ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەت

11:47 - 2022-08-02
دووتوێ
590 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندانی سەدرییەكان ئاستەنگێكی گەورەن لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت

ئاوێنەی عیراق

سەركەوتنی قۆناغەكە 
بە بۆچوونی ئەلبوشی»دەسەڵاتی راپەڕاندن گەر لەم قۆناغەدا سەركەوتوو بێت، سەركەوتن دەبێت بۆ قۆناغی سیاسی دواتر و گوزارشت دەبێت لە ئەدای كاركردنی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی، بۆیە هەموو ئەو گوشارانەی دەخرێنە سەر پرۆسەی سیاسی لەپێناوی تێكدانی كەشی سیاسیین، بەشێوەیەكی گشتی لێرەوە دەكرێت بڵێین كەس نازانێت ئاكامەكان چی دەبن، ئایا ئەزموونەكە سەركەوتوو دەبێت یان نا؟». 

یەكلایی كردنەوەی مشتومڕەكان 
موئەیەد عەلی ئەندامی تۆڕی (الهدف) پێیوایە»هەڵبژاردنی كەسایەتییەكی وەك (محەمەد شیاع سودانی) هەنگاوێكی باشە، دەچێتە بۆتەی هەوڵەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی مشتومڕەكان لەبارەی ئەو كەسەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەدەست، بۆیە دەبێتە مایەی بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی سیاسی، لەپێناو دەرچوون لەم تەنگژە سیاسییە ناقۆڵایەی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت لە پاش هەڵبژاردنەكە پێشوەختەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە». 
بە وتەی موئەیەد عەلی»كەسایەتی سودانی بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، جێگەی رەزامەندیی زۆرێك لە هێزە و فراكسیۆنە سیاسییەكانە، بەو پێیەی پێشتر زۆرێك لە پۆستە حكومییە جیاجیاكانی گرتۆتەدەست و هاوبەشییەكی دوورودرێژی لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە».   

خراپی بەڕێوەبردن 
ئەندامەكەی تۆڕی (الهدف) دەڵێت»محەمەد شیاع سودانی لەكاتی سەرۆكایەتیكردنی بۆ پۆستە حكومییەكان لە حكومەتەكانی پێشوودا، گەر شتێكی لەسەر تۆماربكرایە، یان دۆسێ‌ و دەستەواژەی گەندەڵی لەسەربوایە، یان بە خراپی ئەو پۆستانەی بەڕێوەببردایە كە سەرۆكایەتی دەكردن، بواری بۆ قسەی تر نەدەبوو، بۆیە گومانی تێدا نییە دەتوانیین بڵێین (سودانی) دەتوانێت لە قۆناغی داهاتوودا دۆسێی حكومەت زۆر بەسەركەوتوویی بەڕێوەببات، گەر پشتیوانی سیاسی تەواوی لێبكرێت». 

یەكگرتوویی چوارچێوەی هاوئاهەنگی 
لای خۆیەوە، مەهدی سبێحاوی شرۆڤەكاری سیاسی پێیوایە»یەكگرتوویی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەنێوان خۆیان، و لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، كەشێكی وەهای دروستكرد كە بووە مایەی كاندیدكردنی كەسایەتییەكی وەك محەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ قۆناغی داهاتوو لە مێژووی وڵاتدا، نەك هەر ئەمە بگرە كاندیدكردنەكەی بووە مایەی جێگەی رەزامەندی تەواوی فراكسیۆنە سیاسییەكانی تر و هەموو پێكهاتە و لایەنەكان». 
بە وتەی سبێحاوی»سودانی چانسی هەیە و لەلایەن زۆربەی فراكسیۆن و ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەكانی دەرەوەی پەرلەمانیش تەوافوقی لەسەر هەیە، لەسەرو ئەمانەشەوە كەسایەتییەكەی هەموو مەرجە یاسایی و دەستورییەكانی تێدایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆیە ئاسانە متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، گەر دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە گەورەترین فراكسیۆن بكات، كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران هەڵببژێرێت». 

زۆرێك رەتیدەكەنەوە 
لەگەڵ ئەم پشتیوانییە بۆ محەمەد شیاع سودانی كاندیدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، چەندان هەڵوێستی دژ بە گەیشتنی ئەو كەسایەتییەن هەیە كە نایانەوێت بگاتە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، لەوانە هەڵوێستی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و هێزەكانی تشرین كە خۆیان لە بزاوتی مەدەنی لە عیراقدا دەبیننەوە، لەگەڵ ئاڵۆزی لە هەڵوێستی هەندێك لە حزب و فراكسیۆنەكانی تر. 
لایەنگرانی رەوتی سەدر دوای ئەوەی لە 30ی تەمموزی 2022 بۆ جاری دووەم چوونە ناوچەی سەوز و هەڵیانكوتایەوە سەر بارەگای پەرمان، سەركردەكیان رایگەیاند:» گەل مانگرتنی كراوەی هەڵبژاردووە لەنێو بارەگای پەرلەمان». 
ئیبراهیم جابری سەركردە لە رەوتی سەدر لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردبۆوە”لایەنگرانی ڕەوتی سەدر دەیانەوێت مانگرتنێكی كراوە لەنێو بارەگای پەرلەماندا رێكبخەن». 
پێشتر خۆپیشاندەران لە شەممەی رابردوودا هەندێك لەو بەربەستە كۆنكرێتییانەیان بەزاند كە بە چواردەورەی ناوچەی سەوزدا دانرابوون، دواتر چوونە ناوچەی سەوز و بۆ جاری دووەمیش چوونەوە نێو بارەگای پەرلەمانەوە، هەندێك لە چاودێرانیش كارەكە بە هەنگاوێكی مەترسیدار دادەنێن، بە تایبەتی كە خۆپیشاندانەكە هاوكات بوو لەگەڵ وادەی سازدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پاشان راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە وەك كەسایەتییەكی تەوافوقی بۆ پۆستەكە، كاندیدكراوە. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان