رۆیتەرز: ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری لە رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدەو سوریای نوێ هەبووە

09:35 - 2025-03-13
جیهان
63 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رۆڵی سەرەکی لە رێککەوتنی عەبدی و شەرعدا گێڕاوە و شەش سەرچاوە دەڵێن، ئەمریکا هانی هاوپەیمانە کوردەکانی سوریای دا بۆ گەیشتن بەرێککەوتنە گرنگەکەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ئاماژەیانبەوەکردووە رێککەوتنەکە دەتوانێت ململانێی زیاتر لە باکووری سوریا دووربخاتەوە لە کاتێکدا کە نادڵنیایی هەیە لەسەر مانەوەى هێزەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکە جێگیرکراون.

ئەو لێپرسراوە ئەمریکیانە بۆ ئاژانسى رۆیتەرز ئاماژەیان بەوەکردووە، جەنەڕاڵ مایکل کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا "سێنتکۆم"، رۆڵێکی کاریگەری لە بەئەنجامگەیشتنی رێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریا دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەرى سوریا هەبووە>

 بە گوتەی بەرپرسەکان، بیرکردنەوەی ئیدارەی ئەمریکا بەو ئاڕاستەدا بووە، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە بەرامبەر فشارەکانی تورکیا و حکومەتی نوێی سوریادا خۆڕابگرن، لەبەرئەوە بژاردەی رێککەوتنیان پێباشتر بووە.

لێپرسراوە ئەمریکییەکان راشیانگەیاندووە، بەمنزیکانە هیچ ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا نییە، بەڵام پنتاگۆن دەستیکردووە بە داڕشتنی پلانێک بۆ ئەگەری کشانەوە لەو وڵاتە، لە کاتی فەرمان پێدانیاندا.

ئارۆن لوند، لە ناوەندی سینچری ئینتەرناسناڵ بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، "ئەمریکا بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێت بۆ کشانەوە لە سوریا، بەبێ کەوتنەوەی ئاژاوە و لێکەوتەی خراپ، بۆ ئەمەش رێککەوتنی نێوان لایەنە و گرووپەکانی سوریا بە باشترین بژاردە دەزانن".

لوند گوتوشیەتی، جگە لەوەی ئەو رێککەوتنە دەبێتە هۆی رێگەگرتن لە روودانی شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان و ئیدارەی نوێی سوریا، هاوکات رێگریش دەکات لە تورکیا، بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان.

جگە لەوەش، لێپرسراوانی ئەمریکا بۆ ئاژانسەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە، رێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، لە ساتەوەختێکی چارەنوسسازدا بووە، لەکاتێکدا شەرع لەژێر فشاری ئاڵۆزییەکانی کەناراوەکانی وڵاتەکەدا بوو و فشارەکانی تورکیاش بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر چڕبوونەتەوە، بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، بۆ دەربازکردنی هەردوولایەن و دەرهێنانیان لەژێر ئەو فشارانە، ئەمریکا رۆڵی سەرەکی لە گەیشتن بەو رێککەوتنە گێڕاوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان