كاریگەرییەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت

11:44 - 2022-08-02
دووتوێ
559 جار خوێندراوەتەوە
بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار كاریگەریی نەرێنی لەسەر جوڵەی بازاڕ و ژیانی هاووتیان دروستكردووە

ئاوێنەی عیراق

دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، واقیعی ئابووری وڵاتی تووشی كێشە و گرفتێكی زۆر كردووە و بۆتە هۆی دروستكردنی چەندین تەنگژە كە تەنیا خۆیان لە سیاسیدا نابیننەوە، بەڵكو ئابووریین و لەسەر ئاستی جووڵەی بازاڕ و بازرگانی و بازاڕی خۆجێی كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی تەوژمە سیاسییەكانەوە، بۆیە مامەڵە داراییە گەورەكان راوەستاون، ئەوەی هەیە تەنیا خۆی لە رایی كردنی كاروبارەكاندا دەبینێتەوە و هەموانیش لە چاوەڕوانی ئەوەدان بزانن چی روودەدات.

جووڵەی بازاڕ
محەمەد ئەبو زەهرە كە یەكێكە لە كاسبكاران و خاوەنی چێشتخانەیە لە دیوانیە دەڵێت»دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت كاریگەریی گەورەی لەسەر جوڵەی بازاڕ و بڵاوبوونەوەی گرانی لە كۆمەڵگە لە هەموو كاڵا و مەوادە خۆراكییەكاندا دروستكردووە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر هاووڵاتی و تەنانەت خاوەن كۆگا و كاسبكارانیش بەجێهێشتووە». 
بە وتەی ئەبو زەهرە»چێشتخانەكەی ئەو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە، زۆر جار خەڵك رووی تێناكات، ئەو هاووڵاتییانەی رۆژانە روویان دەكردە چێشتخانەكە بۆ نانخواردن، لەئێستادا لە هەفتەیەكدا یان لە دوو هەفتەدا یەك جار سەردانی دەکەن». 

نرخی خەرجی دۆلار
ئەبو زەهرە داوای لە بەرپرسان كرد، پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەت و دابەزاندنی نرخی خەرجی دۆلار، چونكە كاریگەریی گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی مەوادە خۆراكییەكان دروستكردووە، بە بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عیراقیش كاروبارەكان دەگەڕێنەوە جێی خۆیان و خزمەت بە چینی هەژار و مامناوەندی نێو كۆمەڵگە دەكات»، رەخنەی لە سەركردە حزبییەكانیش گرت لەڕووی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت  و وتی»هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكومەت، چونكە چەندان مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و وڵات تا ئەمڕۆ بەبێ‌ حكومەتێكە كە دەسەڵاتی تەواوەتی هەبێت، ئەمەش لە وڵاتانی جیهان نییە و تەنیا لە وڵاتی ئێمەدا بەدی دەكرێت».

گرانی ماندووی كردووین  
لای خۆیەوە حاجی ئەبو رەشا كە یەكێكە لە هاووڵاتیانی دیوانیە رایگەیاند: «ئەو گرانییەی تێیدا دەژین ماندووی كردووین، چونكە ئەو مووچە خانەنشینییەی وەریدەگرین بەشی ژیانێكی بێ‌ تەنگ و چەڵەمە ناكات، چەند رۆژێكە و مووچەكە تەواو دەبێت، بەهۆی بەرزی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی»، داواشی لە حكومەتی عیراق كرد،» كار بكات بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و گێڕانەوەی كاروبارەكان بۆ دۆخی پێشووی، و پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەت، تا خزمەت بە چینی هەژاری كۆمەڵگە بكرێت، و هەلی كار بۆ لاوان و بێكاران بدۆزرێتەوە، تا دۆخی كۆمەڵگە لەمە زیاتر خراپ نەبێت».

جووڵە و چالاكی
رائید كەریم كە هاووڵاتییەكی خەڵكی دیوانیەیە و خاوەنی چێشتخانەیە دەڵێت»دۆخی پێشووی وڵات بەراورد بە دۆخی ئێستا باشتر بوو لەڕووی كەمی نرخ و بوونی پارە لە بازاڕ و جووڵە و چالاكیی، بەڵام ئێستا خاوبوونەوەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكاندا بەدی دەكرێت». 
بە وتەی رائید كەریم: «یەكێك لە هۆكارەكانی خاوبوونەوەی ئابووری، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دینار، ئەمەش بۆتە مایەی گرانبوونی نرخی هەموو مادە خۆراكییەكان و كاڵا و پێداویستییەكانی تر، سەیرەكەش لەوەدایە كە بەرزبوونەوەكە یەك جار نییە، بەڵكو هەموو ڕۆژێكە و بەردەوامە»، داواشی لە حكومەتی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، «چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزنەوە. 

كەمیی قازانج
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەبو یوسف كە خاوەنی فڕنە لە دیوانیە دەڵێت: «بەرزبوونەوەی نرخ كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كاری فڕنەكان و ژیانی هاووڵاتیان و جووڵەی بازاڕ بەشێوەیەكی گشتی دروستكردووە، نرخەكان بەرزبوونەتەوە و قازانج كەمبووە و جوڵە و چالاكی لە بازاڕدا وێران بووە، چونكە پێشتر فەردە ئاردێك لە دەوروبەری 20-21 هەزار دیناردا بوو، بەڵام لەمڕۆدا گەیشتۆتە 47 هەزار دینار و زیاتر»، داوای لە حكومەت كرد»پشتیوانی لە كاسبكاران و خاوەن فڕنەكان بكات، تا نان بە نرخێكی گونجاو بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن». 

رێوشوێنی بەپەلە
بەرزبوونەوەی نرخی مەوادە خۆراكییەكان جیهانییە و هۆكارەكەی جەنگی روسیا و ئۆكرانیایە كە كاریگەریی تەواوی كردۆتە سەر هەموو وڵاتانی جیهان، بەڵام لە عیراق لە ساڵی 2020دا حكومەت ناچار بوو كۆمەڵێك رێوشوێنی بەپەلە بۆ روبەڕوبوونەوەی تەنگژەی دارایی لە كاتی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بگرێتەبەر، یەكێك لەو رێوشوێنانەش بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار بوو بەرامبەر بە دیناری عیراقی، ئەمەش كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بازاڕ و ژیانی هاووڵاتیان دروستكرد و بووە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی تەواوی ئەو مادە خۆراكی و كاڵا و پێداویستیانەی كە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەكران. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان