دۆڕاندنی هەڵبژاردەی عیراق بە فەلەستین و ئەنجامە خراپەكانی لە پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیادا بۆ گەیشتن بە مۆندالی ئایندە، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق-ی خستۆتە گێژاوێكی سەختەوە.
دورخستنەوەی كاساس-ی راهێنەر یان مانەوەی، كێشەیەكی تری گەورەی ئەم یەكێتییەیە، درجال-ی سەرۆك لەسەر بەردەوام بوونی سوورە، بەڵام ئەندامانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق و تەنانەت شەقامی وەرزشیی عیراق لەگەڵ بەردەوام بوونیدا نین.
وەك باس دەكرێت، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق دەبێت دوێنێ دووشەممە، كۆبوونەوەیەكی گرنگیان كردبێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانەی رووبەڕوویان بۆتەوە، لە دوا كۆبوونەوەی پێش ئەم كۆبونەوەیەدا، گرژی و ئاڵۆزی زۆر لە نێوان سەرۆك و ئەندامانی یەكێتییەكەدا دروست بووە، تەنانەت وەك باس دەكرێت كار گەیشتۆتە تووڕەبوون لە یەکتری، گۆڤەند عەبدولخالق-ی ئەندامی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق زۆر بە توندی بەڕووی درجال-دا وەستاوەتەوە و گرژی لە نێوانیاندا روویداوە.
گۆڤەند پاش تەواوبوونی دوا كۆبوونەوەی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بە كەناڵەكانی راگەیاندنی وت: ئێمە هەر لەیەكەم رۆژەوە تا ئێستا ناكۆكیمان هەیە، لەم كۆبوونەوەیەدا هێندە کێشەکان زۆر بوون، نەتوانرا باسی كێشەی راهێنەر بكەین، ئەوەی دەوترێت، لەسەر كاساس قسە کراوە، ئەوە قسەی راگەیاندنەكانە و هیچ بنەمایەكی نییە.
غالب ئەلزاملی ئەندامی یەكێتیی تۆپی پێی عیراقیش وتی: من كۆبوونەوەكەم بەجێهێشتووە، تا كۆتایی نەمامەوە، ئێستا ئەوان كۆبوونەوەكەیان بۆ رۆژی دووشەممە (واتە دوێنێ) بەكراوەیی هێشتۆتەوە.
عەدنان درجال-یش پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە، بە كەناڵەكانی راگەیاندنی وتوە؛ خۆم بە تەنیا هەموو لێپرسراوێتییەكان و كێشەكان و ئەنجامە خراپەكان لە ئەستۆی مندایە.
محەمەد ناسر ئەندامێكی تری یەكێتیی تۆپی پێی عیراق لە لێدوانێكیدا وتی: رۆژی دووشەممە مەسەلەی راهێنەر و كاساس یەكلایی دەكەینەوە، ئەو نابێت بەردەوامبێت، دەبێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر سەرجەم كێشەكان دروستبكرێت.