دەنگی زوڵاڵی شۆڕشی نوێ؛ ئێرە دەنگی گەلی کوردستانە!‌

07:57 - 2025-03-21
کەلتور
95 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هەڵگیرسانەوەو درێژه‌پێدانی شۆڕشی نوێ‌، یەكێك لەو بوارانەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بایەخی زۆری پێدا بوو بواری میدیا بوو، هەر بۆیەش لەسەرەتای ساڵی 1976دا مشوری پەیداكردنی ئیزگەیەكی رادیۆی لە سوید خوارد‌و لەرێی سوریا‌و توركیاوە گەیەنرایەوە كوردستان‌و لە 21ی ئاداری 1979  لەگوندی نۆكانی سەر سنورەوە په‌خشی ئەو ئیزگەیە به‌ناوی ئیزگه‌ی ده‌نگی شۆرشی عیراق دەستی پێكرد‌و لەوێوە پەیام‌و چالاكی‌و سیاسەت‌و هەڵوێست‌و تێڕوانینی یەكێتی بەكۆمەڵانی خەڵك ئاشنا كرا‌و ئەو ئیزگەیە رۆڵی دیاری هەبوو لە جۆشدانی خەڵك‌و پێشمەرگە‌و بەهێزكردنی گیانی فیداكاری ‌و بەرخودان.
له‌ناوه‌رگڕاستی ساڵانی هه‌شتاكان ناوی ئێزگه‌كه‌ بۆ ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان گۆڕا. لەسەردەمی شۆڕشدا ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان، وەك مەفرەزەكانی پێشمەرگە لەیەك شوێندا نەسرەوت، بەڵكو چەند جارێك جێگۆڕكێی كرد‌ و لەم شوێنانەوە پەخشی كرد (نۆكان، توژەڵە، گردی مامەوڵا، زەڵێ‌، باوزێ‌، بەرگەڵو، دۆڵه‌كۆگه‌، سەقز، گەڵاڵە، چوارتا، سلێمانی).
ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لەقۆناغە جیا جیاكانی شۆڕشی نوێدا،كاریگەرترین دەزگای میدیایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە‌و رۆڵی دیارو پرشنگداری لەو شۆڕشەدا بەگشتی‌و لەسازدان‌و رێكخستن‌و جۆشدانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ راپەرینی ئاداری 1991 بەتایبەتی هەبوو، كە لەلاپەڕە زێرینەكانی مێژوودا بەشانازییەوە دەنووسرێتەوە.
لەیادی دامەزراندنی ئیزگەدا سڵاو بۆ هەموو ئەو جوامێرانەی وەك سەربازی ون لە قۆناغە جیا جیاكاندا خزمەتیان كرد‌و دەنگی ئەو ئیزگەیەیان بەزوڵاڵی هێشتەوە.
درودی رێزو وەفاش بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ئەو پێشمەرگە‌و میدیاكارانەی ئیزگە كە شەهید بوون یان كۆچی دواییان كردووە.
سڵاو لەو ستافەی ئەمڕۆش  كەمەشخەڵی ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانیان به‌ بەرزی راگرتووه‌و درێژە بەكاروانە پڕ شكۆو سەروەرییەكەی ئەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان