ئا: عەبدوڵڵا مەحمود زەنگەنە
بابەتێکی تری کتێبەکە قسەکردنە لە ژیانی سێکسی، کە دەبێ زیاتر بۆ پاراستنی رەچەڵەکی مرۆڤایەتی بێت نەک تاکە ئامانج لێی گەیشتن بێت بەچێژ
ئەم بابەتە دیمانەیەکە لەو دیمانانەی كە لەگەڵ فەیلەسوفی بەناوبانگی فەرەنسا و جیهان، میشێل فۆکۆدا كراوە لە کتێبی «خەمێک بۆ راستی». لەبەر هەستیاریی پرسی سێکس لە ژیانی کۆمەڵگەکاندا، بە پێویستم زانی بۆ خوێنەری کوردزمانی کورت و پوخت بکەمەوە، چونکە فۆکۆ بایەخی زۆری داوە بە پرسی سێکس وەک فاکتەرێک بۆ پەیبردن و سۆراخکردنی راستی لەنێو کۆمەڵگە مرۆییەکاندا، کە خۆی دەڵێت: (دەمەوێت لە سۆراخی ھێڵێکی باریکدا بم کە لەماوەی چەندین سەدەی رابردوودا پرسی سێکس و سۆراخکردنی راستیی پێکەوە بەستۆتەوە)، بۆیە کە پرسیاری لێدەکرێت ئەو سۆراخە بە چ ئاڕاستەیەکدا دەبێت؟ دەڵێت: (خودی کێشەکە لە ژیاندا دەبێ بەمجۆرە بێت و بپرسین، بۆچی ژیانی سێکسی، لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، زۆر سادە و ساکار بۆ ئەوە نەبێت بەھۆیەوە لەشێوە سرووشتییەکەیدا بەرهەمهێنانەوەی تاک و خێزان و کۆمەڵگە ببێت و چێژ و خۆشییەکانیشی لەوپێناوەدا بێت؟).
ئەوەتا خۆرئاوا بەدرێژایی بەرقەراریی مەسیحییەت هەمیشە وتویەتی:(بۆ ئەوەی بزانیت تۆ کێیت، هەموو شتێک بزانە لەبارەی رەگەزتەوە)، بۆیە سێکس هەمیشە ئەو شوێنە بووە راستیی خودی مرۆڤایەتی و بوونی جۆرمانی تێدا پێکهێنراوە. نە دانپێدانان و پێداچوونەوە بە خوددا و نە سووربوونێکی هەمەکیش لەسەر نهێنییەکانی جەستە و گرنگیشی، ئامراز نەبووە بۆ رێگریکردن لە سێکس یان دوورخستنەوەی بۆ قووڵایی ھۆشیاری، بەڵکو فۆرمێک بووە بۆ دانانی ژیانی زایەندی لەنێوجەرگەی بوون و پێکەوەگرێدانی سەرفرازی بەهەندێک جووڵەی تەمومژاویەوە، بۆیە سێکس لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکاندا شتێکە دەبێ بەدواداچوون و چاودێری بۆ بکرێت و دانی پێدابنرێت و بکرێتە گوتار.
دەکرێت بەردەوام قسەی لێبکەین
کە پرسیاری لێدەکرێت لەتێزەکەیدا پێیوایە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان وەک حەرام و قەدەغە نەیانڕوانیوەتە ژیانی سێکسی و بەردەوامیش قسەیان لێکردووە، دەڵێت: (دەکرێت بەردەوام قسەی لێبکەین، باسی زۆریشی لێبکەین، بەڵام تەنها لەبواری رێگریکردندا لێی. گەرچی من جەخت لە دوو پرسی بنەڕەتی دەکەمەوە).
یەکەمیان: ئەوەیە بەخێرایی رۆشنایی خستنەسەر ژیانی سێکسی تەنها لەئاستی گوتاردا نەماوە، بەڵکو گەیشتووە بەوەی واقیعی دامەزراوەکان و رەفتارەکانیش بگرێتەوە.
دووهەم: قەدەغەکراوەکانیش زۆر و بەھێزن، بەڵام بەشێکیشن لە ئابوورییەکی ئاڵۆز کە کاریان لەسەر هەندێک ھاندان و نموونەگیری و راستکردنەوەیش کردووە. هەمیشە جەخت لە قەدەغەکان کراوەتەوە و منیش دەخوازم دیکۆرەکە ئاوەژوو بکەمەوە، بەو مانایەی لەهەموو بارەکاندا ئیش لەسەر تەواوی رێککارییەکان بکەم. خۆیشت دەزانیت من بە مێژوونووسێکی خەمبار بۆ قەدەغەکارییەکان و دەسەڵاتی سەرکوتکەر دانراوم، واتە کەسێکم هەمیشە بەدوولادا باس لە پرسەکان دەکەم: شێتی و زیندانکردنی، شازبوون و دوورخستنەوەی، تاوانکردن و دەستگیرکردنی، بەڵام کێشەکەم هەمیشە لایەکی تریشی گرتۆتەوە کە راستییە. واتە بزانین چۆن دەسەڵاتی سەپێنراو بەسەر شێتیدا گوتاری پزیشکایەتیی دەروونیی راستەقینەی بەرهەمهێنا؟ هەمان شت بۆ ژیانی سێکسییش، جارێکیتریش دەستگرتن بەو خواستی زانینەی كە دەسەڵات بەسەر سێکسدا سەپاندوویەتی. من لە هەوڵی تەواوکردنی سۆسیۆلۆژیایەکی مێژووییدا نیم لەبارەی قەدەغەکراوەوە، بەڵکو دەمەوێ مێژوویەکی سیاسی تەواو بکەم لە سۆراخی بەرهەمێکدا بێت بۆ «راستی». پرسیار دەکرێت ئاخۆ ئەم سۆراخەی شۆڕشێکی نوێ نییە لە چەمکی مێژوو و بگرە بەرەبەیانی لەدایکبوونی مێژوویەکی نوێ؟ فۆکۆ باس لەوە دەکات تاماوەیەکی زۆر مێژوونووسان پێیانوابووە توانیویانە مێژوو بۆ جەنگەکان، پاشاکان، دامەزراوەکان، بگرە بۆ ئابوورییش دابنێن، بۆیە زۆر سەرسامیشن بەوەی وافێرکراون دەتوانن مێژوو بۆ هەست و سۆزەکان، رەفتارەکان، قەبارەی تەنەکانیش دابنێن، بەڵام ئەگەر مێژووی خۆرئاوا جیابکرێتەوە لەو شێوازەی «راستی»ی پێ بەرهەم دەھێنرێت و کاریگەرییش بەجێبهێڵێت، ئەمەیان ئەو پرسەیە مێژوونووسان بەمزووانە لێی تێدەگەن و دەبێ کچانیش رۆژێک لە رۆژان ھۆشیارییان لە بارەوە هەبێت. بۆیە دەڵێت: (ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین زۆرینە بەرەو راستی دەڕۆین، واتە کۆمەڵگەیەکین گوتارێک بەرهەم دێنین خەمی سەرەکیی راستییە، یان خەڵکی وایدەبینن، بۆیە بوون بە خاوەنی دەسەڵاتێکی تایبەتیش. بەرقەرارکردنی گوتاری راستەقینە، کە گوتارێکە بەردەوام لە گۆڕاندایە، یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی خۆرئاوا، بۆیە دەبێ دەستبکەین بە دانانی مێژوویەک بۆ راستی، یان بۆ ئەو دەسەڵاتەی كە گوتارەکانی وەک راستی قبوڵ دەکرێن».
خاڵی گرنگ لەو باسەدا
فۆکۆ پێیوایە کۆمەڵگەی خۆرئاوایی بەگشتی لە نەھامەتییەکی سێکسیدا دەژی، گەرچی لە کتێبەکانیدا بەوردی باسی ئەم پرسەی نەکردووە، بەڵام روونیکردۆتەوە کە دەیەوێت دواتر لە باسی: ژن و مناڵانی لادەردا شیکارێک بۆ شێوە و مەرجەکانی ئەو نەھامەتییە بکات، بەڵام خاڵی گرنگ لەو باسەدا ئەوەیە: ئاخۆ دەکرێت بە رێگریکردن، قەدەغەکردنێکی بارمتەی دۆخی ئابووری راڤەیەکی نەرێنیی ئەو نەھامەتییە بکرێت و بەخەڵک بوترێت: (ئیش بکەن و واز لە سێکس بێنن؟)، ئایا فۆکۆ دەتوانێت لە بری راڤەی نەرێنی راڤەیەکی ئەرێنیی بۆ ئەو نەھامەتییە سێکسییە بکات؟ لەوەڵامدا باس لەوە دەکات چۆن مارکس لە شیکاریدا بۆ نەھامەتیی کرێکاران لە سیستمی سەرمایەداریدا راڤە باوەکەی رەتکردەوە، کە پێیوابووە ھۆکاری نەھامەتیی کرێکاران کەمیی کەرەستەی خاوی سروشتی یان دزی و گەندەڵییەکانە و روونیکردەوە کە ھۆکارەکە سروشتی بەرهەمهێنانە سەرمایەدارییەکەیە بە پێی ئەو یاسا بنەڕەتییانەی جگە لە نەھامەتی ھیچیتر بۆ کرێکاران بەرهەم ناھێنێت، کەواتە ھۆکاری بوونی سەرمایەداری برسیکردنی کرێکاران نییە، بەڵام بەبێ برسیکردنیشیان ناتوانێت پەرەبسەنێت، مارکس بەمجۆرە بەشیکاری بەرهەمهێنان پەردەی لەسەر دزییش هەڵدایەوە. بۆیە فۆکۆ وادەبینێت سەرباری رەچاوکردنی جیاوازی لەنێوان نەھامەتیی کرێکاران لای مارکس پەیوەند بە سیستمی سەرمایەداری لەگەڵ نەھامەتییە سێکسییەکەی هەمان کۆمەڵگەی خۆرئاوایی، پرسەکە لای ئەم بریتی نییە لە رەتکردنەوەی بوونی نەھامەتیی سێکسی و ناشیەوێت لەڕێی سەرکوتکردنەوە راڤەیەکی نەرێنیی بکات، بەڵکو گرفتەکە دەبێ قسەکردن بێت لەو میکانیزمە ئەرێنیانەی بەم شێوەیە ژیانی سێکسیی بەرهەمهێناوەو نەھامەتیی سێکسی یەکێک دەبێت لە بەرهەمەکانی. دواجار کتێبی: (خەمێک بۆ راستی» کە لە 167 لاپەڕە پێکهاتووە، سێ بەشی بریتییە لە دیمانە لەگەڵ فۆکۆ و هەندێک بیرمەند و فەیلەسوف و لەکۆی بابەتەکاندا قسە لەم بابەتانە کراوە:
یەکەم: نەبوونی فیکری ئازاد، چونکە فۆکۆ پێیوایە هەموومان هەریەکە و بەپێی کۆنتێکستی مێژوویی سەردەمەکەی لەژێر هەژموونی فیکرێکی باڵادەستداین. ئەو فیکرە باڵادەستە دژی ئەنگێزە مرۆییەکەیە، بۆیە بەلای فۆکۆوە ھۆکارە بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ مانەوەی لە بازنەی ئاسایشی خۆی و بۆ هەڵەنەکردن کاری پێدەکات.
دووەم: بابەتێکی تری کتێبەکە قسەکردنە لە ژیانی سێکسی، کە دەبێ زیاتر بۆ پاراستنی رەچەڵەکی مرۆڤایەتی بێت نەک تاکە ئامانج لێی گەیشتن بێت بەچێژ، چونکە لەسۆراخی چێژدا هەندێک لەو بەھایانە بێ ئەرزش دەبن كە پەیوەندییەکان رادەگرن لە نێوان هەردوو رەگەزدا.
سێیەم: لەهەر کوێیەک دەسەڵات هەبێت بەرەنگارییش هەیە، دەسەڵاتیش ئامرازی سەرکوتکردن و قەدەغە و حەرامکردن نییە، بەڵکو ئامرازە بۆ بەرهەمهێنانی عەقڵ و ھزرو بیر و ئاڕاستەکاری و سیاسەتەکان.چوارەم: گریکەکان جیاوازییان نەکردووە لە نێوان سێکسکردن لەگەڵ مێینەدا بێت یان مناڵی تازەپێگەیشتووی نێرینە، بەڵکو تەنها روانیویانەتە بڕی سێکسکردنەکە، ئایا تۆ کۆیلەی حەزەکانتی یان سەرداری؟ گریكەكان زۆر سێکسکردنیان بە لووتبەرزی، یان زیادەڕەوی داناوە.
پێنجەم: رۆڵی رۆشنبیر ئەوە نییە بەوانیتر بڵی دەبێ چی بکەن و نەکەن، بەڵکو کاری رۆشنبیر دووبارە پرسیارکردنە لەبەڵگەنەویستەکان و تەنگهەڵچنین بە نەریتەکان و چۆنێتیی بیرکردنەوەو لابردنی شتە مەئلووفەکان.
شەشەم: فۆکۆ پێیوایە مەعریفەی رەھا بوونی نییە و کۆتایی جیهانێکیش کۆتایی هەموو جیهانەکان ناگەێنێت.
سەرچاوە:کتێبی: «خەمێک بۆ راستی»، سایتی «مجلات علمیة و ملتقیات».