیاریی شوێنەواریی لە ناوچەکە، بنیادنان و پەرەپێدان و فراوانکردنی کەرتی وەرزشی و وەرزشی گەشتیاریی لە سنوورەکە، پەرەپێدان و فراوانکردنی مۆنۆمێنتی راپەڕین و بنیاتنانی مۆزەخانەی نیشتمانیی راپەڕین، جێبەجێکردنی بڕیاری بەنێودەوڵەتیکردن و بە رەسمی ناساندنی دەروازەی کێلێ و تەرخانکردنی بەشێک لە داهاتەکەی بۆ پەرەپیدانی ژێرخانی گەشتیاریی، دەرکردنی بڕیاری دادپەروەرانە لەلایەن حکومەتەوە بۆ چارەسەری کێشەی موڵکایەتی و زەویوزار تا پڕۆژەی گەشتیارییان لەسەر بنیات بنرێت و چارەسەری کێشەی نەبوونی تاپۆ و نەخشە و ماستەرپلان. جگەلەوەش رەچاوکردنی عەدالەتی خزمەتگوزاری و مۆڵەت و پڕۆژە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا و رێکخستنی فێستیڤاڵی ساڵانەی یادی راپەڕین لە رێکەوتی 5ی ئازار تا رۆژی نەورۆزی هەموو ساڵێک، لەژێر چاودێریی ئیدارە و دامەزراوەکانی ناوچەکەدا، هەروەک لە ئاستی میدیاییدا کەناڵ و پلاتفۆرمەکانی حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی بەشێک تەرخان بکەن بە کەرتی گەشتیاریی، پێویستیشە دامەزراوەکان و کەرتی گشتی و تایبەتی پەرە بە پلاتفۆرم و ئەپڵیکەیشن و وێبسایت بدرێت بە ئامانجی بە بازاڕکردن و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و کارامەیی گەشتیاریی و پەرەپیدانی کەرتەکە و نیشاندانی لایەنە گەشەکانی سنوورەکە لە ئارامی و کرانەوە و هاوئاهەنگیی و کەلتوری پێکەوەژیان. پەرەدان بە کەرتی گەشتیاری وەک هەوڵێک بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و دانانی سنوورێک بۆ کۆچ. هەروەها رێگری و راگرتنی داگیرکردنی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکانی بواری گەشتیاریی و نەگۆڕینی رەگەزەکانیان و پەرەپێدانی کەرتی ژینگەیی و زیادکردنی پارک و رێژەی سەوزایی لە سنوورەکەدا.

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان