له توركییه‌وه: فه‌رهاد چۆمانی
راسكۆلنیكۆڤی شاكه‌سی رۆمانه‌كه به گوێره‌ی ئه‌و سیستمه زه‌ینییه‌ی په‌ره‌ی پێداوه له دووڕیانی "مرۆڤێكی ئاسایی" و "مرۆڤی باڵا"دا درێژه به دادپه‌روه‌رییه ویژدانییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و ده‌یه‌وێ یه‌كلا ببێته‌وه سه‌ر به‌كام لایه و هه‌ر له‌وێشدا ده‌بێته بكوژ. له راستیدا ئه‌و كوشتاره به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه خۆیشی كه‌سێكی ئاسایی نییه.
كتێبێكم به‌ده‌سته‌وه‌یه لاپه‌ڕه‌كانی پڕن له خه‌م، ته‌نیایی و په‌شیمانی، چه‌ندین رووداو و گوته‌ش كه له‌دڵدا چه‌نده لێپێچینه‌وه‌م ده‌كرد حسابه‌كه‌م دوا ده‌خست بۆ رۆژی دوایی... تاوان و سزا یه‌كێكه له رۆمانه‌كانی دۆستۆیڤسكی، كه له نێو رۆمانه كلاسیكییه‌كانی دنیادا جێگه‌ی تایبه‌تی خۆی گرتووه. به‌رده‌وام ئه‌م رسته‌یه به‌كارده‌هێنێت، "هه‌موو شتێك باجی خۆی ده‌وێت". له كاتی خوێندنه‌وه‌دا ئه‌م رۆمانه‌م له ده‌ریا ده‌چواند: به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌له‌وانی بزانیت خۆتی تێ فڕێبده‌یت، بگره له‌و كاته‌دا كه خه‌ریكه ده‌خنكێیت هێشتا بۆ ده‌ستێك ده‌گه‌ڕێیت رزگارت بكات. هه‌روا له خۆمه‌وه گوزاره‌ی "به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌له‌وانی بزانیت"م هه‌ڵنه‌بژارد. ئه‌گه‌ر به‌زه‌یی له ئه‌زه‌له‌وه له مرۆڤدا سه‌خت بێت، ئه‌وا خراپه وه‌ك هه‌وای ده‌ریا لێتده‌دات. دروست وه‌ك راسكۆلنیكۆڤ. سه‌خته بكه‌وینه نێو دۆخێكه‌وه كه قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، كاتێك هه‌موو شتێك ته‌واو ده‌بێت، سه‌خته له نێو هه‌ستی په‌شیمانیدا شه‌و له رۆژ گرێ بده‌یته‌وه.
كاره‌كته‌ری سه‌رنجڕاكێش له‌م رۆمانه‌یدا
رۆمانه‌كه گه‌ڕانی مرۆڤێكی ژیر و بوێره كه به دوای ئایدیاله‌كانی خۆیه‌وه‌یه. دوای ئه‌و ئاسته‌نگی و دڕدۆنگییه‌ی تووشی ده‌بێت و ئه‌و تاوانه‌ی ده‌یكات، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئه‌و كێشه ده‌روونی و قۆناغی پاك حسابییه ناخه‌كییه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یكات به‌شێوه‌یه‌كی لێزانانه چنراوه، له‌و رۆمانانه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی به ته‌ورێكه‌وه بێته نێو دارستانی رۆحی نه‌رم و ته‌ورنه‌دیوی مرۆڤ و رۆحی هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه. دۆستۆیڤسكی له‌م رۆمانه‌یدا كاره‌كته‌رێكی هێنده سه‌رنجڕاكێش دروستده‌كات، به‌پێی گێڕانه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تاوان و سزا، داواكاری گشتی پترسبۆرگ دۆسێیه‌كی دژ به نووسه‌ری رۆمانه‌كه كردووه‌ته‌وه و له داوانامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "كه‌سێك هێنده به ورده‌كاری و راسته‌قینه باری رۆحی دڕنده‌یه‌كی بكوژ بگێڕێته‌وه، به دڵنیاییه‌وه حاڵه‌تی كوشتن له رابردووی ژیانیدا په‌نهانه".
تاوان و سزا به ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه نووسراوه، كاره‌كته‌ره‌كانی نێو رۆمانه‌كه هه‌ست به‌چی بكه‌ن و چۆن بژین و به‌ر هه‌رچی ده‌كه‌ون، به‌هه‌مان شێوه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ خوێنه‌رانیشی. هه‌ر ساتێك پشوویه‌ك له خوێندنه‌وه‌ی وه‌رده‌گریت، چه‌ندینجار سوپاسگوزار ده‌بیت، كه له‌و خه‌ونه خه‌به‌رت ده‌بێته‌وه "هه‌ر باشبوو خه‌ون بوو" هه‌ستێكی وه‌هات لا دروست ده‌كات.
راسكۆلنیكۆڤ ده‌ستی ده‌چێته خوێنه‌وه، خوێنی
رووداوه‌كانی نێو رۆمانه‌كه له سه‌رده‌می روسیای قه‌یسه‌ریدا رووده‌ده‌ن. راسكۆلنیكۆڤ كه به‌پاره‌ی خێزانه‌كه‌یان ده‌خوێنێت، خاوه‌نی فه‌لسه‌فه و بیری تایبه‌ت به خۆیه‌تی، گه‌نجێكه له به‌شی یاسا ده‌خوێنێت. له مانگه‌كانی كۆتاییدا به دژواری ده‌توانێت خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، بۆیه ناچار ده‌بێت به‌شێك له یادگارییه به‌هاداره خێزانییه‌كانی وه‌ك ره‌هن له‌لای ژنێكی سووخۆر دابنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ردا ناچاره هه‌ندێك پاره‌ی به قه‌رز وه‌ربگرێت. له راستیدا هه‌رگیز ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی پێ په‌سند نییه. ئه‌وه‌ی پاڵنه‌ریه‌تی بۆ ئه‌و كاره، بۆشایی بڕواداری و ئه‌و هه‌سته‌یه‌تی كه پێیوایه بۆته بار به‌سه‌ر دایك و خوشكییه‌وه. له‌و هه‌سته‌وه كه‌م كه‌مه كینه به‌رانبه‌ر ژنه‌ی سووخۆر. هه‌ستی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه بكوژێت ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ژار و ناچاره به‌قه‌رزوه‌رگرتن له چنگی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و ژنه سووخۆره قوتاریان ده‌بێت، ئه‌م بڕوایه‌ش واده‌كات هێنده‌ی تر ئه‌و هه‌سته‌ی توندتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌بێت. به‌گوێره‌ی سیستمی بیركردنه‌وه‌ی راسكۆلنیكۆڤ مرۆڤه‌كان یا "مرۆڤی باڵا"ن یاخود "مرۆڤی ئاسایی"ن. له‌و سیستمه زه‌ینی و بیركردنه‌وه‌یه‌ی خۆی دایڕشتووه ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ی كردووه كه له نێوان دوالیزمی "مرۆڤی باڵا" و "مرۆڤی ئاسایی"دا سه‌ر به كامیانه ئینجا بۆته بكوژ. ئه‌م كوشتنه واده‌كات خۆیشی له مرۆڤه ئاساییه‌كان نه‌بێت. راسكۆلنیكۆڤ ده‌ستی ده‌چێته خوێنه‌وه، خوێنی هه‌ر تاكه مرۆڤێكیش نا، هی دوان. ئه‌و رۆحه بێ گوناهه‌ی (لیزاڤیتا ئیڤانۆڤنا) كه راسكۆلنیكۆڤ بۆیه كوشتی تاوه‌كو هیچ به‌ڵگه و شایه‌دێك له‌دوای خۆی به‌جێنه‌هێڵێت، ویژدانی راسكۆلنیكۆڤ ده‌هه‌ژێنێت، ده‌یخاته سه‌ر جێگه. له‌لایه‌كه‌وه ئازاری ویژدان و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ترسی ده‌ستگیركردن زه‌نده‌قی ده‌به‌ن. لاپه‌ڕه به دوای لاپه‌ڕه‌دا هاتن و كاتێك گه‌یشتمه سه‌ر ره‌زومیخین، جارێكی تر له‌وه دڵنیابوومه‌وه هه‌ندێك كه‌س له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌رماندان. مرۆڤ ته‌مه‌ننای ئه‌وه ده‌كات دۆستێكی وه‌ك ئه‌و سه‌رڕاست و راستگۆی هه‌بێت كه له په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نه‌یه‌ته ناوه‌وه. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا دایك و خوشكه‌كه‌ی راسكۆلنیكۆڤ بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن روو له‌و شاره بكه‌ن كه ئه‌و تێیدا ده‌ژی، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه لای و سه‌ر به‌یه‌كه‌وه بنێن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشهاته هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی راسكۆلنیكۆڤ تێیدا ده‌ژی، دڵنیا ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ر دایك و خوشكی راده‌ستی دۆستی سه‌ر راستی خێزانه‌كه‌یان ره‌زومیخین بكات، دڵنیا ده‌بێته‌وه.
سۆنیا كچێكی هه‌تیوه، كه دوای بوختانێك له كاره‌كه‌ی ده‌ركراوه، ناچاره ئاگای له باوكه به‌دمه‌ست و زڕدایك و زڕخوشك و براكانی بێت. به‌و هۆیه‌شه‌وه ناچار به گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی نادروست ده‌بێت. راسكۆلنیكۆڤ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ناخۆشیه‌ی چه‌شتوویه‌تی، دڵی ده‌چێته ئه‌و كچه‌ی هێشتا به‌هێزه‌وه له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه و كار ده‌كات. زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و ده‌نگه بێزاركه‌ره‌ی وێژدانی ناگرێت، لای ئه‌و كچه‌ی خۆشی ده‌وێت دان به‌وه‌دا ده‌نێت ئه‌و كوشتاره‌ی كردووه. شتێك هه‌یه كه ئه‌و نایزانێت: له ئه‌پارتمانی به‌رانبه‌ر ماڵی سۆنیا، دونیای خوشكی و سیمیتری گارلۆڤ نیشته‌جێن كه راسكۆلنیكۆڤ رێگه‌ی زه‌ماوه‌نده‌كه‌یانی نه‌دابوو و هه‌موو دانپێدانانه‌كه‌ی ده‌بیستێت. گارلۆڤ كه ده‌یه‌وێ ئه‌و دۆخه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاربهێنێت، ئه‌مه به دژی دونیا به‌كارده‌هێنێت و ده‌ڵێ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵدا بكات، براكه‌ی ناداته ده‌ست پۆلیس. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و داواكاری گشتییه‌ی پێیوایه راسكۆلنیكۆڤ تۆمه‌تباره، ده‌چێته ماڵی راسكۆڵنیكۆڤ و ده‌ڵێ ده‌زانم تۆ تاوانه‌كه‌ت كردووه و هه‌ر خۆی هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی پێیبڵێ پێویسته خۆی راده‌ستی پۆلیس بكات.
ته‌نیا به تێكه‌ڵكردنی بڕوا، خۆشه‌ویستی و دانبه‌خۆداگرتنه ده‌توانرێت به كۆتاییه‌كی دڵخۆشكه‌رانه بكه‌یت. هه‌ڵبه‌ته نابێ هیواداربوونیش له‌بیربكرێت. راسكۆلنیكۆڤ كه له ئه‌نجامی ئه‌و پلانه ژیرانه‌یه‌ی كه دایده‌ڕێژێت ئه‌و هه‌موو ئازاره رۆحییه‌ی ده‌یچێژێت و ئه‌و باجانه‌ی ده‌یدات فێرده‌بێت كه "مرۆڤی باڵا" ئه‌و كه‌سانه نین كه نه‌ریت و یاساكانی كۆمه‌ڵگه پێشێل ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه سه‌رباری هه‌موو هه‌ژارییه‌كه‌یان به‌ته‌واوی پابه‌ندی چه‌مكی ئه‌خلاقن له‌و پێناوه‌دا شه‌ڕ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی له‌باره‌ی بوونی ئافرێنه‌رێكه‌وه دووچاری ده‌بێت جێی سه‌رنج بوو. راسكۆلنیكۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی بێ وێنه قورسایی بڕواداریی چه‌شت.
ئه‌وه‌ش بڵێم ده‌توانین به‌مشێوه‌یه ئه‌م رۆمانه‌ی دۆستۆیڤسكی كورت بكه‌ینه‌وه: "ئه‌م رۆمانه چیرۆكی شكستهێنانی ورده ورده‌ی مرۆڤێك و دۆزینه‌وه‌ی ژیانێكی تازه و گواستنه‌وه و جێگۆڕكێی له دنیایه‌كه‌وه به‌ره‌و دنیایه‌كی تر و ئاشنابوونیه‌تی به حه‌قیقه‌تێك كه هه‌رگیز له‌وه‌وبه‌ر پێی ئاشنا نه‌بووه."
سه‌رچاوه: oggito.com