میركاتۆی باش گەرەنتی ئەنجامی باش نییە

10:11 - 2022-08-06
وەرزش
443 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر

لە هەر میركاتۆیەكی گواستنەوەی یاریزانان كاتێك یانەیەك چەند بۆندێك دەكات و ریزەكانی بەهێز دەكات هاندەرانی ئەو یانەیە دڵخۆش دەبن و چاوەڕێی وەرزێكی سەركەوتو و بردنەوەی نازناو دەكەن.
بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی تۆپی پێ بكەین دەگەینە ئەو راستیەی خەرج كردنی پارە و میركاتۆیەكی سەركەوتوو گەرەنتی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش و بردنەوەی نازناو نییە.
یانە هەیە تەنها لە یەك میركاتۆ 250 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردوە كەچی لە كۆتایی وەرز نەیتوانیوە هیچ نازناوێك بباتەوەو تەنانەت نەیتوانیوە سەربكەوێت بۆ چامپیۆنس لیگیش، لەبەرامبەردا یانە هەیە بەخەرجی كەم سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
لەم راپۆرتەشدا باس لە دیارترین ئەو یانانە دەكەین كە لە میركاتۆدا پارەیەكی زۆریان خەرج كردوە یاخود میركاتۆیەكی سەركەوتویان هەبووە، بەڵام لەو وەرزەدا نەیانتوانیوە سەركەوتن بنووسنەوەو وەرزێكی خراپیان بەڕێ كردوە.
راپۆرتەكە بە پاریس سان جێرمان دەست پێدەكەین كە وەرزی رابردوو میركاتۆیەكی مێژوویی کردو تیایدا كاپتنی بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید و میلانی گواستەوە ریزەكانی، بەڵام ئەو یانەیە لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ كرایە دەرەوە.
پاریس توانی لە میركاتۆی ساڵی رابردوو لیۆنێل مێسی و سێرجیۆ رامۆس و دۆنارۆما و ڤینالدۆم و ئەشرەف حەكیمی و مێندێز بگوازێتەوە ریزەكانی، بەڵام تەواوی وەرز تەنها خولی فەرەنسای بردەوە.
لە وەرزی 2017-2018 خاوەنانی میلان رایاندگەیاند دەیانەوێت میلان بەخێرایی بگەڕێننەوە ناو گەورەكان بۆ ئەو مەبەستەش بە بەهێزی چوونە ناو میركاتۆوەو 186 ملیۆن یۆرۆیان خەرج كرد، بەڵام ئەو وەرزە میلان خراپترین وەرزی بەڕێ كرد و لە پلەی شەشەم كۆتایی بە وەرز هێنا و نەگەیشتە چامپیۆنس لیگ.
لە هاوینی ساڵی رابردوش یانەی مانچستەر یونایتد بە بەهێزی چووە ناو میركاتۆ و توانی جادۆن سانشۆ و رافائێل ڤاران بگوازێتەوەو لەدواین رۆژانی میركاتۆش كریستیانۆ رۆناڵدۆی گەڕاندەوە یانەكە بەكۆی گشتیش یانەكە 140 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد، بەهۆی ئەمەش هەمووان چاوەڕوانی وەرزێكی سەركەوتوویان لە یانەكە دەكرد، كەچی لەپلەی شەشەم كۆتاییان بە وەرز هێناو لەقۆناغی 16ش ماڵئاوایی لە چامپیۆنس لیگ كرد.
ئەگەر باس لە خراپترین وەرزەكانیش بكەین لە مێژووی تۆپی پێ ئەوا وەرزی 2009-2010ی ریاڵ مەدرید لە ریزی پێشەوە دێت كە ئەو یانەیە وەكو ئامادەكاری بۆ ئەو وەرزە 258 ملیۆن یۆرۆی لە چەندین ئەستێرەی هاوشێوەی رۆناڵدۆ و كاكا خەرج كرد، بەڵام ئەو وەرزە هیچ نازناوێكیان نەبردەوە و لە قۆناغی 16شەوە ماڵئاواییان لە چامپیۆنس لیگ كرد.
دوای 10 ساڵ لەو وەرزە یانەی بارسێلۆنا هەمان هەڵەی ریاڵ مەدریدی كردەوە كە ئەو وەرزە یانەكە 298 ملیۆن یۆرۆی لە كڕینی یاریزانان خەرج كرد و بەبڕی 152 ملیۆنیش یاریزانی فرۆشتن، بەڵام یانەكە لە كۆتایی وەرز هیچ نازناوێكی نەبردەوە.
بەدووركەوتنەوە لە یانە گەورەكان باس لە یانەی فوڵهام دەكەین بۆ وەرزی 2018-2019 كە گەڕایەوە پریمەرلیگ و ئەو وەرزەش كارگێڕی یانەكە 116 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد بۆ ئەوەی ریزەكانی تیپەكە بەهێز بكات، بەڵام لە كۆتایی وەرز یانەكە لە پلەی 19یەم هات و گەڕایەوە ریزی خولی پلەیەك.
یانەی ئەرسناڵیش لە ماوەی ساڵانی رابردوو پارەیەكی زۆری خەرج كردوە بۆ گەڕانەوە بۆ چامپیۆنس لیگ و وەرزی 2016-2017ش یانەكە 113 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد، كەچی لەپلەی پێنجەم كۆتاییان بە وەرز هێنا.
یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی بە خراپترین یانەی ئینگلیزی دادەنرێت لە رووی سوود بینین لە توانا داراییەكەی و شكست ناونیشانی بۆندەكانی یانەكەبووە.
ئەو یانەیە میركاتۆ لەدوای میركاتۆ پارەی زیاتر خەرج دەكات بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ لە ریزبەندی زیاتر دوور دەكەوێتەوەو وەرزی 2020-2021 دوای خەرج كردنی 73 ملیۆن یۆرۆ لەپلەی دەیەم كۆتایی بە وەرز هێناو وەرزی رابردووش هەرچەندە پارەی زیاتری خەرج كرد كەچی لەپلەی 16یەم كۆتایی بە وەرز هێنا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان