دەیەوێت لەگەڵ سیێرا ئاشت ببێتەوە

11:38 - 2025-03-18
وەرزش
41 جار خوێندراوەتەوە
کریستینا سیێرا گواردیۆللا

هەوراز كاوە

رۆژنامەی (زه‌ سه‌ن)ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە پیپ گواردیۆللا -ی راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، ماوەیەک لەمەوبەر بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەشتێکی بۆ شاری بارسیلۆنا کردووە، كه‌ بە گەشتی سێ رۆژە ناوبراوه‌، دواتریش گه‌ڕاوەته‌وە شاری مانچستەر.
رۆژنامه‌كه‌ ئاماژەی بەوەکرووه‌، گەشتەکەی گواردیۆللا پاش بردنەوەی مان سیتی بوو لە یانه‌ی پلایمۆس، لە قۆناغی پێنجەمی جامی یەکێتیی ئینگلیزیدا، دواتر چووه‌ بۆ كه‌ته‌لۆنیا بۆئەوەی ماوەیەک لەگەڵ هاوسەرە جیابووه‌وەكه‌ی کریستینا سیێرا بەسەر ببات لە ماڵەکەی خۆیان.
له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆژنامەکە نووسیویەتی، گەشتەکەی گواردیۆللا بۆ بارسیلۆنا مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، باسی ئەوەش دەکەن بۆ ئەوەبووە چارەسەری كێشه‌كانی لەگەڵ کریستینا سیێرا بکات. میدیاکانی ئیسپانیاش بڵاویانکردەوە کە هێشتا زووە باس لە ئاشتبوونەوەیان بکرێت، چونکە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا جیابوونەتەوە، لەگەڵ ئەمانەدا دوایین هەواڵ ئەوەیە کە هەمان ئەو پارێزەرە دەیەویت ئاشتیان بکاتەوە کە مامەڵەی جیابوونەوه‌كه‌یانی کردووە.
رۆژنامەی (زەسەن)، ئەوەشی بڵاوکردووەته‌وه،‌ ماوه‌یه‌كه‌ پیپ بە مای مەیجۆر (my mujer)  ناوی کریستینا ده‌بات، کە بە واتای «ژنەکەم» دێت، ئەمەش پێدەچێت ئاماژە بێت بۆئەوەی هێشتا ئەو دوو هاوسەرە ئیمزایان لەسەر کاغەزی جیابوونەوەکەیان نەکردووە.
جێگای سەرنجە گواردیۆللا لەگەڵ یانه‌ی مانچستەر سیتی، بەدەست وەرزێکی سەختی كاری راهێنه‌رایه‌تییه‌وه‌ دەناڵێنێت، بەو پێیەی له رکابەریکردن له‌سه‌ر نازناوی خولی ئینگلیزی بێهیوا بووە، هەروەها لە چامپیۆنس لیگیش ده‌ركراوه‌‌، ئەم هەفتەیە 2 - 2 لەگەڵ برایتۆن یەکسان بووە، هەفتەی پێشووش 0 - 1 بە نۆتینگهام فۆریست دۆڕا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان