حزبی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا هەڵوێستی سەرۆک بافڵ بەرز دەنرخێنێت

12:43 - 2025-03-13
کوردستان
56 جار خوێندراوەتەوە

حزبی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا هەڵوێست و پشتگیرییەکانی سەرۆک بافڵ  جەلال تاڵەبانی لە رۆژئاوای کوردستان بەرزدەنرخێنێت و پشتگیری خۆیشیان بۆ دوا پەیامی سەرۆک بافڵ دەردەبرن.

پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال  تاڵەبانی لەبارەی رێککەوتنەکەی دیمەشق کاردانەوەی ئەرێنی لێکەوتۆتەوە و لە هەموو لایەکەوە پشتگیریی لێدەکریت، ئەمڕۆش  حزبی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لەسوریا لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  پەیام و پشتیوانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی-ان بەرز نرخاند. 

وەفدی باڵای میوان کە پێکهاتبوو لە ئەحمەد سلێمان جێگری سکرتێری حزبی دیموکرات و عەلی شەمدین ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نوێنەری حزبەکە لەهەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەڤاڵ لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆرد و ژمارەیەک لە هەڤاڵان ئەندامانی مەکتەب پێشوازیکران. 
لەو دیدارە دۆستانەیە وەفدی  میوان سوپاس و دەستخۆشیان لە میدیای یەکێتی کرد کە بە روحیەتێکی بەرپرسیارانە و نیشتمانیانەوە رووماڵی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، پاش دوپاتکردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوولا، لەسەر دۆخی سوریاو رێکەوتنی نێوان ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی کاتی سوریا هەردولا هاورابوون، کە بۆ ئەم قۆناغە رێککەوتنێکی گرنگەو سوریا و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی هەیە.

هەر لەو دیدارەدا وەفدی میوان پشتیوانی و خۆشحاڵی خۆیان بۆ پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربری کە تیایدا پشتگیری لە رێککەوتنەکە دەکات و پێشتریش لەچەند پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ  رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان