قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری
كرد لە هەولێر و لە كۆبوونەوەیەكدا جەختی لەسەر گرنگی پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار
كردەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمەل جەلال
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی سەر بە دەستەكە ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی
دۆخی ئێستای گەشتوگوزار و ئامادەكاری و پلانەكانیان بۆ چۆنێتی بەرەوپێشبردنی لە هەرێمی
كوردستان، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا: زەمینەیەكی لەبار هەیە
بۆ بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، جەختیشی كردەوە "دەبێ پلان
هەبێت تا گەشتوگوزار بكرێتە ئامرازێك بۆ زیادكردنی داهات بۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتیش،
چونكە كەرتی تایبەت دەتوانێ هاوكارێكی باش بێت بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار"،
وتیشی: یەكێك لە ئەولەویەتەكانی حكومەت پێشخستنی ئەو كەرتەیە و پلانی هەیە بۆ ئەم
بابەتە.
جێگری سەرۆك وەزیران
راشیگەیاند: دەبێ گەشتوگوزار كاربكات بۆ راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران، بۆ ئەو مەبەستەش
داوایكرد ئاسانكاری بكرێت بۆ كەرتی تایبەت تا وەبەرهێنان بكەن لە بوارەكەدا، وتیشی:
پێویستە لەسەر ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا گرنگی بدرێت بە پێگەیاندنی كادری پێویست
بۆ پەرەپێدانی ئەو كەرتە گرنگە.