گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی، داواکاریی سەرەکیی دانیشتووانەکەیەتی

کەمیی خزمەتگوزاریی لە ناحیه‌ی کەلەکچی

10:25 - 2025-03-25
ڕاپۆرت
94 جار خوێندراوەتەوە
#کەلەکچی یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای شێخان لە پارێزگای دھۆک

راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی  

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كه‌له‌كچی بۆ   کوردستانی نوێ  :  
راستە کێشەی دابەشنەکردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت دابەشکردنی زەوی لە سنووری شاره‌وانی کەلەکچی دەستپێدەکات و 
بۆ ئەوەش کاری پێویست کراوە

کەلەکچی یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای شێخان لە پارێزگای دھۆک، هاووڵاتیانی ناحیه‌کە داوا دەکەن خزمەتگوزاری پێویستیان پێشکەش بکرێت و کەرتی تەندروستی زیاتر گرنگی پێبدرێت.
مامۆستا سه‌میر عه‌بدولكه‌ریم دانیشتووی ناحیه‌ی كه‌له‌كچی بۆ كوردستانی نوێ وتی: خه‌مخۆری پێویستمان نییه‌ بۆ خزمەتكردنی ناحیه‌كه‌مان و کەموکوڕیی زۆر هەیە یەکێک لەوانە کەرتی تەندروستییە کە زۆر پشتگوێ خراوە، پێویستە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هۆبەی منداڵبوونی 24 سەعاتی هه‌بێت، پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی پێویست له‌ بنكه‌ تەندروستییەکاندا بە بەردەوامی بەردەست بێت، داواكارین گرنگیی زیاتر بە ناحیه‌کەمان بدرێت لە رووی تەندروستییەوە و پێویستە ئەو کەرتە بە تەواوی چالاک بکرێت.
وتیشی: ژمارەی دانیشتوانی ناحیه‌ی کەلەکچی نزیکەی 50 هه‌زار کەس دەبن، تائێستا هیچ پارکێک نییه‌ هاووڵاتیانی شارۆچکەکەمان پشووی تێدا بدەن، هەروەها پێویسته‌ لایەنە پەیوەندیدارەکان له‌ رووی رۆشنبیرییەوە ئاوڕ لە ناحیه‌كه‌ بدەنەوە هاوکاری ئەو گەنجانە بکەن کە پرۆژەیان هەیە بۆ بەرەوپێشخستنی ناحیەکە، بۆ نموونە گروپێکمان هەیە بە ناوی سەوزكردنی كه‌له‌كچی و کۆمەڵێک گەنج و کەسانی خوێندەوارن ‌خۆبەخشانە نەمام دەڕوێنن پێویستە هاوکاری بکرێن بە پێدانی نەمام.

گرفتی نیشتەجێبوون
کەلەکچی تا پێش ساڵی 1965 گوندێک بوو وەک هەر گوندێکی دیکەی دەڤەری بناری چیای مەقلوب و دەشتی ناوکوڕ له‌ قه‌زای شێخان، لە رووی جوگرافیاوە ناوچەیەکی دەشتاییه‌‌.
زه‌هدی ره‌جه‌ب دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی بۆ کوردستانی نوێ وتی: دابەشنەکردنی زەوی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ناحیه‌کە، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 1975 رژێمی بەعس خەڵکی گوندەکانی بناری چیای مەقلوبی بە زۆرەملێ له‌ کۆمەڵگەی كه‌لە‌كچی نیشتەجێ کرد، ژماره‌ی دانیشتووانی ناحیەکە زۆر زیادی کرد و لە رووبەرێکی بچووکدا دەژین، بەردەوامیی ئەم کێشەیە وایکردووە هەندێک خێزان ناحیه‌کە بەجێبهێڵن و بچن لە قەزاكانی شێخان و بەردەڕەش دوور له‌ كه‌سوكاریان بژین.
وتیشی: ناحیەکە گرفتی کەمیی خزمەتگوزاری هەیە، بۆ نموونە بەشی هه‌وارهاتن و تیشک و منداڵبوون و سووتان لە بنکەی تەندروستی ناحیه‌كه‌ماندا نییە، زۆربەی کات بۆ چارەسەر دەبێت روو لە قەزای شێخان یان ئاکرێ بکەین، هەروەها رێگەی سەرەکی ناحیه‌كه‌ زۆر خراپە و پێویستە بکرێتە دووساید، داواکارین وەک شار و شارۆچکەکانی دیكه‌ی هه‌رێمی کوردستان خزمه‌تگوزاری زیاتر بۆ خەڵکی ناحیه‌ی کەلەکچی دابین بکرێت.
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتووانی گوندی کەلەکچی تەنها 268 کەس بووە، بەڵام بەپێی سەرژمێری عیراق له‌ ساڵی 1977، ژمارەی دانیشتووانی بووه‌ 5225 کەس، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 45 هه‌زار کەس مەزەندە دەکرێت و ناحیەکە 11 گوند لەخۆ دەگرێت.

ئەو خزمەتگوزارییانەی کراون
هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كه‌له‌كچی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە ساڵی 2014وە ژمارەیەک خزمەتگوزاری جۆراوجۆر لە ناحیه‌ی کەلەکچی جێبەجێ کراون، بۆ نموونە نزیكه‌ی 35 کیلۆمەتر رێگەی ناوخۆی ناحیەکە لەلایەن شارەوانییەوە قیرتاو کراوە کە تێچووەکەی پێنج ملیار دینار بووە، هەروەها رێگەی سەرجەم گوندەکانی سنووری ناحیه‌کەمان قیرتاوکراون، كه‌ پێشتر ئاستەنگی زۆری بۆ شۆفێران و جووتیارانی گوندەکان دروستكردبوو، هاوكات دوو قوتابخانەی هەژدە پۆلی لەسەر بودجەی وه‌زاره‌تی پەروەردەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ناحیه‌ی کەلەکچی دروستکراون.
وتیشی: لە سەنتەری ناحیه‌ی کەلەکچی دوو بنکەی تەندروستی هەیە، ئێمە بەردەوام له‌گه‌ڵ داواكاری خه‌ڵكداین و کار دەکەین بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە هێنانی کەلوپەلی پێویستی پزیشکی و ئامێری سەردەمیانە بۆ بنکەی تەندروستی ناحیه‌ی کەلەکچی، بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێڵین و ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت.

دابەشکردنی زەوی
وتیشی: راستە کێشەی دابەشنەکردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، بەڵام بەپێی بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی زەوی لە سنووری شاره‌وانی کەلەکچی دەستپێ دەکات و بۆئەوەش کاری پێویست کراوە.
ناحیەی کەلەکچی له‌ رووی جوگرافییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ باکووری خۆرئاوای ناوەندی قەزای شێخان بە دووری 21کم، هەروەها 60 کیلۆمەتر لە باکووری خۆرئاوای پارێزگای دهۆکەوە دوورە، هه‌روه‌ها 70 کم لە باشووری خۆرئاوای موسڵەوە دوورە، تا ساڵی 2003 كەلەكچی دوایین خاڵ بووه‌ لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای موسڵ و هاوتەریبه‌ لەگەڵ سنووری هێڵی 36، سه‌نته‌ری ناحیه‌کە زیاتر لە 6000 خانووی تێدایە، له‌ ساڵی 2014 بووه‌تە ناحیه‌ و له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای شێخانە لە پارێزگای موسڵ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان