والی مەعروف محەمەد، 1/7/1971 لەگوندی توڵەبی ناوچەی شەمێرانی سەر بەقەزای دەربەندیخانە لەدایکبووە، لە ساڵی -1984وە، بۆ تیپەکانی شەبابی زەمەقی و سەربەستی و زانکۆ لە شارەزوور یاریی کردووە، دواتر ساڵی 1992 تیپی شەبابی دامەزراندووە، چەند ساڵێک وەک راهێنەر و دڵی بەرگری یاریی دەکرد، بەڵام ساڵی 1994 توشی نەخۆشییەک بووە، کە بەیەکجاری وەک یاریزان وازی لە یارییکردن پێهێنا و دواتر تەنها راهێنەرایەتیی تیپی شەبابی لەقەزای شارەزوور دەکرد .
لە دیدارێکیدا لەگەڵ ستادیۆم پێی وتین؛ هاندەری یانەی بایرن میونشن -ی ئەڵمانیام و لە دڵەوە یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی و ریاڵ مەدریدی ئیسپانیشم خۆش دەوێ.
ئەوەشی خستەڕوو: دوای نەخۆشییەکەم، جگە لەوەی راهێنەریی دەکەم، سەرپەرشتیاری یانەی بەختیاریشم، لەگەڵ وەرزشەکەشدا، فەرمانبەری بانکی شارەزووریشم لە قەزای شارەزوور، ئێستاش تەنیا بەم دوو کارەوە خەریکم.
سەبارەت بە وەرزشیش بە گشتی وتی؛ ئێستا وەرزش ئەو تام و چێژەی جارانی نەماوە، مەبەستیشم وەرزشی تیپە میللییەکانە، چونکە کەس هاوکارییان ناکات، بۆیە پێویستە کاربەدەستانی حزبی و حکومی پاڵپشتی تیپە میللییەکان و وەرزشی قەزاو ناحیەکان بەگشتی بکەن، چونکە پێشکەوتنی وەرزش پێشکەوتنی وڵاتە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بە ستادیۆمی وت؛ جگە لەوەرزش حەزم لەبواری ئەدەبە و بەتایبەت حەزم لە چیرۆک و رۆمانە کوردییەکانە، لە سەروی ئەمانەشەو ئاوێزانی شیعر و هۆنراوە کوردیەکانم و خۆشم کۆمەڵێک شیعرم هەیەو کۆمەڵێک شیعری جوانم لەتەمەنی لاویدا نوسیوە، زۆر سوپاسی ڕۆژنامەکەشتان دەکەم بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە،ئەوەش راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەمیشە کوردستانی نوێ سەرمەشق و پێشەنگ بووە.