دلێر سه‌لیم
ئه‌گه‌ر بۆ نیو سه‌ده بگه‌ڕێینه دواوه ده‌بینین كورد خاوه‌نی چه‌ند كه‌ڵه‌هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژی باشبووه، تاوه‌كو ئێستایش هونه‌ره‌كه‌یان به به‌رزی ماوه‌ته‌وه، بێگومان بۆ داهاتووش ده‌مێنێته‌وه. هه‌رچه‌نده ئاسته‌نگ و شێوازی تۆماركردن له‌و سه‌ره‌ده‌مه‌دا یه‌كێك له گرفته گه‌وره‌كانیان بووه، به‌ڵام رانه‌وه‌ستاون و هونه‌ره‌كه‌یان پێشكه‌ش كردووه، ناچمه‌سه‌ر لایه‌نی كوالێتی گۆرانییه‌كان چۆن بوون! مه‌به‌ستم ناوه‌ڕۆك و هه‌وڵی هونه‌رمه‌نده‌كه‌یه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه.
ده‌بێ ئه‌وه بزانین ده‌نگخۆشی هیچ كاتێك به‌س نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی بڵێیت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیدا سه‌لیقه و زیره‌كی تێدا به‌كارنه‌هێنیت، له‌ناو كوردیشدا كه‌من ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ته‌نیا ده‌نگخۆشی ناكه‌نه پێوه‌ر بۆ گۆرانی وتن، ئه‌وان په‌یامێكیان له گۆرانی وتندا هه‌یه، ده‌یانه‌وێ به‌و شێوازه‌ی خۆیان بیگه‌یه‌نن، جا لێره‌دا كارامه‌یی هونه‌رمه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ لێره‌دا باسی بكه‌م هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ر خالقییه پێموایه هیچ هونه‌رمه‌ندێك به‌وشێوه‌یه‌ی مه‌زهه‌ر خالقی زیره‌ك نه‌بووه بۆ پێشكه‌شكردنی هونه‌ره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر گوێ له گۆرانییه‌كانی بگرین به‌ئاشكرا په‌نجه‌مۆری خالقی ده‌بینین له‌كاتێكدا خالقی ته‌نیا ده‌نگی به‌كارهێناوه واته، شیعر، ئاواز و میوزیكی خۆی نه‌بووه كه بڵێین كاریگه‌ری له‌سه‌ر وتنه‌كه‌ی هه‌بووه. له‌وانه‌یه رێكه‌وت یا چانسێك بۆ خالقی هاتبێته پێشه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندی به‌توانا كاربكات، بووه هۆی تۆماركردنی چه‌ندین گۆرانی كه ئێستا بۆته كۆڵه‌كه‌یه‌ك بۆ گۆرانی كوردی. ئه‌گه‌ر مێژووی ئه‌و گۆرانییانه ته‌ماشا بكه‌ین، له ساڵی (1958)ه‌وه بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، چه‌ندین ناوی میوزیسیه‌ن له كورد و فارس ده‌بینین كاریان له به‌رهه‌مه‌كانی خالقیدا كردووه وه‌ك: حه‌سه‌ن كامكار، حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی، موجته‌با میرزاده، مورته‌زا حه‌نانه، مسته‌فا كه‌سره‌وی، عه‌لی ته‌جویدی، حسێن عه‌لی مه‌لاح، یوسفی. من لێره‌دا ئه‌مه به‌چانسێك بۆ خالقی داده‌نێم كه كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی شاره‌زا له ده‌وری بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خالقی توانی به‌لێهاتوویی خۆی ئه‌و چانسه به‌هه‌رده‌رنه‌دات و زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا تۆمار بكات كه ئێستا كورد شانازی به‌و به‌رهه‌مانه‌وه ده‌كات. ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌كانی خالقی میوزیسیه‌نه فارسه‌كان دایانناوه، به‌ڵام كه گوێت لێده‌بێت هه‌ست ده‌كه‌ی میوزیكێكی ته‌واو كوردییه، له راستیدا ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی ده‌نگی خالقییه ئه‌و هه‌سته‌ی به میوزیكی گۆرانییه‌كه به‌خشیوه.
هه‌ندێكجار به‌رگوێم كه‌وتووه خالقی ئازایه‌تی خۆی نه‌بووه، چونكه ئه‌وانه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردووه باشتریینه‌كانی ئێران بوون، ئه‌م قسه‌یه راست نییه! چونكه هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ش هه‌بوون هه‌ر ئه‌و كه‌سانه كاریان بۆ كردوون، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌یان نه‌گه‌یشته هونه‌ره‌كه‌ی خالقی، با بزانین بۆ: خاڵی گرنگی مه‌زهه‌ر خالقی له گۆرانی گوتندا ئه‌وه‌بوو بۆ خۆی گۆرانی ده‌گوت، به تێگه‌یشتنی خۆی، چۆنی حه‌ز لێبوایه وای ده‌گوت، خۆی بڕیاریده‌دا چی بڵێت تێڕوانینی خۆی هه‌بوو، چونكه ده‌یزانی چی له ناخیدا قوڵپ ده‌دا؛ ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه سێ به‌شی گۆرانییه‌كانی خالقی فۆلكلۆرن، به‌ڵام لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌گه‌ر نه‌گوترێ ئه‌و گۆرانییه فۆلكلۆره ئه‌وا هه‌روا ده‌زانن گۆرانییه‌كه خالقی خۆی دایناوه، چونكه لاسایی كه‌سی نه‌ده‌كرده‌وه، به‌شێوازی خۆی ده‌یگوته‌وه ئه‌وه‌بوو سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی. خاڵێكی زۆر گرنگ هه‌یه كۆڵه‌كه‌ی ئه‌م باسه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، خالقی له گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان زۆر لێزان بووه، كاتێك گۆرانییه‌كه‌ی ده‌گوته‌وه به‌رگێكی نوێی ده‌كرده‌به‌ر، وه‌ك ئه‌وه وایه پیاوێك له به‌رگێكی شڕ و تۆزاوییه‌وه بهێنی، چاكه‌ت و پانتۆڵێكی جوانی له‌به‌ربكه‌یت، قژی به‌شێوه‌یه‌كی جوان دابهێنی واته هه‌مان پیاو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر رێك، به‌ڕاستی خالقی وابوو! ئه‌و به‌رگه‌ی خالقی كردوویه‌ته به‌ر گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان هیچ هونه‌رمه‌ندێكی كورد نه‌یكردووه، وایكرد گۆرانییه‌كان ببنه موڵكی خۆی، ئێستایش هه‌ر كه‌سێك بیڵێته‌وه به‌شێوازی خالقی ده‌یلێته‌وه. جیا له گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان هه‌ر ئاوازێك گوتبێتی وه‌ك خۆی گوتویه‌تی بۆ نموونه، گۆرانی بازی بێریان كه له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تره‌وه گوتراون، به‌ڵام خالقی وایگوتووه وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی هی خۆی بێت، ئیتر ئه‌مه‌یه شێوازی گۆرانی گوتنێكی دروست.
مه‌زهه‌ر خالقی زیره‌كانه توانی سوود له‌و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانه وه‌ربگرێت كه ئه‌و سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵی بوون، هه‌ر یه‌كێك له‌وانه چه‌ندین شاكاریان بۆ دروستكرد، بۆ نموونه له رووی شیعره‌وه جیا له‌وه‌ی شیعری شاعیرانی به‌كارهێناوه چه‌ندین شیعری گۆرانی هه‌ر یه‌ك له د.عابد سه‌راجه‌دینی، عوسمان ئه‌حمه‌دی، د. موفتی زاده... كه ئێستا ئه‌و گۆرانییانه به یه‌كێك له باشترین گۆرانییه كوردییه‌كان داده‌نرێت. جارێك به‌خالقیم گوت: ئه‌و گۆرانییانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت به‌تایبه‌ت فۆلكلۆره‌كان، كردووته به‌موڵكی خۆت و به‌رگێكی نوێت كردوونه‌ته‌به‌ر، كه گوێی لێده‌گریت واده‌زانی ئه‌م ئاوازه بۆ تۆ دانراوه، قسه‌كه‌ی پێ‌خۆش‌بوو نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی به‌پیاهه‌ڵدان بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو هه‌ستیكرد كه‌سی تر هه‌یه جیا له‌خۆی د‌رك به‌و راستییه بكات، چونكه ده‌یگوت، كاتێك گۆرانییه‌كم ده‌گوت ئه‌گه‌ر تێكسته‌كه‌م به‌دڵ نه‌بوایه یا ئاوازه‌كه یا میوزیكه‌كه نه‌مده‌هێشت هه‌روا به‌ئاسانی تێپه‌ڕێ، یا ده‌مگۆڕی یا پێیانم ده‌گۆڕی، چونكه ده‌مویست ئه‌وه بڵێم كه خۆم ده‌مه‌وێ نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ. كه‌واته خالقی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بلیمه‌تانه كاری كردووه، به‌ڵام له كوێدا شتێكی به‌دڵ نه‌بووبێ نه‌یگوتووه، بیرمه له یه‌كێك له قسه‌كانمان باسی گۆرانییه‌كم بۆ كرد كه شاعیره‌كه له‌و سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵی بوو گوتی، ئه‌و گۆرانییه چه‌ند جارێك شیعره‌كه‌م پێگۆڕیوه، چونكه هه‌ستم كردووه ده‌بێ باشتر بێت بۆ ئاوازیش به‌هه‌مان شێوه. له‌و سه‌رده‌مه لیژنه هه‌بووه پێیگوتراوه (شورا) بۆ نموونه، شورای شیعر، شورای ئاواز، شورای میوزیك، له‌وێدا گۆرانییه‌كه له هه‌موو روویه‌كه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرا پاشان بڕیار ده‌درا تۆمار بكرێت.
مه‌زهه‌ر خالقی زۆر به‌باشی هاته نێو بواری گۆرانی گوتن تا گه‌یشت به لووتكه، له لووتكه‌شدا وازیهێنا، له‌وانه‌یه وازهێنانی خالقی رێكه‌وتێك بووبێ نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بڕیاری دابێ، قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێن: گه‌یشتن به لووتكه ئاسانه، به‌ڵام مانه‌وه له لووتكه‌دا سه‌خته، خالقی له لووتكه‌دابوو وازی له گۆرانی گوتن هێنا، ئه‌مه‌ش وایكرد تا كورد مابێت هونه‌ره‌كه‌ی له لووتكه‌دا بمێنیته‌وه، وه‌كو به‌شێك له‌و گۆرانیبێژانه‌ی نه‌كرد تا كۆتایی گۆرانی بڵێت و گرنگ نه‌بێت چی ده‌ڵێت، چونكه هونه‌رمه‌ند ده‌بێت بزانێت له كوێدا پێویسته بوه‌ستێت! بۆ ئه‌وه‌ی رێز له رابردووی خۆی بگرێت، وه‌ك چۆن ده‌بینین ئێستا به‌شێك له‌و گۆرانیبێژانه‌ی رۆژانێك خه‌ڵك به‌تامه‌زرۆیی گوێیان لێده‌گرتن ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می لاوازیان خستۆته نێو هه‌گبه‌كه‌یانه‌وه ئه‌و رێزه‌یان كه‌م بۆته‌وه ئه‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ی پێگه‌یاندوون.
خالقی زیاتر له(150) گۆرانی تۆماركراوی هه‌یه، له كۆی ئه‌و گۆرانییانه ته‌نیا 3-4 ئاوازی خۆی دایناون، به‌ڕای من سه‌ركه‌وتنی گۆرانی بۆ گۆرانیبێژ ئه‌وه‌یه ته‌نیا ده‌نگی به‌كاربهێنێ واته، شیعر، ئاواز و میوزیكی بۆ ئاماده بكرێت و هی خۆی نه‌بن، ئه‌مه‌ش وا له گۆرانییه‌كه ده‌كات ره‌نگاوڕه‌نگی پێوه‌دیار بێت و گۆرانییه‌كانی له‌یه‌كتر نه‌چن و هه‌ستی جیاوازی تیا به‌رجه‌سته بێت، هه‌ڵبه‌ت ناشڵێم هونه‌رمه‌ند نابێ ئاوازی خۆی به‌كاربهێنێ، چونكه ئه‌مه پێوه‌رنییه، به‌ڵام گۆرانییه‌كه سه‌ركه‌وتووتره ئه‌گه‌ر بۆی ئاماده بكرێت.
ساڵی(1986)خالقی دوابه‌رهه‌می خۆی بڵاوكرده‌وه هه‌رچه‌نده ساڵی (1993) و (1998)یش دوو گۆرانی تریشی بڵاوكرده‌وه، ئیتر له‌دوای ئه‌و رێكه‌وته‌وه تا ئێستا بێده‌نگ بووه كه ده‌توانین بڵێین وازی له گۆرانی گوتن هێنا، ئه‌مه‌ش باشترین بڕیاری خالقی بووه واته(40)ساڵ به‌رده‌وام بوو له گۆرانی گوتن(24)ساڵیشه بێده‌نگه! ئه‌م بێده‌نگییه توانی(40)ساڵی گۆرانی گوتنی خالقی له لووتكه‌دا بهێڵێته‌وه و بۆ هه‌میشه زیندوو بمێنێته‌وه، له راستیدا هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌وجۆره رێز له خۆی و له هونه‌ره‌كه‌ی بگرێت، ئێستا خالقی به‌شێوازێكی تر به‌رده‌وامه، له ده‌زگای ئنستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد خه‌ریكی به‌دۆكیۆمێنتكردن و چاپكردنی هونه‌ری كوردییه، جا ئه‌و ده‌زگایه باشه یا نا ئه‌وه قسه‌یه‌كی تره.
له مێژووی گۆرانی كوردیدا یه‌ك مه‌زهه‌ر خالقی هه‌یه پێشم وانییه ده‌نگێك هه‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌و، مه‌به‌ستم له‌م قسه‌یه چییه؟ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ویستوویانه وه‌ك خالقی گۆرانی بڵێن چ به شێواز یا گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ویستوویانه به شێوازی خالقی گۆرانی بڵێن ده‌توانم بڵێم گه‌وره‌ترین زیانیان له خۆیانداوه، له‌وانه‌یه بۆ زه‌مه‌نێكی كورت بمێننه‌وه، به‌ڵام بۆ هه‌میشه نا، چونكه كه‌س له‌ژێر چه‌تری خالقیدا گه‌وره نابێت، ئه‌و سۆزه تایبه‌ته به‌خۆی، كه‌سی تر ناتوانێ لێی وه‌ربگرێت، بۆیه باشترین كار ئه‌وه‌یه خۆت له قه‌ره‌ی هونه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌یت، ئه‌گه‌ر ویستت گۆرانییه‌كی بڵێیته‌وه هه‌وڵ مه‌ده وه‌ك خالقی بیڵێی، وه‌ك خۆت بیڵێ بۆ ئه‌وه‌ی ماندوو بوونه‌كه‌ت به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات و گوێگر به‌شێوه‌ی خۆت لێت وه‌رگرێت، بۆیه زۆر به راشكاوانه ده‌توانم بڵێم مه‌زهه‌ر خالقی زیره‌كترین هونه‌رمه‌ندی كورده كه زانی چۆن گۆرانی بڵێت! چۆن ده‌ستپێبكات و چۆنیش واز بهێنێ.