قایمقام: هەرچیمان پێ بکرێت بۆ هاوکاریکردنی ئەو دوکاندارانەی زیانیان بەرکەوتووە دەیکەین

لە سلێمانی، سووتانی 150 دوکانی مەزادخانەی سەرەوە

09:34 - 2025-04-06
ڕاپۆرت
57 جار خوێندراوەتەوە
#لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن

״لە دوکانەکەمدا شوشەوات و کەلوپەلی ناوماڵم دەفرۆشت، هەمووی بوو بە خەڵوز״

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


سالار، بە دیار پاشماوەی دوکانە سووتاوەکەی، لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دانیشتووە و وتی: لە دوکانەکەمدا شوشەوات و کەلوپەلی ناوماڵم دەفرۆشت، دەبینیت هەمووی بووە بە خەڵوز.
سالار دەڵێت: سەعات 5:30 خولەکی بەیانی بوو ئاگادار کرامەوە کە بازاڕەکە ئاگری گرتووە، زوو گەیشتم، بەڵام بەچی دەچێت هیچم بۆ دەرنەچوو.
بەرەبەیانی  دوێنێ، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕ و دوکانەکانی مەزادخانەکەی سەرەوە (دارە سوتاوەکە) کەوتەوە، پاش چەند سەعاتێک تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بوو وتی: بە هیممەتی دڵسۆزانەی بەڕێوەبەر و تیمەکانی بەڕێوەبەرێتیی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی و بە هەماهەنگیی هاووڵاتیانی دڵسۆز و تیمەکانی فریاکەوتنی خێرای تەندروستیی و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ، بەبێ هیچ زیانێکی گیانیی، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.
وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن.
دوکاندارێکی دیکە کە کەلوپەلی کارەبایی لە دوکانەکەیدا بووە دەڵێت: ئەگەر لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە پاسەوانی بازاڕەکە ئاگاداری بکردینایەتەوە زوو فریا دەکەوتین و بەم شێوازە هەموو دوکانەکان نە دەسووتان، هیچ نەبێت فریا دەکەوتین بەشێک لە کەلوپەلەکانمان رزگار بکەین.
وتیشی: ئەوە جێگەی پرسیارە و نازانین کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە پاسەوانەکە لەکوێ بووە؟ لە کاتێکدا ژمارەی هەموو خاوەن دوکانەکانی لەلایەن چۆن بە زوویی ئاگاداری نەکردوینەتەوە؟
بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە 150 دوکان زیانی بەرکەوتووە و سووتاوە.

داواکاریی قەرەبووکردنەوە
ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕی دارەسوتاوەکە روداوێکی زۆر ناخۆش بوو، وەک حکومەتی خۆجێی سلێمانی هەرچیمان پێ بکرێت بۆ هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ئەو خاوەن دوکانانەی زیانیان کردووە دەیکەین.
وتیشی: تائێستا نازانین هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە و چۆن دروست بووە، بەڵام زیانێكی مادی زۆری لێکەوتۆتەوە، رۆژی یەکشەممە لە رێگەی بەرگری شارستانییەوە لیژنە دروست دەکرێت بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر خاوەن دوکانەکان کەوتووە، قایمقامیەتیش بە نووسراو لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت دەبێت بۆ هاوکاریکردنی دوکاندارەکان و هەرچیمان لە توانادابێت بۆیان دەیکەین.
بەشێک لە دوکاندارەکان مانگی 10ی ساڵی رابردوو تەواوی دوکانەکانیان تازەکردووەتەوە و دوکاندارێک وتی: پێشتر سەری دوکانەکانمان لەوح بوو ساڵی رابردوو شارەوانی ئاگاداری کردینەوە کە چاکی بکەین بۆئەوەی دیمەنێكی جوانی هەبێت، ئێمەش بە گوێمان کرد و هەموو دوکانەکانمان تازە کردەوە، بەڵام نوێکردنەوەکە زۆری نەخایاند و هەمووی سووتا.
وتیشی: داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەم قەرەبوومان بکەنەوە بۆئەوەی بتوانین دەست بە کاسبی و بنیاتنانەوە بکەینەوە، لەبەرئەوەی هیچمان بۆ دەرنەچووە و ئەوەی چەندین ساڵە پێکەوەی دەنێین بە چەند سەعاتێك بوو بە خەڵوز.

پابەندبوون بە رێنماییەکانی  بەرگری شارستانی
پابەندبوون بە رێنماییەکانی بەرگری شارستانی و دانانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی کار یاخود لە دوکان و بازاڕەکاندا یەکێکە لە هۆکارەکانی سەلامەتی و داواکاریی بەردەوامی لایەنە بەرپرسەکان.
ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی وتی: لە رابردوو بەردەوام جەختمان لە دوکانداران کردووەتەوە لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵیان بە تەواویی پابەندی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی بن، هەروەها کەلوپەلەکانیان بەرنە ژوورەوە، ئەو دوپاتکردنەوەیە بۆ ئەوەبوو ئەم روداوە ناخۆشانە زیانی زۆریان پێ نەگەیەنێت.
 وتیشی: لە داهاتوودا زیاتر سوور دەبین لەسەر پابەندکردنی دوکانداران بە هۆکارەکانی سەلامەتییەوە و پێویستە بزانن رێکارەکانمان بۆ پاراستنی ئەوانە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەش چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی دەبین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان