یەكێتی، لە ئاشتیدا..

09:41 - 2025-03-17
کوردستان
183 جار خوێندراوەتەوە

لەم ماوەیەدا، ستراتیژی نوێی ئاشتیخوازیی(ی.ن.ك)، لەهەر كاتێك زیاتر، كاری لەسەر دەكرێت. ئەم ستراتیژە، جگە لەوەی زادەی بیروباوەڕە، لە ریزی پێشەوەی دروشمە سەرەكییەكانیشە لای یەكێتی، وەڵامگۆی كۆمەڵێك هۆكاری بابەتیشە كە لەم قۆناغەدا هاتوونەتە پێشەوە. 
لەسەر ئاستی باكووری كوردستان، یەكێتی، پێش هەر هێزێكی سیاسیی تر، درێژەپێدەری كەلەپووری سیاسیی ئاشتیخوازانەی سەرۆك مام جەلال-ە، كە پێش 32 ساڵ، بۆ چارەسەری ئاشتی لە باكوور، بناغەكەی داڕشت و دەوڵەتی توركیا و بزووتنەوەی چەكداریی كوردی باكووری هاندا كە شەڕ رابگرن و دیالۆگ بكەن. 
بۆ رۆژئاوای كوردستان، جگە لە دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی بەردەوام بۆ دۆزی رەوای كورد لە سوریا، یەكێتی دڵخوازی هەموو هەنگاوێكی چارەسەری ئاشتییانەشە كە لەنێوان حكومەتی نوێی دیمەشق و نوێنەرانی كوردی رۆژئاوادا بنرێت، لەوبارەیەوە، راگەیەنراوی رەسمیی سەرۆكایەتیی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی، وەك هەڵوێستی مەبدەئی و دیكۆمێنتی مێژوویی، بۆ رای گشتی بڵاوكراونەتەوە، پێشتریش بۆ دەستپێشخەرییەكەی ئیمراڵی، بەهەمان شێوە.
لە باشووری كوردستانیش، یەكێتی، لەیەككاتدا هەم لەگەڵ چارەسەری دەستووریی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، هەم وەك هێزێكی بنەڕەتی، سەرخەری هەموو هەوڵێكی لێكگەیشتن و برایەتیی نێوان هێزەكانی كوردستانە، كە ئامانج لێی تێپەڕاندنی هەڵەكانی رابردووی فەرمانڕەوایمان و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان بێت، دیپلۆماسییەتی خێراكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ-یش لە ئاستی باڵادا، كە دوێنێ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و كاك مەسرور بارزانی كۆكردەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدایە. یەكێتی خۆیشی هەروایە، لەئاشتیدا، كۆتری سپی و شنەی بایە. 

کوردستانی نوێ

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان