دوای تەواو بوونی نۆژەنکردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ بەشێوازێکی نوێ و ستانداردی نێودەوڵەتی، مانگی داهاتوو زیندانەکە دەکرێتەوە.
موراد ساعدی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە ئەو زیندانە بەکارنەهاتووە، بۆیە وەزارەت بڕیاریداوە بەوەی نۆژەنی بکاتەوە، لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوەکەشدا دەیانەوێت لە رێگای ئەو زیندانەوە قەرەباڵغی چاکسازییەکانی چەند شارێکی عیراق کەم بکەنەوە، هەروا کامێرای چاودێری بۆ سەرجەم زیندانەکە و ژوورەکان دادەنرێت و هۆڵی تایبەت بە وەرزشکردن و چەندین پێداویستی دیکەی ژیانکردنی تێدا دادەنرێت.
وتیشی لە زیندانەکەدا نوێترین تەکنەلۆژیاکان بەکاردەهێنن و فێننکەرەوە و هەواگۆڕکێی گونجاوی بۆ دابین دەکەن، ئەوەشی خستە روو، سەرجەم پێداویستییەکانی شوێنێکی شیاو بۆ ژیانکردنی تێدا دابین دەکەن.
موراد ساعدی باسی لەوەشکردووە، ئەو زیندانیانەی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانە نۆژەنکراوەکەی چەمچەماڵ، ئەوانەن کە بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزادراون، لەوانەش ئەو تاوانانەی مەترسی لەسەر ئاسایش و سیستمی گشتی دروست دەکەن.
راشیگەیاند، سزادراوەکان لە هەریەک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا و کەرکوکەوە دەبرێنە زیندانی چەمچەماڵ و ئاسانکاری دەکرێت بۆ کەسوکاریشیان کە سەردانیان بکەن.
ماوەی چەند ساڵێکە عیراق هەوڵدەدات فشار و قەرەباڵغی سەر زیندانەکان کەم بکاتەوە، نۆژەنکردنەوەی زیندانی چەمچەماڵیش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە.
زیندانی چەمچەماڵ یەکێکە لە سەربازگە گەورەکانی رژێمی پێشووی عیراق، لە ساڵی 2007 دا کرا بە زیندانی فیدڕاڵی.
زیندانەکە جێگای نزیکەی چوار هەزار زیندانی دەبێتەوە، بڕیاریشە مانگی داهاتوو زیندانەکە بکرێتەوە.