وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی: پێگە و سەنگی یەکێتی بەقسەی کەس نادیدە ناگیرێت

04:22 - 2022-08-03
کوردستان
441 جار خوێندراوەتەوە



بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا، هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر کێشەکانی پڕۆسەی سیاسی عیراق و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێویستی بەهەڵوەستە لەسەرکردنە. 

1/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا کە دەڵێ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەکەی بەڕێزیشیان بەرکەوتەی کوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بکات. 

2/ ئەم قسانەی بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا لە کاتێکدایە کە هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق بەئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە کار دەکەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەرکردە باڵاکانی حزبەکەیەتی کە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەکەنەوە. 

3/سەبارەت بەوەی کە بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەکات کە نێوانی یەکێتی و پارتی تێکداوە و یەکێتی «ئیغرا» کردووە بە پۆستی سەرۆک کۆمار. هەموو لایەک دەزانن کە پارتی دەستپێخەری کرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆلی و کێشەکانی نێوماڵی شیعە و کوردیشی قووڵکردەوە و بەبێ رێکەوتنی یەکێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و کاندیدی سەرۆک کۆمار تۆمار بکەن، ئەوە پارتی بوو تەماحی لەپۆستی سەرۆک کۆمار کرد کە بەرکەوتەی کورد و یەکێتییە و تاکلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێکەوتنی ئیمزا کرد بەبێ ئەوەی یەک خاڵی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان تێدا بێت، یەکێتی هێزێکە بە هیج دەستکەوت و پۆستێک ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێک ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.

4/ لە قسەکانیدا بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «کەمینە»ی بۆ یەکێتی بەکارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێکی سیاسی گونجاو نییە بەکاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک یەکێتی کە ژمارەی شەهیدەکانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەکێتی لە عیراقدا بە قسەی هیج کەسێک نادیدە ناگیرێ.
 
5/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی بەڕێزان لە رەوتی سەدرەوە قسە دەکات، لە کاتێکدا بەڕێزیان ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی کەس و لایەنی ترەوە قسە بکات. 
سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، کە ناهەقین بەرامبەر بە یەکێتی، لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە، یەکێتی جەخت لە بژاردەی گفتوگۆ و چارەسەر دەکاتەوە لە ئاستی نێوماڵی کوردی و لە ئاستی هەموو هێزە سیاسییەکانی عیراق، بۆ کۆتاییهێنان بەگرژییە سیاسییەکان و بنبەستی سیاسی. 

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 
2022/8/3

بابەتە پەیوەندیدارەکان