وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری ئەمریكا رێككەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە ترەمپیش دەڵێت هیچ كەسێك لە غەززە دەرناكرێت.
لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و قەتەر و ئیمارات و ئوردن و میسر و ستیڤ ویتكۆف نوێنەری ئەمریكا لە بارەی ئاوەدانكردنەوەی غەززە كۆبوونەوە و باس لە دەرەنجامەكانی لوتكەی عەرەبی كرا كە لە قاهیرە بەڕێوەچوو لەگەڵ كۆبوونەوەی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی لە سعودیە بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی فەلەستین.
لە كۆبوونەوەكەی دەوحە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری ئەمریكا رێككەوتن لەسەر ئاگربەست لە غەززە و گەیاندنی هاوكاری بۆ غەززەیەكان و پاڵپشتی خۆیان بۆ پلانی ئاوەدانكردنەوەی غەززە و كۆمەككردنی كەرتەكە دەربڕی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ میكاڵ مارتن سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا رایگەیاند، هیچ كەسێك لە غەززە دەرناكرێت و كەس حەز بە راگواستنیان ناكات.