کەرتی گەشتیاریی لە نێوان گوندی باوزێ و ماسولەی باکووری ئێران

11:27 - 2025-03-25
کەلتور
189 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل باوزێیی


باوزێ‌ بە دووری (34 كم) دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری قەڵادزێ‌ و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی ئیسێوەی قەزای پشدەری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانییە. سەدان ساڵە گوندەکە بە قەدپاڵی گردێکی مێژوویی رووتەنەوە بە ناوی قۆنگرێ دروستکراوە، کە شێوازی بیناسازیی خانووەکان چین لەسەر چین و حەوشەی خانووی سەرەوە سەربانی خانووی خوار خۆی بوو، ئەم تایبەتمەندییەش دیمەنێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشی بە گوندەکە بەخشیبوو، بۆیە زۆرجار بە تەوێڵەی پشدەر ناودەبرا.
نیشتمانی کارێز و کانی
باوزێ‌ زستانی ساردە و بەفرێكی زۆری لێدەبارێت، بەڵام وەرزی بەهار و هاوینی خۆش و دڵگیرە، بەهۆی تێپەڕبوونی رووبارەکانی (شابان، رەشید و سمان) بە دەوری گوندەکەدا و بوونی زیاتر لە (122) سەرچاوەی کارێز و کانی، هەمانکات بەشێکی زۆری زەوییەکانیش بە داری بەرداری جۆراوجۆر و سروشتی داپۆشراوە، بەوهۆیەوە ناوچەکە ئاو و هەوایەکی فێنک و سازگاری هەیە، هەروەها بەهۆی فراوانی سنووری جوگرافی گوندەکە خاوەنی كوێستان و هاوینەهەوارەكانی (سێویشکان، باڵۆ، سماقەجاڕ، شێخەسڵان، زەویهەرمێ، ساردكێ، شیلانێ، سەرتەپان، قۆڕغان، دەراوێبیان، کانیگوڵان، وەیسەکەڕ، كبۆ و بناوێن)ە. لەلایەکی دیکەشەوە، بە دووری نزیکەی یەک کیلۆمەتر تاڤگەیەک، کە بە زمانی لۆکاڵی (سولی بندەروو)ی پێدەڵێن، دەکەوێتە باکووری گوندەکە و نزیک هەواری بەرەزاڵێ، بەرزییەکەی زیاتر لە (50 م) دەبێت و ئاوەکەی لە گوندی گردەشێخاڵ سەرچاوە دەگرێت. هەرچەندە لە بەهاراندا شوێنێکی سەرنجڕاکێش و دڵڕفێنە، بەڵام بەهۆی وشکبوونی رووبارەکە لە وەرزی هاویندا، هیچ گرنگییەکی گەشتیاری پێنەدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، باوزێ‌ زیاتر لە (14) شوێنەواری مێژوویی هەیە.
هۆکاری بچووکبوونەوەی گوندەکە
گوندەکە پێش راگواستنی ساڵی 1978 زیاتر لە (300) ماڵ بوو، دوای راپەڕینی ساڵی 1991یش لە كەمترین ماوەدا ئاوەدانكرایەوە و خانووەکان بە قوڕ و بەرد و دار و گڵ لەسەر شێوازە کۆن و دێرینەکەی جاران دروستكرانەوە، كە هەتا كۆتایی نەوەدەكان ساڵانە نزیكەی (30) خانوو بە هەرەوەزی ژن و پیاو و بە كۆمەڵ دروستدەكرا. بەجۆرێک ساڵی 2000 باوزێ پێكدەهات لە (270) ماڵ، بەڵام دواتر بەهۆی كۆچی پێچەوانەی دانیشتوانی گوندەکان بۆ شارەكان، رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و ئێستا بەهەرسێک گەڕەکەکانی (نێکهۆمەر، سوورەداڵە و دۆڵکێ) کەمتر لە (60) ماڵ تێیدا نیشتەجێیە.
دانیشتوانی باوزێ بە خانەخوێی باش و میواندۆستی لە ناوچەی پشدەر بەناوبانگن، بەهۆی دڵگیریی و ناوازەیی گوندەکە بەردەوام گەشتیاران و کەناڵەکانی راگەیاندن رووی تێدەکەن و چەندین وێنەی یادگاری لە پاڵ سروشتە جوانەکەیدا دەگرن و بەرنامەی جۆراوجۆر تۆمار دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی 2018 شەقامەڕێی کوێستانەکانی باوزێ بەناوجەرگەی گوندەکەدا راکێشرا، ئەم پڕۆژەیەش بووە هۆی رووخان و تێکدانی چەند خانوویەک و زیانێکی زۆر بە کەلتور و رەسەنایەتی گوندەکە گەیشت، پاشان ساڵ لە دوای ساڵ بە بیانووی ناپێویستی و کۆنی خانووەکان و هاتنەکایەی مۆدێرنێتە و گۆڕان و پێشکەوتنی ژیانی هاووڵاتییان زۆربەی خانووەکانی گەڕەکی سوورەداڵە رووخێنران، بەداخەوە باوزێ بەتەواوی ناسنامەی کۆن و شێوازی بیناسازی جارانی لەدەستدا.
پڕۆژەی ئاشتکردنەوەی باوزێ
هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین لەگەڵ خزمان و خەمخۆرانی گوندەکە، بەیەکەوە قۆڵی دڵسۆزی لێهەڵبماڵین و بڕیاربدەین «پڕۆژەی ئاشتکردنەوەی باوزێ» رابگەیەنین، بۆ ئەوەی لەسەر شێوازی کۆنی جاران لە نموونەی گوندی بەرگەڵوو خانووەکان دروستبکەینەوە، چونکە دڵنیام بەمکارەمان ناوبانگی باوزێ سەرنجی هەزاران گەشتیار و زۆرێک لە سیناریست و کۆمپانیای بەرهەمهێنی فیلم و کلیپی گۆرانی بەلای خۆیدا رادەکێشێت و دەبێتە گوندێکی گەشتیاری گرنگ لە ناوچەکەدا.
کاتێک رۆژی پێنجشەممە (16/6/2022) لە چوارچێوەی گەشتێکی ناوچە جیاجیاکانی باکووری ئێران بۆ یەکەمجار سەردانی گوندی ماسولەم کرد و بە سەرسامییەوە خانووە بە قوڕ سواخکراو و کۆڵانە تەسک و سادەکانم چاوپێکەوت، دڵتەنگییەکی زۆر و هەستێکی ناخۆش دایگرتم و گوندە وێرانەکەی باوزێ هاتە پێشچاوم، بەخێرایی بەراوردێکی ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی دانیشتوانی ماسولە و خۆمانم کرد، کە ئەوان چۆن پارێزگارییان لە زێدەکەی خۆیان و بە سەلامەتی هێشتنەوەی کەلتور و رەسەنایەتی گوندەکەیان کردووە، بۆیە لە ئێستادا رۆژ لە دوای رۆژ بە هەزاران گەشتیار بۆ لە نزیکەوە بینینی ئەم دیمەن و سروشتە جوانە سەردانی دەکەن و بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ بەدەستهێنانی داهات و بژێوی ژیانی دانیشتوان.
هەڵکەوتەی ماسولە
ماسولە بە دووری (60 کم) دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری رەشت و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەردارجەنگەڵ و قەزای فومەن-ە لە پارێزگای گیلان. پێشتر گوندەکە بە دووری (8 کم) لەلای باکووری خۆرئاوا بەرەو خەلخال هەڵکەوتبوو، کە ئێستا بە (ماسولەی کۆن) ناودەبرێت. دەربارەی گواستنەوەی بۆچوونی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام راستترین گێڕانەوە، بەڵگەنامەکەی لە پەراوێزی کتێبێکی دەستنووس لە کتێبخانەی نیشتمانی شاری رەشت پارێزراوە، کە دەردەکەوێت گوندەکە لە کاتی هێرش و پەلاماری مەغۆلەکان بۆسەر ئێران گواستراوەتەوە. هەرچەندە شێوازی تەلارسازی ماسولەی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی زەندەکان و زۆربەی خانووەکان لە دوو نهۆم پێکدێن. بەگوێرەی ئامارێکیش لە ئێستادا زیاتر لە (350) خانووی تێدایە و لە سەرژمێری ساڵی 2015شدا ژمارەی دانیشتوانی (393) کەس بووە، هەروەها بوونی (5) گۆڕ و مەزاری شیعەی (ئیمامزادە عەون کوڕی محەمەد کوڕی پێشەوا عەلی، ئیمامزادە هاشم، ئیمامزادە ئیبراهیم، ئیمامزادە عەینەدین و ئیمامزادە زەیدەدین)، هێندەی دیکە ماسولەی پیرۆز و بەناوبانگ کردووە.
کەرتی گەشتیاریی
ئەگەرچی هەتا شەستەکانی سەدەی رابردووی زایینی، کاری دەستی کانزاکاری و دارتاشی برەوی زۆری هەبوو، بەڵام ئێستا ئابووری دانیشتوانەکەی لەسەر کەرتی گەشتیاری وەستاوە، کە لە دوکانە کلاسیکییەکاندا بە فرۆشتنی پیشەی دەستی و چەندین جۆر شیرینی و هەنگوینی سروشتی و کەرەسەی جیاواز، ساڵانە پێشوازی لە دەیان هەزار گەشتیار دەکەن بەتایبەت لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهار و هاویندا، بۆیە دوو هۆتێل لەسەر شێوازی تەلارسازی سونەتی ئێرانی و چەند هۆتێلێک لەسەر رێگای چوون بۆ گوندەکە پێشوازی لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی دەکەن، هەروەها چەندین خانووی میوان و خانووی کرێ لە ناوچەکەدا هەیە.
عالیوەند و ئێلبەگی کوردن
بەشێک لە دانیشتوانی ماسولە سەر بە هۆزەکانی عالیوەند و ئێلبەگی کوردن، کە ئەوەی دواییان لە سەردەمی قاجارەکاندا کۆچیانکردوە بۆ گوندەکە، بەڵام زۆربەی دانیشتوانەکەی دیکە بە نەتەوە تالشین و بە تالشی قسە دەکەن، کە نزیکە لە زمانی فارسی. جێگای ئاماژەیە، تالشی سەر بە بنەماڵەی زمانەکانی باکووری خۆرئاوای ئێران و دەوروبەری دەریای قەزوێن-ە و لەگەڵ زمانەکانی دیکەی وەک گیلەکی و تاتی پارێزگای مازەندەران رەگ و ریشەیەکی مێژوویی و دێرینیان هەیە.
گوندی ماسولە هەڵکەوتەیەکی شاخاوی و دارستانێکی چڕی سەر سەوزی هەیە بەهۆی نزیکی لە باشووری کەناراوەکانی دەریای قەزوێن، بەردەوام هاوینی فێنک و زستانی زۆر سارد و بەفراوییە و شاخەکانی بەشی باکووری و بەتایبەت لوتکەی (شاموعەلیم) بەرزترین خاڵە لە پارێزگای گیلان و بەرزییەکەی دەگاتە (3050م)، بۆیە شوێنێکی تایبەت و سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتی گروپەکانی شاخەوانی و هەمیشە سەر بە تەم و هەوراوییە. بەهۆی هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی باسکران، گوندی ماسولە وەک میراتێکی کەلتوری رۆژی (21/8/1975) بە ژمارە (1090) خرایە ناو لیستی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران، هەروەها کاندیدیشە بۆ چوونە ناو لیستی تۆماری رێکخراوی جیهانی یونسکۆ.
سەرچاوەکان:
1. عومەر ئیسماعیل مارف: مێژووی گوندی باوزێ و بەرەباب و بنەماڵەکانی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، (سلێمانی، 2023)، ل23-24، 32-33.
2. مەحموود ئیبراهیمی: كوردستان و گەورك، نەشری زانكۆ، (بۆكان، 1395)، ل255.
3. ویکی پدیا، دانشنامە ازاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان