دەستەی ئەدەبی و فەرهەنگیی رانیە، ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی نووسەران و رووناکبیرانی راپەڕین

12:43 - 2025-03-12
دووتوێ
14 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جێگر خدر

ماوەی چەند ساڵێک بوو، هەست بە بۆشاییەکی گەورە دەکرا لەڕووی چالاکیی ئەدەبیی و فەرهەنگییەوە لە سنوورێکی فراوانی وەکو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕیندا، کوردستانی نوێ چەندین جار کاری لەسەر ئەو سستییە کرد لە رووی بەڕێوەچوونی چالاکییانەوە، لە کاتێکدا سنوورەکە خاوەنی ژمارەیەکی باشی نووسەر و کتێبدۆست و ئەدیب و خەڵکی رووناکبیرە، بەڵام بەشێک لە نووسەران دەستەیەکیان لەنێو خۆیاندا دروستکرد بەناوی (دەستەی ئەدەبی و فەرهەنگیی رانیە)، ئیدی ئەوان وەردە وردە ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە و ئێستا هەوڵی چالاکیی فراونتر دەدەن و سنوورێکی فراوانتریان بە رووی خۆیاندا کردووەتەوە.

 



دەستەیەکی خۆبەخش
هاوار تەیب یەکێک لە ئەندامانی دەستەکە، لەبارەی ئەو کارانەوە کە ئەنجامیانداوە و پلانەکانی داهاتوویان بۆ چالاکی دیکە، بە کوردستانی نوێی راپەڕین-ی راگەیاند: دەستەی ئەدەبی و فەرهەنگیی رانیە، دەستەیەکی ئەدەبییە، کار لەسەر ئەدەب و فەرهەنگ دەکات، دەستەکە زیاتر لە سێ ساڵە دامەزراوە و زیاتر لە 30 چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگیی هەبووە و هەیە و وتی: «بەشێکی چالاکییەکانمان بە هاوبەشی بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری رانیە، کە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی راپەڕین هاوکارێکی باشمان بووە لە پێدانی هۆڵ بۆ کار و چالاکییەکانمان»، هەروەها باسی لەوەشکرد: کە زۆربەی چالاکییەکانیان لەسەر ناوچەی بیتوێن و پشدەر بووە، چونکە دەستەکەیان دەستەیەکی خۆبەشە، دەستەی خۆبەخشیش سنووری چالاکییەکانی دیاریکراوە لەڕووی ئابوورییەوە، وتیشی: ئێمە چالاکیی جۆراوجۆرمان زۆربووە، هەر ئەم خۆبەخشییە و بەردەوامییەش وایکردووە دەنگبداتەوە و کاریگەریی ئەرێنی دروستبکات.

هەوڵدان بۆ فراوانکردنی کار و چالاکییەکان 
محەمەدی مام رەسوڵ -یش یەکێکی دیکەیە لە ئەندامانی دەستەکە، لەوبارەیەوە بە کوردستانی نوێ -ی راپەڕینی راگەیاند: «دەستەکەیان لە ساڵی 2022دا دامەزرا بەشێوەیەکی خۆڕسکانە و پشتی بە هیچ کەس و گروپێک و لایەنێک نەبەستووە و فەرمان لە هیچ کەسێکیش وەرناگرن و وتی: «لەسەر گیرفانی خۆمان چالاکییەکانمان دەکەین و بەو داراییەییەشەوە سنووری کارەکانمان پەل بۆ شوێنی دیکە ناهاوێژێ، بەڵام بەوەوە نەوەستاوین، بەڵکو هەوڵمانداوە لەگەڵ شوێن و ناوچەی دیکەدا لە پەیوەندیدا بین، بۆ نموونە، لەگەڵ هاوڕێیانمان لە شاری کۆیە کاری هاوبەشمان هەبووە، کۆڕی شیعریمان بردۆتە ئەوێ و لەوێش لەلایەن نووسەران و رۆشنبیرانەوە پێشوازییەکی زۆرمان لێکراوە.
جگە لەوەش لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانماندا لە قەڵادزێ لە هاوئاهەنگیداین و کاری پێکەوەییمان هەیە، چاویشمان لەوەیە خەڵکی دیکە لە شار و ناوچەی دیکەوە بانگهێشت بکەین و کاری پێکەوەییمان هەبێت و خەڵکی زیاتر بەشداربن، دەرگاشمان واڵایە بۆ گشت نووسەر و ئەدیبانی دیکە.
هەروەها وتی: «ئێمە وامان هێناوە کە کەسمان بەرپرسی ئەوی دیکەمان نەبین، بەڵکو هەریەکەمان بەرپرسین لەوەی کە چەند کاری باشتر و خزمەتی زیاتری رەوتی رۆشنبیریی بکەین» و دەستەکەمان تا ئێستا 30 چالاکیی ئەنجامداوە، جگە لەوەش روونیکردەوە کە پێنج چالاکیی هاوبەشیشیان هەبووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی راپەڕین، بەهۆی ئەوەشەوە کە خۆبەخشن بەدەنگەوەچوونی زیاتر بۆ چالاکییەکانیان لەئارادایە، تەنانەت خەڵکی کاسب و مامۆستا و چین و توێژە جیاجیاکان لە کۆڕەکانیاندا ئامادەدەبن. وەک دەشڵێت: «هەر ئەوەشە هانمان دەدات زیاتر کاری جددی بکەین، تا ئەو خەڵکە بێبەش نەکەین لەو کارانەی کە بەشێکی زۆرمان حەز و خولیامانە، جا کۆڕی شیعری بێت، یان ناساندنی کتێب، یاخود هەر کارێکی دیکە لە چوارچێوەی ئەدەب و فەرهەنگدا.
سنووری راپەڕین ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرە و لەناویشیاندا کتێبدۆست و نووسەر و ئەهلی قەڵەمی زۆرە، بۆیە بوونی گروپێکی لەمجۆرە کارێکی پێویست بوو ئومێدبەخشی خواست سنووری پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن و لە دەستەیەکی لۆکاڵیی شارێکەوە بگوازرێتەوە بۆ گروپێکی کوردستانی و نیشتمانیی سەرتاسەری.


#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان