بڕیارە لە دوای جەژنی رەمەزان کارەکانی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون تەواو بکرێن و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، داوایان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە زانیارییان بۆ رەوانە بکەن بۆ ئەوەی دەست بە تیروپشک بکەن.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای رەوانەکردنی زانیارییەکانی ئەو کەسانەی فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون پڕکردووتەوە بە تیروپشک یەکەکانی نیشتەجێوون رادەگەیەنن.
راشیگەیاند، 23 هەزار کەس فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕکردووەتەوە، بەڵام ئەوان تەنیا نۆ هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکەن و ئەو کەسانەشی دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون، دەبێت بە قیستی درێژخایەن و بۆ ماوەی 25 ساڵ قەرزەکە بدەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لەو یەکانەی بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشی دەکەن تەواوکراون و لە ھەوڵیشدان هەموو ئەو یەکەکانە، کە تەواونەکراون بودجەی بۆ تەرخان بکەن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی بکەن.