جەستەی نووسین

11:32 - 2025-03-27
ئەدەب و هونەر
47 جار خوێندراوەتەوە

   د.شادن دیاب
ئا/ نەرمین عوسمان محەمەد

نووسین بریتییە لە پرۆسەی گواستنەوە یان گۆڕینی زمانی ناوەکیی و پێویستە لە پێشدا بگەینە وشیاریی سەبارەت بەم زمانە ناوەکییە یان بە "زمان" لە پێناو تێگەشتن لە میکانیزمی گۆڕینی بۆ نووسین. لە کۆندا لەسەر تابلۆ قوڕینەکان دەیاننووسی، وەک چۆن ئەمڕۆ ئێمە لەسەر ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی بەردەستمان دەنووسین، ئەمەش رەنگدانەوەی بوونی پەیوەندییەکی قووڵە لەنێوان جەستەی نووسەر و پڕۆسەی نووسین خۆیدا، بە جۆرێک کە شێوازێک لە تێکەڵاویی لەنێوان جەستەی نووسەر و جەستەی نووسینەکەدا روو دەدات. 
نووسین پڕۆسەی گۆڕینێکی بنەڕەتییە
ئەمە خۆی لە دەرهێنانی ئەندامی گفتوگۆکردندا بۆ دەرەوە دەنوێنێت، بەمەش بێت نووسین جیاوازیی زۆرە لەگەڵ ئەو تەکنیکانەی مرۆڤ وردە وردە پەرەی پێداون، چونکە ئەگەر ئامێرەکان وەک چۆن ئەدرێ لیرو گۆرهان دەڵێت: «تەمەنی کارکردنی دەست، درێژ بکەن یاخود تەمەنی قۆڵ و جەستە، ئەوا ئەم درێژە پێدانانە زیاتر ئاڵۆزتر و سەربەخۆتر بوون، مرۆڤ وردە وردە بەرەو دەرهێنانی توانای بەرزتر و بەرزتر بۆ دەرەوە دەبرێت»، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، نووسین وەک بەرجەستەکردنێکە بۆ ئەو گۆڕینە، بەجۆرێک کە دەگۆڕێت لە جەستەیەکی ئەندامییەوە بۆ جەستەیەکی زیندوو، قسە دەکات و تێکەڵاو دەبێت. 
 بلزاک و جەستەی زیندوو
لەسەردەمی خۆیدا بلزاک دەستی بە پڕۆژە ئەدەبیەکەی کرد بە جەختکردنێکی تایبەتەوە لەسەر پەرەپێدانی نووسین، بە تێڕوانینێکی وەک جەستەیەکی زیندوو. ئەو پێی وابوو رۆمان جۆرێک لە جۆرەکانی بەرجەستەکردن دەنوێنێت، بەجۆرێک بیرۆکەکان تێکەڵ دەبن تا دەبنە بوونێکی هەستپێکراو و پێکەوەگرێدراو، ئەو ئامانجی ئەوە بوو نووسین لە تەنها ئامرازێکی دەربڕینەوە بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی گەشەسەندن، رەنگدانەوەی گەشەسەندنی جەستەی مرۆڤ و هەیکەلەکانی بێت و دواتر بیگوێزێتەوە بۆ رۆحێکی ئازادتر و کەم سنووردارکراو.
نووسین وەکو کارێکی داهێنەرانەی جێگرەوەی نەمانی جەستەکان و لاوازییان
 ئەمڕۆ لە جیهانێکداین ناخوێنینەوە، یان بە ئەستەم دەخوێنینەوە، خوێندنەوە لەلامان بووە بە هەڵبژێردراوێکی تەسککراوە لە چەند جۆرێکی ئەدەبیی دیاریکراو، وەکو رۆمانە پۆلیسییەکان یاخود خەیاڵییەکان. ئەمەیش لەوانەیە ببێتە هۆکاری لەناوچوونی چەند جۆرێکی دیکەی نووسین. ئەم جیهانە نوێیە وشەکان بە شێوازێکی رووکەشییانە بەکاردەهێنێت، مەترسییە بۆ سەر نووسین نەکا وای لێبکات ببێتە تەنها نێوەندگیرێکی راگوزەر، یاخود کلینیکێکی وشەکان کە دۆخێک دەستنیشان بکات بەبێ قووڵبوونەوە لەچارەسەرکردنیان یاخود لە ژیان کردن لەگەڵیاندا. لە رێڕەوەی ئێستادا کە بەناوبانگە بە چەندین قەیران و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی خێرا، نووسینی نوێ وەکو ئاوێنەیەکی رانگدەرەوەی ئەم گۆڕانکارییانە دەردەکەوێت. کەواتە نووسین دەتوانێت ئەو تریاکە بێت، سەردەمی نوێمان جیاوازتر بکات؟ لەسەردەمێکدا قەیرانەکان تێیدا دەتەقێنەوە و دۆخەکانی سترێسی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرز دەبنەوە، لەوانەیە نووسین ببێتە ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی باڵانس لە پێناو سەرلەنوێ دروستکردنەوەی واقیعدا و بەزاندنی ئەو غەڵبەغەڵبەی خۆی بەسەر هزرماندا سەپاندووە.
لەجەستەوە بۆ نێوەندگیری
ئەم تەکنیکە نوێیە چی پێشکەش کرد؟ ئێمە دەزانین لە سەردەمی کارەکانی زانای ئەنسرۆپۆلۆژی (جاک گودی)یەوە، زاراوەی "عەقڵێتیی باج" هەیە و دەزانین ئەم تەکنیکە هزرییە نوێیە چی دروستکرد لە پێشکەش کردنی نووسیندا، لەو شتانەی دروستی کردن بیر کردنەوە لە زانیارییەکان و رێکخستنیان بوو، بۆ نموونە نووسین زامنی گواستنەوەیە لەبواری بیستنەوە بۆ بواری بینین، بەجۆرێک کە نێوەندگیرێک پێشکەش دەکات لە گەردووندا، لە جیاتی کات دەردەکەوێت، ئەمەش رێگا خۆش دەکات بۆ توانای پشکنینی رستە و وشەکان بە شێوازێکی جیاواز و یاریی پێ کردنیان و سەرلەنوێ رێکخستنەوە و راست کردنەوەیان. ئەگەر داهێنانی نووسین یاخود گۆڕینی زمان بۆ دەقێکی نووسراو رووداوی یەکەمی گرنگ بێت لە مێژووی زانستەکانی زماندا، ئەوە لەبەرئەوەیە کە خاوەنی سێ پڕۆسەی بنەڕەتییە: «1.هەڵوەشاندنەوەی بە پاندبووون بە رێڕەوەکە، 2.رێکخستنی وێنەیی، .3چوون بۆ دەرەوە» بەمشێوەیە نووسین بەکردەیەکی دەرەکیی هەژمار دەکرێت، کە بۆ تاک و هەڵبژاردنی رێگایەکی دەربڕینی دەرەکییە.
سیستەمەکانی نووسین
با لە چوارچێوەی چیرۆکەکانی داهێناندا بمێنینەوە لەخۆرئاوای ئەفریقیا، ژمارەیەکی زۆر لە سیستەمەکانی نووسینی بنەڕەتی داهێنرا لەوێ، زۆرێک لەو دیاردە رووناکبیریی و سروشتییانەی ناتوانرێت لێکدانەوەیان بۆ بکرێت، بە شێوەیەکی لۆژیکی دەگەڕێندرێنەوە بۆ دەخاڵەتێکی ئیلاهی یاخود میتافیزیکی. زۆرێک لە ئایینەکان و سیستمی نووسینەکان بەوە وەسف دەکرێن "لە خوداوە دابەزیون" و خیتابێک هەیە بونیاد دەنرێت سەبارەت بەم دیاردانە و زۆر جار شێوازی خەونێک وەردەگرێت. لە جیهانێکی ژمارەییدا کە زیرەکیی دەستکردی تێدایە، لەوانەیە ئەم تەکنیکانە ببنە هاوپەیمانێکی بەهێز لەگەڵ سیستەمە نەریتییە کۆنەکەی نووسیندا و جۆرێکی نوێی بەهێزتر لە دەربڕین دروست دەکات. لە راستیدا زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لە رێگای شرۆڤەکردن و باشتر کردنی بنەماکانی زمان چەند رێگایەکی نوێ پێشکەش بکات، بۆ بەستنەوەی هزری مرۆڤایەتی بە دەقی دروستکراوەوە، ئەمەش رێگا لەبەردەم چەند شێوازێکی نووسیندا خۆش دەکات کە پێشتر بەکارنەهاتووە، جیهانی ژمارەیی بە هاوسەنگی لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا خاکێکی بە پیت بۆ سەرلەنوێ داهێنانی شێوازەکانی نووسین و دەربڕین فەراهەم دەکەن.  ئەمەش رێگا بە بەرەو پێشچوونی»جەستەی نووسین» دەدات لە جیاتی ئەوەی بمرێت، بەجۆرێک ئەم تەکنیکە نوێیانە دەتوانێت وزەیەکی نوێ و ژیانێکی بەردەوام نوێبووەوەی پێ ببەخشێت، لە جیاتی ئەوەی لە دۆخێکی بەستوو یان بەرەو نەمان چووندا بەجێی بهێڵێت. ئەم شۆڕشی ژمارەیی و زیرەکیی دەستکردە وەک هێزێکی بزوێنەر دەبێت بۆ پڕۆسەی دووبارە لەدایکبوونەوەی نووسین و ئەمەیش چەندین ئاسۆی نوێ بۆ ئەم «جەستی نووسینە» دەکاتەوە کە پێش دەکەوێت و نوێ دەبێتەوە لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا، بە یەکگرتن لەگەڵ ئامێرە نوێکاندا بۆ بەرهەمهێنانی چەند شێوازێکی داهێنەرانە تر و بەهێزتر.

سەرچاوە:
جريدة أخبار الأدب العدد 1648


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان